ئارامی بۆ گوندەكانی دەوروبەری خانەقین دەگەڕێتەوە

دیاله‌/ ئاداری 2021/ چه‌كدارێكی هێزه‌ عیراقییه‌كان له‌ئۆپه‌راسیۆنێكی خانه‌قین فۆتۆ: حه‌شدی شه‌عبی

ئەمیر خانەقینی – خانەقین

فەرماندەیەكی باڵای سوپای عیراق، رایدەگەیەنێت كە لە سێ مانگی رابردودا توانیویانە ئارامی بۆ قەزای خانەقین و ناحییەكانی بگەڕێننەوە، بەتایبەت گوندەكان، بۆ ئەوەش گوندنشینان شایەدییان بۆ دەدەن.

لە سێ ساڵی رابردودا، قەزای خانەقین و ناحییەكانی، بەتایبەت گوندەكان بەدۆخێكی ئەمنی ناجێگریدا گوەزەریان دەكرد، بەردەوام هێزە ئەمنییەكان و گوندنشینان دەكرانە ئامانج، كە بەهۆیەوە بەپێی ئامارێكی (كەركوك ناو)، 12 گوند بە تەواوی چۆڵكران و گوندەكانی تریش لە شەودا ژیانی تیایدا دەوەستا.

لە ساڵی نوێدا 2022، هیچ روداوێكی توندوتیژی دیار روینەداوە، ئەوەش گوندنشینانی دڵخۆشكردووە و دەڵێن دەتوانن بە ئاسایی كشتوكاڵ و ئاژەڵداریی خۆیان بكەن.

سەلام سابیر، دانیشتوی ناوچەی گڵەی لە باكوری رۆژئاوای خانەقین، بە (كەركوك ناو)ی وت "تا چەند مانگێك لەمەوبەر ئەم ناوچەیە بەهیچ شێوەیەك ئارام نەبوو، شەوان خەڵكێكی زۆر موڵك و ماڵیان بەجێدەهێشت و دەچونە خانەقین و بە رۆژ دەگەڕانەوە... یان ئەگەر گوندەكەشیان چۆڵنەكردایە شەوان هاتوچۆ نەبوو، تەنیا مەفرەزەی هێزە ئەمنییەكان لە شەقامە سەرەكییەكاندا دەبینران".

"چەند مانگێكە ژیان بۆ ئەم ناوچەیەی ئێمە گەڕاوەتەوە، ناوچەكە جموجۆڵ و ئاوەدانی تیایە، خەڵكی بێ ترس كاری خۆیان دەكەن و هێزە ئەمنییەكان لە ئێستادا باشتر دەتوانن ژیانی خەڵكی بپارێزن"، سەلام سابیر وایوت.

چەند مانگێكە ژیان بۆ ئەم ناوچەیەی ئێمە گەڕاوەتەوە، ناوچەكە جموجۆڵ و ئاوەدانی تیایە، خەڵكی بێ ترس كاری خۆیان دەكەن

(كەركوك ناو) قسەی لەگەڵ ژمارەیەك گوندنشینی ناوچەكانی تردا كردووە و هەمویان شایەدی باشتربونی دۆخی ئەمنی ناوچەكە دەدەن.

دۆخی ئەمنی ناوچەكە لە ئێستادا لەژێر فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی دیالەدایە، كە تیایدا سوپا، پۆلیس و حەشدی شەعبی تیایدا ئەندامن.

بە گشتی لە قەزای خانەقین رۆڵی سوپا لە ئێستادا لە رۆڵی هێزەكانی تر زیاترە.

فەرماندەیەكی باڵا لە فرقەی یەكی سوپای عیراق لە دیالە، كە نەیویست ئاماژە بە ناوەكەی بكرێت، وتی "دۆخی ئەمنی خانەقین، جەلەولا و سەعدییە لە پارێزگای دیالە لە ئێستادا زۆر باشە و خەڵكی هەست بە ئارامی دەكەن، بە پێچەوانەی دوو ساڵی رابردوو... ئێمەش بۆ پاراستنیان شەو و رۆژ لە هەوڵداین".

gund-3
دیالە/ 27ی ئابی 2020/ شوێنەواری كوشتنی چوار كەس لە گوندێكی سنوری خانەقین بە دەستی چەكدارانی "داعش" فۆتۆ: ئەمیر خانەقینی

لەباری هۆكاری باشبونی دۆخی ئەمنی، ئەو فەرماندەیە وتی "هەماهەنگییەكان زیاتركراون لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی دیالە، جگەلەوەش هەماهەنگی تەواومان هەیە لەگەڵ هێزەكانی سەر بە حكومەتی هەرێم لەوانەش پێشمەرگە كە پێشتر هەماهەنگییەكە بەپێی پێویست نەبووە و ئۆپەراسیۆنی هاوبەش-یش ناوبەناو هەیە".

ئەو وتی "خاڵێكی تری باشبونی دۆخی ئەمنی، گەڕانەوەی متمانەی هێزە ئەمنییەكانە بۆ خەڵكی ناوچەكە، بۆ نمونە ئێستا پەیوەندییەكانمان باشترە و هەر شتێكی گومانلێكراو هەبێت خەڵكی ناوچەكە پەیوەندیمان پێوە دەكەن و ئاگادارمان دەكەنەوە".

خاڵێكی تری باشبونی دۆخی ئەمنی، گەڕانەوەی متمانەی هێزە ئەمنییەكانە بۆ خەڵكی ناوچەكە

لە ماوەی سێ مانگی رابردودا (كانونی یەكەمی رابردوو تا كۆتایی شوباتی ئەمساڵ) حەوت چەكداری دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام، ناسراو بە (داعش) لەو ناوچەیە كوژراون، كە یەكێكیان سەركردەی بەشی هاوەن-ی داعش بووە، ئەوەش بەپێی وتەی ئەو فەرماندەیەی سوپای عیراق.

هاوكات پێنجشەممەی رابردوو 24ی شوبات، سوپای عیراق بڵاویكردەوە كە توانویانە لە ناوچە جیاوازەكانی پارێزگای دیالە دەستبەسەر 50 گولـلە هاوەندا بگرن، كە گوماندەكەن هی چەكدارانی داعش بێت.

بە گشتی لە روداوەكانی ساڵانی رابردودا كە بەزۆری لەشەودا سوپا و گوندنشینان دەكرانە ئامانج، چەكدارانی داعش تۆمەتبار دەكران.

فەرماندەكەی سوپای عیراق، زیاتر وتی "سەرۆک ئەرکانی سوپا و وەزارەتی بەرگی، هەموو پێداویستی و کەرەستەیەكی سەربازییان بۆ دابینكردوین لە قەزای خانەقین، لەوانە چەك، كامێرای حەراری و زیادكردنی خاڵی سەربازیی"، ئەوەشی وەك خاڵێكی تری سنورداركردنی چالاكی چەكدارانی داعش ناوبرد.

ئەو وتی "نابێت پاڵی لێ بدەینەوە، راستە مەترسی داعشمان كەمكردۆتەوە، بەڵام بەردەوام ئەو رێكخراوە شانەی نوستوی هەیە و جێی مەترسین بۆ سەر خەڵك و هێزە ئەمنییەكان".

سەرچاوەیەك كە لێپرسراوێتی هەیە لە ناوەندی هەماهەنگی هاوبەشی هێزە ئەمنییەكانی هەردوو حكومەتی فیدراڵ و هەرێم لە ناوچەكە، هەماهەنگی نێوان پێشمەرگە و سوپای بە "زۆر باش" ناوبرد، بەڵام جەختیكردەوە "زانیاریی ئەوەش هەیە داعش بەردەوام لە خۆرێكسختنەوەدایە لەم ناوچەیە".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT