فەرمانگەی تەندروستی كەركوك بڕیاریداوە هەڵمەتی دەرگا بە دەرگا دەستپێبكات بۆ پێدانی ڤاكسینی دژە كۆرۆنا بە هاوڵاتیان و لەڕێی نۆ تیمی گەڕۆكیشەوە دەچێتە نێو خوێندنگە، زانكۆ و فەرمانگەكان و بڕیارە ئەوەی ئامادەنەبێت ڤاكسین وەربگرێت "لەكارەكەی یان خوێندنەكەی رادەگیرێت".
ئەو هەڵمەتە نوێیە كە بڕیارە لە هەفتەكانی داهاتووەوە دەستپێبكات، لە چوارچێوەی ئامادەكارییەكدایە بۆ روبەڕوبونەوەی "شەپۆلی چوارەمی کۆرونا"، کە بەوتەی لێپرسراوانی تەندروستی کەرکوک چاوەڕواندەکرێت لە مانگی داهاتوەوە لە کەرکوك و پارێزگاكانی تری عیراق سەرهەڵبدات.
سەباح نامیق، لێپرسراوی بەشی تەندروستی لە سەرۆکایەتی فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک بە (کەرکوک ناو)ی وت "تیمی گەڕۆکمان دروستکردووە، لە قوتابخانەکانەوە دەستپێدەکەین هەر قوتابییەک تەمەنی سەروو 12 ساڵان بێت بە ڤاكسین دەیكوتین... پاش ئەو هەنگاوە بڕیارە هەڵمەتی دەرگا بە دەرگا دەستپێبكەین، بۆ پێدانی پێکوتە بە هاوڵاتیان".
بەپێی ئامارێكی تەندروستی كەركوك، لە ئێستادا رێژەی ئەوانەی لە پارێزگای كەركوك ڤاكسینیان وەرگرتووە لەسەدا 10 تێپەڕی نەكردووە.
سەباح وتی "ئەو رێژەیە زۆر كەمە و ترسمان لا دروسبووە، ئەگەر بەو جۆرە بێت شەپۆلی چوارەم زۆر مەترسیدار دەبێت". زیاتر وتی "پێمانوایە لە خوێندنگەكان و زانكۆ و پەیمانگەكان تێكەڵبونێكی زۆر هەیە و رێژەی توشبووان زۆر بەرزدەكاتەوە".
لە خوێندنگەكان و زانكۆ و پەیمانگەكان تێكەڵبونێكی زۆر هەیە و رێژەی توشبووان زۆر بەرزدەكاتەوە
هەنگاوەكانی تەندروستی كەركوك، لەكاتێكدایە بەپێی ئامارەكانیان، رێژەی توشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە پارێزگاكە "كەمە و رۆژانە دوو كەس گیانلەدەستدەدەن"، بەڵام دەیانەوێت پێشوەختە كار بكەن بۆ كەمكردنەوەی مەترسییەکانی "شەپۆلی چوارەم".
هەر لەو چوارچێوەیەدا بڕیارە كۆمەڵێك رێكاری تر بگرنەبەر، لەوانە بڵاوكردنەوەی رێنمایی و رێكخستنی کۆمەڵێک سیمینار بە مەبەستی هۆشیاركردنەوەی خەڵك.
ئیدارەی كەركوك، لە 22ی ئابی 2021 پاڵپشت بە بڕیاری حكومەتی عیراق وەرگرتنی ڤاكسین یان پشكنینی هەفتانەی كۆرۆنای كردە مەرج بۆ دەوامی هەر فەرمانبەرێك و ئەو هاوڵاتییانەی بۆ راییكردنی مامەڵە سەردانی فەرمانگە حكومییەكان دەكەن. لەچەند رۆژی رابردوشدا جارێكی تر ئەو پرسەی وروژاندەوە.
نەبیل بوشناق، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی کەرکوک، بە(کەرکوک ناو)ی وت "بڕیاری نوێی ئیدارەی كەركوك بۆ ناچارکردنی میلاکاتی زانکۆ و قوتابخانەکان بە خۆکوتاندنیان بەڤاکسین بابەتێکی گرنگە بڕیارە هەر فەرمانبەرێک لەو میلاکاتانە ئەگەر پابەندنەبێت لەکارەکەی رابگیرێت، تا ئەوکاتەی پابەندی رێنماییەکان دەبێت، ئەوەش بۆ پارێزگاریکردن لە سەلامەتی هەمووان".
جەختیشیكردەوە كە بۆ ئەو مەبەستە نۆ تیمی گەڕۆکیان لە تەواوی پارێزگاكە هەیە، "هەر فەرمانگە، دەزگا، رێکخراو و حزبێك داوایان لێبکات، تیمەكە سەردانیان دەكات و ئاسانكارییان بۆ دەكات و ڤاكسینیان پێدەدات".