تیمی نیشتیمانی هەڵدانەوەی گوڕە بە کۆمەڵەکان دەستیكرد بە هەڵدانەوەی حەوت گۆڕی بە كۆمەڵی ئێزیدییەكان لە ناوچەی حەردان لە باكوری خۆرهەڵاتی شنگال و گوماندەكرێت نزیكەی 100 روفاتی تێدابێت.
تیمەكە كە بە چاودێری نەتەوە یەكگرتووەكان كارەكانیان دەكەن، ئەمڕۆ 22ی شوبات پرۆسەكەیان دەستپێكرد.
سەباح سەمیر، لێپرسراوی راگەیاندنی نوسینگەی بابە شێخ - پێگهی بابهشێخ، بهرزترین پلهی ئایینی ئێزیدیيه و به رابهری روحی ههژماردهكرێت.- كە لە رێوڕەسمی هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكاندا، ئامادەن، بە (کەرکوک ناو)ی وت "پێش هەڵدانەوەی گۆڕەكان هەندێک رێوڕەسمی ئایینی ئەنجام دەدرێن، دواتر دەستدەکرێت بە هەڵدانەوەی گۆڕەکان... حەوت گۆڕی بە کۆمەڵ لە حەردان هەن".
وتیشی "نزیکەی 100 روفات لەناو گۆڕە بە کۆمەڵەکانی حەرداندا هەن، پرۆسەكە كاتی دەوێت و بە یەك دوو رۆژ تەواو نابێت".
شیرین خێرو، خەڵکی قەزای شنگالە و نزیکەی هەشت ساڵە لە کەمپی خانکێ لە دهۆك ئاوارەیە، دەڵێت باوك و مامەكانی و بەگشتی روفاتی 15 كەسی نزیكی لەناو ئەو گۆڕانەدان.
ئەو كە لە رێوڕەسمەكەدا بەشداربوو، بە (كەركوك ناو)ی وت "رۆژێكی ناخۆشە بۆ من، كە چاوەڕێی دۆزینەوەی روفاتی كەسوكارم دەكەم... حەوت گۆڕی بە کۆمەڵ لەناو حەرداندا هەن، ئەوەی ئەمڕۆ دەکەوێتە مەفرەقی حەردان، زۆرینەیان خزم و کەسوکاری منن".
هەڵدانەوەی یهکهم گۆڕی به کۆمهڵی ئێزیدییهکان له گوندی کۆجۆی قهزای شنگال، به بڕیاری حکومهتی عیراق له 15ی ئازاری 2019 دهستیپێکرد و تائێستا به دوو قۆناغ، نزیكهی 500 روفات له 20 گۆڕدا دەرهێنراون و لە شوباتی 2021یش روفاتی 104 ئێزیدی لە گوندی كۆجۆ بەخاكسپێردرانەوە.
خەیری عەلی، بەرپرسی ئوفیسی شنگال لە رێکخراوی ئێزیدی بۆ دۆکیومێنتکردنی بەڵگەنامەکان بە (کەرکوک ناو)ی وت "هێشتا هیچ کەسێک بە تەواوی نازانێت چەند روفات لەناو گۆڕە بە كۆمەڵەكانی حەردان-دا هەن، بەڵام ئەوەی رونە حەوت گۆڕی بە كۆمەڵ بۆ هەڵدانەوە دەستنیشانكراون".
وتیشی "هەڵدانەوەی تەواوی گۆڕە بە كۆمەڵەكان 21 رۆژی پێدەچێت".
بهپێی ئامارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هێشتا زیاتر لە دوو هەزار ئێزیدی بێسەروشوێنن و زیاتر لە دوو ههزار كەسیشیان به دهستی چهكدارانی داعش کوژراون، ئەوەش لەدوای هێرشی چەكدارانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە (داعش) لە ئابی 2014 بۆ سەر قەزای شنگال.
ههر بهپێی ئهو ئامارانه له شنگال، 80 گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە، جگە لە دەیان گۆڕی یەک کەسی، که مێژوهکانیان بۆ سهردهمی دهسهڵاتدارێتی داعش دهگهڕێتەوە.