نرخى خۆراك و سەوزە لە بازاڕەكانی كەركوك جێگیر نییە، زۆربەی كات نرخەكە بەرزە و ئەوەش ناڕەزایی هاوڵاتیانی لێكەوتۆتەوە، بێ ئەوەی هیچ كەسێك بە گرانفرۆشییەوە دەستگیربكرێت.
بەپێی بەدواداچونەكانی (كەركوك ناو)، نرخی خۆراكی وشكە و سەوزە و میوە، لە سەرەتای مانگی رەمەزانەوە زیاتر بەرزبۆتەوە، ئەوەش بەبڕی جیاواز و بەپێی جۆری خۆراكەكە دەگۆڕێت.
"رۆژ دوای رۆژ نرخی خۆراك زیاتر دەبێت، بە هەر دوكاندارێك دەڵێیت بۆ خۆراك گرانە دەڵێت هۆكارەكەی بەرزبونەوەی نرخی دۆلارە، ناتوانیت دەست بۆ سەوزە و میوە ببەیت، هەمووی گران بووە" ئاهەنگ عەلی (43 ساڵ)، فەرمانبەر لە كەركوك بۆ (كەركوك ناو) وای وت.
نرخی یەك كارتۆن زەیتی 20 دەبەیی نرخەكەی لە رەمەزاندا گەیشتە 95 هەزار دینار، دواتر نرخەكە كەمبۆوە بۆ 65 هەزار دینار، لە كاتێكدا پێشتر بە 48 هەزار دینار بووە.
بازرگانەكان بە ئارەزوی خۆیان یاری بە نرخەكان دەكەن
هەروەها نرخی فەردەیەكی 50 كیلۆیی ئاردی سفری توركی كە پێشتر بە 39 هەزار دینار بووە لە رەمەزاندا بە 49 هەزار دینار فرۆشراوە، فەردەیەكی 25 كیلۆیی شەكریش نزیكەی 10 هەزار دینار زیادیكردووە و نرخی گەیشتۆتە زیاتر لە 26 هەزار دینار.
بەشێك لەو ماددە خۆراكییانە پێش رەمەزانیش نرخەكانیان بەرزبۆوە، بە تایبەت زەیت و ئارد، ئەوەش بەوتەی حكومەتی عیراق بەهۆی شەڕی نێوان روسیا و ئۆكرانیاوە بوو، كە دوو گەورە بەرهەمهێنەری خۆراكن لە جیهاندا.
مەلیحە محەمەد، خاوەن پێداویستی تایبەتە و لە ناو حەوشەی ماڵەكەیدا دوكانێكی بچوكی فرۆشتنی پێداویستی رۆژانەی كردۆتەوە، ئەویش لە گرانی نرخەكان ناڕازییە و دەڵێت بەشێكی بەهۆی زۆری خواستی هاوڵاتیانەوەیە لە رەمەزاندا، "خەڵك ناتوانن هەموو رۆژێك بچنە بازاڕ و فەترەی جارێك بازاڕێكی گەورە دەكەن، بۆیە بازرگانەكانیش بە ئارەزوی خۆیان یاری بە نرخەكان دەكەن".
بەرزبونەوەی نرخ تەنیا لەسەر بەرهەمی هاوردە نییە و بەرهەمی ناوخۆییشی گرتۆتەوە.
جەلیل ئەدهەم، فرۆشیاری سەوزە و میوە لە بازاڕی پەنجاعەلی بە (كەركوك ناو)ـی وت "بەپێی شوێنەكان نرخ سەوزە و میوە دەگۆڕێت، بەگشتی نرخەكان بەرزبۆتەوە، بۆ نمونە پێشتر كیلۆیەك باینجان بە 750 دینار بووە و ئێستا بە هەزار تا هەزار و 500 دینارە، یان نرخی كیلۆیەك سیر بە 500 دینار بووە و ئێستا نرخەكەی بۆتە هەزار دینار".
لە زۆربەی بەرهەمەكانی دیكەی سەوزەدا لانیكەم 500 تا هەزار دینار نرخ بەرزبۆتەوە.
"ئێمە یەخەی بازرگانەكان و هاوردەكاران دەگرین و ئەوانیش هۆكارەكەی دەگەڕێننەوە بۆ سەرانەی بازگەكان و گرانی نرخی گواستنەوەی شمەك بە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر" بەوتەی جەلیل.
(كەركوك ناو) پێشتر لە بەدواداچونێكدا بڵاویكردەوە لە بازگە سەرەكییەكانی كەركوك؛ "بە هەڕەمەكی و بێ هیچ پسوڵەیەكی رەسمی"، پارە لە بارهەڵگر و ئۆتۆمبێلی پڕ لە خۆراك و شمەكی جیاواز وەردەگیرێت، لەكاتێكدا ئەو هەنگاوە بۆ بەشێكیان نایاساییە و پێشتر گومرگ كراون، بەڵام هەندێكیش لەو بەرهەمانە قەدەغەیان لەسەرە و بە قاچاغ هاوردە دەكرێن.
حكومەت خۆی وادەكات نرخی هەندێك خۆراك بەرزببێتەوە
"حكومەت خۆی وادەكات نرخی هەندێك خۆراك بەرزببێتەوە، چونكە لە بازگەكان رێگە بە تێپەڕبونیان نادات بە پاساوی قەدەغەكردن و هاندانی بەرهەمی ناوخۆیی، بەڵام دواتر بە قاچاغ بەرهەمەكە دەهێنرێتە ناو كەركوك و بە نرخێكی گرانتر دەفرۆشرێت، ئەوەش وادەكات نرخی بەرهەمە ناوخۆییەكان بەرزببنەوە" بەوتەی وەعد سەعد، بازرگانی خۆراك لە كەركوك بۆ (كەركوك ناو).
ئەو دەڵێت هەموو رەمەزانێك نرخی خۆراك و پێداویستی لە بازاڕەكاندا بەرزدەبێتەوە، "بەڵام هیچ رەمەزانێك وەك ئێستا نەبووە، كە بەشێكیشی پەیوەندی بە بەردەوامی شەڕی ئۆكرانیا و روسیاوە هەیە".
ئیدارەی پارێزگای كەركوك، پێش رەمەزان بڕیاریدا بە چاودێریكردنی بازاڕ و هۆشداری دا ئەگەر هەر بازرگانێك بەبێ پاساو نرخ بەرزبكاتەوە، روبەڕوی رێكاری یاسایی دەبێتەوە.
هاوڕێ زەنگەنە، لێپرسراوی لیژنەكانی قایمقامیەتی كەركوك كە ئەركیان چاودێریكردنی بازاڕە بە (كەركوك ناو)ـی وت "هەر دوكاندارێك نرخی شتومەك بەرزبكاتەوە بەپێی یاسا سزا دەدرێت و هەندێكجار ئەو سزایە زیندانیشی تێدایە، بۆیە بەردەوام چاودێری بازاڕ دەكرێت تا رێگری لە بەرزبونەوەی نرخ بكرێت".
بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو) هیچ دوكاندار و بازرگانێك لەسەر بەرزكردنەوەی نرخ روبەڕوی سزا نەكراوەتەوە.
"بەگشتی لە رەمەزاندا نرخەكان زیاد دەبن، چونكە هاوڵاتیان لە ترسی ئەوەی خۆراك لە بازاڕەكاندا نەمێنێت لە سەرەتای مانگەكەوە خۆراكی زۆر دەكڕن، بەڵام هەمووی هەفتەیەك ناخایەنێت و دوای رەمەزان جارێكیتر نرخەكان كەمدەبنەوە" زەنگەنە وادەڵێت.
لیژنەیەكی چاودێری بازاڕ بە هاوكاری شارەوانی و هێزەكانی پۆلیس كاردەكەن.
عومەر مامۆ، جێگری بەڕێوەبەری ژوری بازرگانی كەركوك بە (كەركوك ناو)ـی وت "هەنگاوەكانی حكومەتی عیراق هۆكارن تا رێگری لە بەرزبونەوەی نرخەكان بكات، ئەوەش لەڕێی پلانی تەرخانكردنی بودجە لەمساڵدا بۆ پاڵپشتی ئاسایشی خۆراك و هەروەها دابەشكردنی دوو بەشە خۆراك لە رەمەزاندا".
پارێزگای كەركوك كە سنورێكی بەرفراوانی كشتوكاڵی هەیە و لە چوار قەزا پێكهاتووە، ژمارەی دانیشتوانی زیاتر لە ملیۆنێك و 726 هەزار كەسن، بەپێی خەمڵاندنی وەزارەتی پلاندانان بۆ ساڵی 2021.