دوای تێپەڕینی زیاتر لە 22 مانگ بەسەر روداوی رفاندنیدا؛ زەنگی تەلەفۆنی هێزەكانی پێشمەرگە مژدەیەكی خۆش بە هێمن جەلال دەگەیەنێت؛ ئەو ئۆتۆمبێلە پیكابەی وازی لە دۆزینەوەی هێنابوو، بە فول بەنزین و چوار تایەی تازەوە لە داعش بەجێماوە.
ئۆتۆمبێلەكە كاتژمێر 10ـی بەیانی پێنجشەممە 9ـی كانونی یەكەمی 2021 كەوتۆتە دەست هێزەكانی پێشمەرگە، لەكاتی ئۆپەراسیۆنێكی سەربازیدا دژ بە "دەوڵەتی ئیسلامی – داعش" لە ناوچەی بەلەگەی سنوری قەزای كفری.
"كە پێشمەرگەكان تەلەفۆنیان كرد و وتیان پیكابە سپییەكەت لە ئۆپەراسیۆنەكەماندا دۆزراوەتەوە، بە قەت ئاسمان و ئەو رۆژەی چەكدارانی داعش ئازادیانكردم دڵخۆش بوم، هەر زوو مژدەی خۆشیم بە قانعی برام دا" هێمن جەلال بۆ (كەركوك ناو) وای وت.
هێمن جهلال عیسا (35 ساڵ) و قانع جهلال عیسا (33 ساڵ)، لەلایەن چەکدارانی داعشەوە ئێوارەی 1ـی شوباتی 2020، لە نێوان هەردوو قەزای کفری – دوزخورماتوو رفێنران، لەوکاتەی دەیانویست لە گوندەکەیانەوە بۆ شاری کفری بگەڕێنەوە، ئۆتۆمبێلێكی جۆری توێتا پیكاب دەبڵ-یشیان پێبوو كە چەكدارەكان ئەوكات ئۆتۆمبێلەكەیان برد.
ئەو دوو برایەی كفری، دوای 15 رۆژ لە رفاندنیان و بەپێی رێككەوتنی كەسوكاریان لەگەڵ داعش، لە بەرانبەر 70 هەزار دۆلار (حەوت دەفتەر) بۆ هەردوكیان ئازادكران، بێ ئەوەی ئۆتۆمبێلەكەیان وەربگرنەوە.
"ئۆتۆمبیلەكە بەهاوبەشی لەگەڵ براكەمدا سێ مانگ پێش ئەوەی لەلایەن داعشەوە بڕفێنرێین كڕیمان، تەنانەت دەفتەرێك دۆلاری قەرزی كڕینی ئۆتۆمبێلەكەمان لەسەر مابوو" بەوتەی هێمن.
ئەو دەشڵێت تائێستا خەریكی كۆكردنەوەی ئەو بڕە پارەیەن بۆ ئازادكردنیان لە كەسوكاریان قەرز كراوە، "سێ دەفتەر قەرزمان لەسەر ماوە، ئابوریمان خراپە و رۆژانە دەچینەوە هەمان شوێنی رفاندنمان بۆ كشتوكاڵ، بەڵام ئێستا بە ماڵ و منداڵەوە ناڕۆین و ئێوارانیش زوو دەگەڕێینەوە".
ئەو دوو برایە لەكاتی رفاندنیاندا منداڵ و ژنیان لەگەڵدا بووە كە لەلایەن داعشەوە هەرئەوكات لەسەر رێگایەكی سەرەكی بەجێهێڵراون.
سەرچاوەیەك لە هێزەكانی پێشمەرگە بە (كەركوك ناو)ـی وت "جگە لەو ئۆتۆمبێلە، دەستگیراوە بەسەر خۆراك و خواردەمەنی زۆر و گولە هاوەن و ماتۆڕسكیل و پاسكیلی بۆمبڕێژكراو و چەندین شمەكی دیكەی داعش لەكاتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكەدا".
ئۆپەراسیۆنەكە چەند رۆژێكە بەردەوامە لە ناوچە جیاوازەكانی كفری و ئیدارەی گەرمیان بە ئامانجی نەهێشتنی مەترسی داعش.
هێشتا قەرزاری ئەو پارەیەین كە لە بەرانبەر ئازادكردنماندا بۆ داعش كۆكرایەوە
"سەرەتا وامانزانی ئەو پیكابە سپییە موڵكی داعشە، دوای بەدواداچون دەركەوت ئۆتۆمبێلی ئەو دوو برایەیە كە ساڵی رابردوو رفێنران و دواتر بە پارە ئازادكران، بۆیە پەیوەندییان پێوەكرا و لە نزیكەوە ئۆتۆمبێلەكەیان بینی، بڕیارە دوای پشكنین و لێكۆڵینەوە رادەستیان بكرێتەوە" سەرچاوەكە وای وت.
هێزەكانی پێشمەرگە و ئاسایشی هەرێمی كوردستان، لە شوباتی 2020 و دوو رۆژ دوای رفاندنی ئەو دوو برایە؛ ئۆپەراسیۆنی سەربازییان لە ناوچەكەدا ئەنجامدا، بەڵام نەیانتوانی ئەوكات رفێنراوەكان بدۆزنەوە.
هێمن و قانع، چوار برا و باوکیان لە پرۆسەی ئهنفالی ساڵی 1988 بێسەروشوێنكراون.
"ئەولەویاتی ئۆتۆمبێلەكەم لامابوو، دوای تەلەفۆنەكەی پێشمەرگە بە پەلە بردم و رۆیشتم بۆ بینینی ئۆتۆمبێلەكەم، تەئكیدبومەوە ئۆتۆمبێلەكەی خۆمانە، لەدڵی خۆمدا وتم ماڵی حەڵاڵ هیچی لێنایەت" هێمن وادەڵێت.
"دەعامی پێشەوەی ئۆتۆمبێلەكە لێكراوەتەوە، دەعامی دواوەش هەڵگەڕاوەتەوە، چونكە ئەوكاتەی رفێنراین كەوتینە ناو چەمێكەوە و زیانی بەركەوت، بەڵام داعش چوار تایەی نوێیان بۆی بەستووە و فول بەنزینیشیان كردووە، پێش ئەوەی بە جێیبهێڵن".
ئەو چەكدارانەی هێمن و قانعی برای دەڕفێنن، بە كوردی، عەرەبی و توركمانی قسەیان كردووە، خۆیان سێ ئۆتۆمبێلی جۆری توێتا پیكابیان پێبووە، سەرەتاش بۆ ئازادكردنی هەردوو براكە داوای 100 هەزار دۆلاریان كردووە و دواتر لەسەر 70 هەزار دۆلار رێككەوتون.
هێمن دەڵێت ئەوكاتەی رفێنران؛ كاتژمێر 7:15 خولەكی ئێوارە بوو، لەنێوان هەردوو گوندی دوڕاجی و بەلەگ بازگەیەكی كاتی دانرابوو، نزیكەی 20 چەكدار دەبون، نەیانزانی داعشن، "دەموچاوی ئێمەیان داپۆشی، منداڵ و ژنەكانیان هەر لەوێ بەجێهێشت".
"هەر بەهۆی ئەو روداوەوە خوشكەكەم كە كاتی روداوەكە لەگەڵماندا بوو، دواتر جەڵتەی دڵ لێیدا و دوای ماوەیەك گیانی لەدەستدا، دایكیشم بەهۆی ترسی ئەو روداوە و رفاندنی ئێمەوە جەڵتە لێیداوە و دوو ساڵە لەسەر جێگایە".
هێمن و قانع دەبرێنە ناوچەی قۆری چای، روبەڕوی توندوتیژی و ئەشكەنجەی داعش دەبنەوە، دوای لێكۆڵینەوە، بژاردەی ئازادكردنیان بە پارە بۆ پێشنیاز دەكەن.
"كاتێك وتمان باری ئابوریمان خراپە، وتیان با كەسوكار پارەتان بۆ كۆبكەنەوە، ئەگەرنا لە حەوت رۆژدا دەتانكوژین".
كەسوكاری هێمن و قانع بە تەلەفۆن لەگەڵ رفێنەران بە 70 هەزار دۆلار رێكدەكەون و دوانیوەڕۆی 16ـی شوباتی 2020 لە ناو گوندی وەردەك كە دەكەوێتە نێوان گوندی دوڕاجە و ناحیەی زنانە، پارەكە بۆ داعش دادەنێن و بۆ رۆژی دواتر هەردوكیان ئازاددەكرێن.
دوای 22 مانگ لەو روداوە هێمن و قانع ئۆتۆمبێلەكەشیان دەستكەوتەوە.