لە داقوقی باشوری خۆرهەڵاتی کەرکوک هیچ پاساوێك نەماوە بۆ رەتكردنەوەی كوتان؛ چەند كلینیكێكی گەڕۆك بە یاوەری تیمی تەندروستی، دەچنە دورترین ناوچەکانی نیشتەجێبون تا هاوڵاتیان بتوانن لەبەردەم ماڵەوە ڤاكسینی كۆرۆنا وەربگرن.
گوندە دورەدەستەكانی دەوروبەری قەزای داقوق، لە نێویاندا ئەو ناوچانەی دانیشتوانەكەی كاكەیین، سودمەنی سەرەكیین لە تیمە گەڕۆكەكانی پێدانی ڤاكسین.
"چەند تیمێکی گەڕۆک لە گوندە کاکەییەکان هاتووچۆدەکەن و بە ڤاكسینی كۆرۆنا خەڵك دەكوتن" بەوتەی سەعد عەباس، دانیشتوی گوندی سەید وەلەدی كاكەیی لە باشوری داقوق.
به ناوچەكانی كاكەییەوە ،كە زیاتر لە سێ هەزار هاوڵاتیی لێنیشتەجێیە؛ 14 گوندی داقوق تهنیا یهك بنكهی تهندروستی شكدەبەن كە زیاتر لە نیو سەدەیە دروستكراوە.
بنكەی تەندروستی تۆپزاوە رۆڵێكی باشی لە هاندانی هاوڵاتیاندا بینیووە تا ڤاكسین وەربگرن
"بنكەی تەندروستی تۆپزاوە رۆڵێكی باشی لە هاندانی هاوڵاتیاندا بینیووە تا ڤاكسین وەربگرن، چونكە مەترسییەكانی كۆرۆنایان بۆ خەڵك رونكردۆتەوە، ئێستا بەوهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان ڤاكسینیان وەرگرتووە" سەعد بۆ (كەركوك ناو) وای وت.
ژمارەی دانیشتوانی قەزای داقوق زیاتر لە 97 هەزار كەسن، بەڵام (كەركوك ناو) نەیتوانی هیچ ئامارێك لەسەر ژمارەی وەرگرانی ڤاكسین تەنیا لەو قەزایە دەستبخات، بەڵكو ئاماری تەواوی پارێزگای كەركوك هەیە كە تائێستا زیاتر لە 410 هەزار كەس خۆیان كوتاوە.
حسین عەلی، بەرێوەبەری بنکەی تەندروستی تۆپزاوە لە سنوری گوندەكانی كاكەیی بە (كەركوك ناو)ـی وت "لەناو بنكەكەدا تیمێكی پسپۆڕی كوتان هەیە بۆ پێدانی ڤاكسین و تیمێكی گەڕۆكیش بەردەوام بەناو گوندەكاندا دەگەڕێت بۆ ئەوەی هەر كەسێك بیەوێت ڤاكسین وەربگرێت".
لە داقوق سێ جۆر ڤاكسین لە زۆربەی بنكەكانی كوتاندا بەردەستن، ئەوانیش ئەسترازێنیكا، فایزەر و سینۆفارم.
حسێن لە ستایشی بنكەكەیاندا، دەڵێت هێندەی توانیویانە خەڵكیان لەبارەی مەترسییەكانی كۆرۆنا و پێویستی كوتانەوە هۆشیاركردۆتەوە و لەلایەن تەندروستی كەركوكەوە پێداویستییەكانیان بۆ بەرەنگاربونەوەی كۆرۆنا بۆ دابینكراوە.
ڤیدیۆ: 10 راستی دەربارەی پێكهاتەی كاكەیی
بەپێی رێكارەكانی ئیدارەی كەركوك، كە پاڵپشتە بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، وەرگرتنی ڤاكسین بۆ تەواوی فەرمانبەران و ئەو هاوڵاتییانەی رۆژانە بۆ راییكردنی مامەڵەكانیان سەردانی دامەزراوە فەرمییەكان دەكەن ناچارییە ، ئەگەرنا پێویستە هەفتانە پشكنینی كۆرۆنا بكەن و ئەنجامەكەی نێگەتیڤ بێت.
"ئەوكاتەی بەشی كوتان لەناو بنكەی تەندروستی تۆپزاوە كرایەوە، ئیتر رێگایەكی دورمان بۆ نزیكبۆوە، پێویست ناكات بچینە ناوەندی قەزاكە بۆ وەرگرتنی ڤاكسین" پەروین غالب كاكەیی، دانیشتوی گوندی عەلی سەرای وای وت.
ئەو دەڵێت ئاسانكارییەكانی وەرگرتنی ڤاكسین لە بەرچاوە و وەك جاران پێویست ناکات پێشتر سەرە بگرن.
تیمی گەڕۆک جگە لەوەی بەردەوام لە جموجۆڵدان بەرەو گوندەكان؛ هەركاتێك هاوڵاتییەك بە پاساوی گونجاو وەك نەخۆشی درێژخایەن نەتوانێت سەردانی بنكەكانی كوتان بكات، ئەوا كلینیكی گەڕۆك ڤاكسین دەباتە بەردەم ماڵەكەی.
نەوزاد محەمەد، لێپرسراوی راگەیاندنی كەرتی تەندروستی داقوق بە (كەركوك ناو)ـی وت "چەند ئۆتۆمبێلێكی كلینیكی گەڕۆكمان هەیە و تایبەتن بە گەیاندنی ڤاكسین بۆ دورترین گوندەکانی دەوربەری داقوق، ئیتر گرنگ نییە ئەو گوندە لە سنوری تاڵەبانی یان كاكەیی یاخود هەفتەغار و هەر نەتەوە و ئایین و مەزهەبێك بێت، ئێمە هیچ جیاوازییەك ناكەین لە گەیاندنی خزمەتگوزاری تەندروستی".
سەدا 70 بۆ 80ـی هاوڵاتیانی گوندەكانی دەوروبەری داقوق ڤاكسینیان وەرگرتووە
كلینیكی گەڕۆك بۆ پێدانی ڤاكسین؛ پێكهاتووە لە كابینەیەك هاوشێوەی ژور و لەسەر ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگری بچوك جێگیركراوە، هەموو پێداویستییەكانی كوتان و هەندێك چارەسەری سەرەتایی تێدایە، ئەوەش بە هاوكاری رێكخراوی تەندروستی جیهانی دابینكراوە.
"دەتوانم بڵێم تائێستا سەدا 70 بۆ 80ـی هاوڵاتیانی گوندەكانی دەوروبەری داقوق، لە نێویاندا كاكەییەكان، ڤاكسینی كۆرۆنایان وەرگرتووە" بەوتەی نەوزاد محەمەد، كە دەڵێت بەردەوام لەڕێی بڵاوكراوەی تەندروستی لە بازاڕ و شوێنە گشتییەكان و ناو كۆڵانەكاندا هانی خەڵك دەدەن بۆ وەرگرتنی ڤاكسین، جگە لە رێكخستنی كۆبونەوەی جەماوەری و ریكلامی تەلەفزیۆنی.
هاوڵاتیانی كاكەیی لە سەرەتای سەرهەڵدانی كۆرۆنا، لە ساڵی 2020ـدا، بە دەست چەندین كێشە و نەبونی خزمەتگوزاریی گشتییەوە دەیانناڵاند، لە نێویاندا خراپی كەرتی تەندروستی.
ماڵپەڕی (كەركوك ناو)، لە چوار ساڵی رابردودا گرنگی تایبەتی بە دۆسیەی كاكەیی داوە و بەردەوام بە راپۆرت و بەدواداچون دەنگی ئەو پێكهاتەیەی گەیاندووە و لە شوباتی ساڵی رابردودا، كتێبێكی بەناوی (كاكەییەكان لە سەردەمی كۆرۆنا)ـدا چاپ و بڵاوكردەوە، كە پێكهاتبوو لە 24 راپۆرتی رۆژنامەوانی بە هەردوو زمانی عەرەبی و ئینگلیزی، دەربارەی بارودۆخ و ژیانی هاوڵاتیانی کاکەیی قەزای داقوق.
تەنیا فاروق، لە كاكەییەكانی نیشتەجێی ناو كەركوكە و خۆزگە بە دانیشتوانی قەزا و ناحیەكان دەخوازێت، چونكە پێیوایە زۆر ئاسانتر دەتوانن ڤاكسین وەربگرن، "من ماوەی دوو رۆژ سەردانی بنكەیەكی ناوەندی شارم كرد تا نۆرەم بەركەوت و خۆم كوتا، بەڵام كەسوكارم لە داقوق و گوندەكان زۆر ئاسانكارییان بۆ كراوە".
نەخشە: گوندی عەلی سەرای لە خۆرئاوای ناوەندی قەزای داقوق كە دانیشتوانەكەی كاكەیین
كاکەییەکان جگه له کەرکوک، له ناوچهكانی هەڵەبجە، نهینهوا، ههولێر، خانەقین و چهند شوێنێكی تری دیاله نیشتەجێن، بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان ژمارەیان بە 100 هەزار کەس مهزندهدهكرێت.
كاكەیی؛ بە ئەهلی حەق و یارسانیش ناسراون، ئایینی تایبهت به خۆیان ههیه، بهڵام لە دەستورى عیراقدا بەفەرمى نەناسێنراوە... بهپێی یاسای مافی پێكهاتهكان له ههرێمی كورستان؛ ئایینی كاكهیی، وهك یهكێك له ئاینزاكان ههژماركراوه و دانی پێدانراوه.
"لە ناوشار رەچاوی بارودۆخی كەسانی بە تەمەن و خاوەن پێداویستی تایبەت ناكرێت بۆ وەرگرتنی ڤاكسین، وەك لە ناوچە دورە دەستەكاندا هەیە و ڤاكسینیان پێدەگانت" بەوتەی تەنیا بۆ (كەركوك ناو).
لە هەموو پارێزگای كەركوك زیاتر لە 75 بنكەی تایبەت بە پێدانی ڤاكسینی كۆرۆنا هەن.
ئەوەش لەكاتێكدایە كۆی توشبوانی كۆرۆنا لە كەركوك گەیشتۆتە زیاتر لە 89 هەزار كەس و بەوهۆیەوە هەزار و 489 هاوڵاتی گیانیانلەدەستداوە.