خوێندكارانی شنگال دەستیان بە ڤاكسینی جۆری فایزەر ناگات، كە تەندروستی عیراق بۆ تەمەنی 12 ساڵ بەرەوسەر پشتی پێدەبەستێت، ئەوەش روبەڕوی مەترسی كۆرۆنا و داخستنی خوێندنگەكانیان دەكاتەوە.
بەپێی بڕیارەكانی حكومەتی فیدراڵی؛ پێویستە هەموو خوێندكاران و مامۆستایان ڤاكسین وەربگرن یان هەفتانە پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا بكەن، ئەوكات رێگەیان پێدەدرێت دەوام بكەن.
لە نوێترین هەنگاویشدا و بۆ بەرەنگاربونەوەی كۆرۆنا، وەزارەتی تەندروستی عیراق سەرەتای تشرینی دووەمی ئەمساڵ پاڵپشت بە رێنماییەكانی تەندروستی جیهانی بڕیاریدا بە كوتانی 12 ساڵ و بەرەوسەر بە ڤاكسینی جۆری فایزەر، ئەوەش هاوكات بوو لەگەڵ دەستپێكردنی ساڵی خوێندنی نوێ.
"حەزدەكەم ڤاكسین وەربگرم، بەڵام ڤاكسینی جۆری فایزەر لە شنگال نییە، بۆ جۆرەكانی دیكەش پێویستە دوای تۆماركردنی ناو بەرێگەی ئەلیكترۆنی زیاتر لە دوو هەفتە چاوەڕێ بكەم و دواتر ماوەیەكی زۆر لە سەرەدا بوەستم تا بتوانم خۆم بكوتم" ئومێد ئیبراهیم (18 ساڵ)، كچە خوێندكاری 12ی ئامادەیی خوێندنگەی كوردستان لە ناوەندی قەزای شنگال وای وت.
ئەو بە (كەركوك ناو)ـی وت تەنیا كەمتر لە 10 خوێندكاریان ڤاكسینیان وەرگرتووە، ئەوەش رێژەیەكی كەمە لەكاتێكدا مەترسی كۆرۆنا لە هەڵكشانی زیاتردایە.
وەزارەتی تەندروستی 7ی ئەم مانگە لە نوسراوێكدا هۆشداری دەدات لە سەرهەڵدانی شەپۆلی چوارەمی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەهۆی كەمی ژمارەی وەرگرانی ڤاكسینەوە.
دڵشاد عەلی، بەڕێوەبەری گشتی نەخۆشخانەی شنگال بە (كەركوك ناو)ـی وت "ماوەیەكی زۆرە ڤاكسینی جۆری فایزەر لە قەزاكە نەماوە كە زۆرینەی خەڵك داوای دەكەن، بۆیە داوای ئەو جۆرەمان لە ئیدارەی نەینەوا و حكومەتی فیدراڵی كردووە"، بێ ئەوەی هیچ وادەیەك بۆ گەیشتنی ئەو جۆرە ڤاكسینە بە شنگال ئاشكرابكات.
لە عیراق جگە لە فایزەر، دوو جۆری دیكەی ڤاكسین؛ ئەسترازێنیكا و سینۆفارم بەردەستن بەڵام زۆرترین خواست بەپێی ئامارەكانی تەندروستی لەسەر جۆری فایزەرە.
دكتۆر دڵشاد دەڵێت نزیكەی چوار هەزار كەس لە شنگال ڤاكسینیان وەرگرتووە (ژمارەی دانیشتوانی شنگال زیاتر لە 330 هەزار كەسن و بەشێكی زۆریان ئاوارەن)، لەكاتێكدا ژمارەی توشبوانی كۆرۆنا بە تایبەت لەناو خوێندكاراندا لە زیادبوندایە، ئێستاش تەنیا ڤاكسینی جۆری ئەسترازێنیكا هەیە كە خوێندكاران ئەگەر دەیانەوێت، دەتوانن سەردانی بنكەكانی كۆتان بكەن و وەریبگرن.
بەپێی ئامارەكانی تەندروستی تا 13ـی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ، زیاتر لە 509 هەزار هاوڵاتی لە تەواوی پارێزگای نەینەوا ڤاكسینیان وەرگرتووە و ژمارەی توشبوانی ڤایرۆسی كۆرۆناش گەیشتۆتە زیاتر لە 70 هەزار كەس و لەو ژمارەیە 902 كەسیان گیانیانلەدەستداوە.
نازانین سەرقاڵی خوێندن بین یان بیر لە مەترسی كۆرۆنا و چۆنیەتی دەستخستنی ڤاكسین بكەینەوە
"تائێستا نەمتوانیووە ڤاكسین وەربگرم، چونكە ڤاكسینی جۆری فایزەر نییە، ئێستاش نازانین سەرقاڵی خوێندن بین یان بیر لە مەترسی كۆرۆنا و چۆنیەتی دەستخستنی ڤاكسین بكەینەوە" زینال سەعدۆ بۆ (كەركوك ناو) وای وت، ئەو دەڵێت بەهۆی سەرقاڵی بە دەوام و خوێندنیشەوە ناتوانن بۆ وەرگرتنی جۆرەكانی دیكەی ڤاكسین رۆژانە چەندین كاتژمێر لەسەرەدا بوەستن.
ئەو كچە (19 ساڵ)ـەی خوێندكاری 12ی ئامادەیی لە خوێندنگەی جگەرخوێن-ـی شنگال پێشنیازی كرد، چەند رۆژێكی تایبەت تەنیا بۆ پێدانی ڤاكسین بە خوێندكارانی 12ی ئامادەیی تەرخانبكرێت، "ئەگەرنا توشی كۆرۆنا دەبین و خوێندنی ئەمساڵیشمان لە كیس دەچێت".
پەروەردەی گشتی نەینەوا بڕیاریداوە ئەو خوێندنگەیانەی لە قەزا و ناحیە و گوندەكاندا ئینتەرنێتیان پێناگات لە یەكشەممە تا پێنجشەممە لەناو پۆلدا دەوامبكەن و ئەوانەی كێشەی ئینتەرنێتیان نییە چوار رۆژ لەناو پۆل و دوو رۆژ بە ئۆنلاین بخوێنن، لەكاتێكدا زۆربهی ناوچهكانی شنگال (120 كم خۆرئاوای موسڵ)، دوای چهند ساڵێك له جهنگی داعش، هێشتا وێرانهی ئهو شهڕهن و كهرتهكانی خزمهتگوزاری وهك پێویسته نهخراونهتهوهگهڕ.
كەمال حەسەن خودێدا، بەرێوەبەری ئامادەیی سەركەوتن لە كۆمەڵگای بۆرك-ـی قەزای شنگال بە (كەركوك ناو)ـی وت "لە 171 خوێندكاری خوێندنگەكەمان كەمتر لە 9 خوێندكار ڤاكسینیان وەرگرتووە، بەهۆی كەمی ڤاكسین و نەبونی جۆری فایزەر، بۆ جۆرەكانی دیكەش دەبێت خوێندكار لە كاتژمێر 7ـی بەیانییەوە بچێتە سەرە و رەنگە ئەو رۆژەش ڤاكسینی بەرنەكەوێت، بۆیە خوێندكاران نازانن بچێتە سەرەی ڤاكسین یان خەریكی خوێندن و دەوامەكەیان بن".
ئەو دەڵێت فشار ناخەنە سەر هیچ خوێندكارێك بۆ وەرگرتنی ڤاكسین بەڵام رۆژ هەیە 10 خوێندكاریان داوای مۆڵەتی نەخۆشی دەكەن "ئیتر نازانین توشی كۆرۆنا بون یان هەر پەتای وەرزییە"، كەمال حەسەن پێیوایە ئەو كێشەیە هەر لە قەزاكەی ئەواندا بونی هەیە و لە ناوچەكانی تر خەڵك دەتوانێت بە ئاسانی ڤاكسینی دەستبكەوێت.
له قهزای شنگال؛ دوو پهروهرده (كوردی و عهرهبی) ههن، به ههردوكیان زیاتر له 54 ههزار خوێندكاریان ههیه و بهشێكی زۆریان هێشتا له كهمپ و ناوچهكانی ههرێمی كوردستاندا ئاوارهن.
مەیسەر حەجی، بەڕێوەبەری پەروەردەی شنگال (خوێندنی كوردی سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان) دەڵێت تەنیا ئەوان 30 هەزار خوێندكاریان هەیە كە 13 هەزاریان ئێستا لە سنوری قەزای شنگال دەخوێنن، "لەو ژمارەیەی ناو شنگال نزیكەی 300 خوێندكارمان توشی كۆرۆنا بون، بۆیە بیرمان لە داخستنی خوێندنگەكان كردۆتەوە بەڵام بۆ بڕیاری كۆتایی چاوەڕێی رێنمایی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم و عیراق دەكەین" بەوتەی حەجی بۆ (كەركوك ناو).
هەروەها جەختیكردەوە ڤاكسینی جۆری فایزەر كە تەندروستی داوایكردووە بدرێت بە 12 ساڵ بەرەوسەر لە بنكەكانی كۆتانی شنگال نییە، جۆری ئەسترازێنیكاش لە بنكەكاندا رێژەیەكی كەمی ماوە، بۆیە لەپێناو دەوامی خوێندكاراندا داوایان لە تەندروشتی شنگال كردووە ڤاكسینی پێویست بۆ خوێندنگەكان دابینبكات.
مەترسی داخستنی دەرگای خوێندنگەكان لەكاتێكدایە بەپێی بهدواداچونهكانی پێشتری (كهركوك ناو)، زۆرینهی خوێندكارانی شنگال له خوێندنی ساڵی 2020-2021ـدا به شێوازی ئۆنلاین، كهمترین كات توانیویانه بهشداری وانهكانیان بكهن، بەهۆی كێشەی كارەبا و نەبونی ئینتەرنێتی گونجاو، بهشێكیشیان بهوهۆیهوه خوێندنیان دواخست.