350 ماڵ ئاگاداردەكرێنەوە خانووەكانیان چۆڵبكەن

كەركوك/ 7ی نیسانی 2022/ گردبونەوە و خۆپیشاندانی ژمارەیەك لە هاوڵاتیانی گەڕەكی یەكی ئازار لەبەردەم دیوانی پارێزگای كەركوك. فۆتۆ: كاروان

كاروان ساڵحی – كەركوك

شارەوانی كەركوك 350 ماڵی لە گەرەكی یەكی ئازار ئاگاداركردۆتەوە لەوەی لە ماوەی سێ رۆژدا ماڵەكانیان چۆڵبكەن، چونكە بە زیادەڕۆ دروستكراون و دەكەوێتە بەر پڕۆژەیەكی رێگاوبان، بەڵام ئەو ماڵانە داواكاریی شارەوانی رەتدەكەنەوە.

ئەو ئاگاداركردنەوەیە سەرەتای هەفتەی رابردوو ئاراستەی ئەو ماڵانە كراوە و بەوهۆیەوە ژمارەیەك هاوڵاتی ئەو گەڕەكە پێنجشەممە 7ی نیسان چونە بەردەم دیوانی پارێزگای كەركوك و لە خۆپیشاندانێكدا داوایان كرد ئەو داواكارییە كاری پێنەكرێت.

نور عەلى، خاتونێكی خۆپیشاندەر بوو، بە (كەركوك ناو)ی وت "ماوەى چوار ساڵە زەوییەکەم کڕیوە، 100 مەترییە و 10 ملیۆنم پێداوە و دواتر خانوم لەسەری دروستكردووە".

وتیشی "داوامان لێدەكەن لە ماوەی چوار رۆژدا خانووەكە چۆڵبكەین، ئەمە داواكارییەكی زۆر نابەرپرسانەیە".

داوامان لێدەكەن لە ماوەی چوار رۆژدا خانووەكە چۆڵبكەین، ئەمە داواكارییەكی زۆر نابەرپرسانەیە

نور هاوژینەكەی لەدەستداوە و لەگەڵ چوار منداڵەكەیدا لەو خانووە دەژیت. داواكارە ئیدارەی پارێزگای كەركوك وەڵامی هەبێت بۆیان.

`ژنێك نەهامەتی خۆی باسدەكات لە چوارچێوەی بڕیاری ئیدارەی كەركوك بۆ چۆڵكردنی خانوو زیادەڕۆكان. ڤیدیۆ: كەركوك ناو

مەیسون رەشید بە (دایكی حەمودی) بانگیان دەكرد، یەكێكی تر بوو لە خۆپیشاندەران، وتی "دایكی چوار منداڵم و هاوژینەكەم نەخۆشە و نەشتەرگەری بڕبڕەی پشتی بۆ كراوە و لەسەر جێگەیە، خانوەكەم 85 مەترە و 10 ساڵ لەمەوبەر بە 10 ملیۆن دینار كڕیومە، دوای ئەوەندە ساڵە و راكێشانی خزمەتگوزاریی بۆ ئەم گەڕەكە، تازە بەتازە هاتون دەڵێن خانووەكان زیادەڕۆن و دەبێت چۆڵی بكەن".

فەرەیدون عادل، سەرۆكی شارەوانی كەركوك لە دوو رۆژی رابردودا وەڵامی پەیوەندییەكانی (كەركوك ناو)ی نەدایەوە، بە هەمان شێوە لێپرسراوی بەشی راگەیاندنی شارەوانی كەركوك.

ئەرشەد ساڵحی، پەرلەمانتاری بەرەی توركمانی كە سەردانی خۆپیشاندەرانی كرد لەبەردەم دیوانی پارێزگا، لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنوسان و خۆپیشاندەران، وتی "زیادەرۆیكردن بۆ سەر ئەم زەوییانە دەگەڕێتەوە بۆ پێش روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017، لەو ماوەیەدا زەوییەكان دەستاودەستیان پێكراوە و ئەم خەڵكەش خانوو یان زەوییەكانیان كڕیوە، بەڵام حكومەت مافی خۆیەتی زەوییەكانی خۆی بكاتە پڕۆژەی خزمەتگوزاری، هەتا ئەگەر خانوشیان لەسەر دروستكرابن، چونكە زیادەڕۆن".

لەبارەی كێشەی ئەو هاوڵاتییانەوە، ئەرشەد ساڵحی، وتی "كێشەی ئێوە وا بەزویی چارەسەر نابێت".

xanw-3-1-1
كه‌ركوك/ تشرینی دووه‌می 2018/ جیاكردنه‌وه‌ و دروستكردنی خانوو به‌شێوه‌ی زیاده‌ڕۆ له‌ گوندی رجێبات له‌ باشوری خۆرهه‌ڵاتی شارەکە فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كێشەی زیادەڕۆیی بۆ سەر موڵكی دەوڵەت لە كەركوك لەكاتێكدایە، ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لە تشرینی دووەمی 2019، بڕیاریدا بە تاپۆكردنی هەموو ئەو خانووانەی له‌سه‌ر زه‌وی زیاده‌ڕۆ دروستكراون لە تەواوی پارێزگاكانی عیراق. ئەوەش بەپێی خەمڵاندنی نرخی زەوییەكە و پێدانی پارەكە بە حكومەت بە شێوەی قیستی 20 ساڵ. بەڵام ئەو بڕیارە لە هیچ پارێزگایەكی عیراقدا هێشتا جێبەجێنەكراوە.

لە كەركوك و لە دوای روخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003دا دەیان هەزار خانوو بەشێوەی زیادەڕۆ دروستكراون و ناوبەناو كێشەی هاوشێوەی خانوەكانی یەكی ئازار دروستدەبێتەوە، بەبێ ئەوەش چارەسەرێكی ریشەیی بۆ بدۆزرێتەوە.

وعد محەمەد، نوێنەری خۆپیشاندەرانی ئەو گەڕەكە، بە (كەركوك ناو)ی وت "لەگەڵ پارێزگار و یاریدەدەری پارێزگاری كۆبوینەوە، ئەوان دەڵێن پڕۆژەی رێگاوبان لە شوێنی خانوەكانیان دروستدەكرێت، بەڵام لە راستیدا ئەوەی ئێمە ئاگاداربین تەنیا 29 خانوو بەر ئەو پڕۆژەیە دەكەون".

لەگەڵ پارێزگار و یاریدەدەری پارێزگاری كۆبوینەوە، ئەوان دەڵێن پڕۆژەی رێگاوبان لە شوێنی خانوەكانیان دروستدەكرێت

وەعد وتی "لە كۆبونەوەی پێنجشەممە 7ی نیسان لەگەڵ راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت، پێیوتین ئەو پڕۆژەیە بودجەى بۆ تەرخانکراوە و دەستبەكاركردن دەكرێت تیایدا، بەڵام پڕۆژەكە بە كاتی رادەگرین تا ئێوە داواكاریی قەرەبوكردنەوە دەنوسن".

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT