مستەفا كازمی، سەرۆكی وەزیرانی عیراق بڕیاری دەستبەكاربونی نەجم جبوری، پارێزگاری نەینەوای وەكو قایمقام دەركرد، بەڵام هەمان رۆژ بڕیارەكەی بە هۆكارێكی نادیار راگرت.
ئەو بڕیارە سەرلەبەیانی 26ی نیسان دەرچووە و نوسینگەی نەجم جبوری، پارێزگاری نەینەوای لێ ئاگاداركراوەتەوە، بەڵام دوای چەند كاتژمێرێك بڕیارەكەی راگرت، ئەوەش بەپێی هەردوو جێگری پارێزگاری نەینەوا كە بۆ (كەركوك ناو) قسەیان كردووە.
بەپێی بڕیارە راگیراوەكەی سەرۆك وەزیران، "لەسەر نەجم جبوری، پارێزگاری نەینەوا پێویست كرابوو، كە سەرەڕای كارەكەی وەكو پارێزگاری نەینەوا، دەبێت هەفتەی رۆژێك لە شنگال دەوام بكات و كارەكانی قایمقام رایی بكات"، رەفعەت سمو، جێگرى پارێزگارى نەینەوا بۆ کاروبارى ئیداریی وایوت.
رەفعەت سمو، جەختیكردەوە "مەحما خەلیل، قایمقامی پێشوی شنگال، ئێستا بۆتە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و هیچ پەیوەندییەكی بە پۆستی قایمقامەوە نەماوە، هەرچی فەهد حامدە كە هەندێك بە قایمقامی شنگال ناوی دەبەن، ئەوە شەرعى نییە و تەنیا چەند هێز و لایەنێک ئەویان دەستنیشانكردووە، بەبێ ئەوەی ئیدارەی پارێزگای نەینەوا هیچ جۆرە مامەڵەیەكی لەگەڵدا بكەن".
ئیدارهی شنگال كه قایمقامهكهی مهحما خهلیل بوو له پشكی پارتی دیموكراتی كوردستان، له دوای روداوهكانی 16ی ئۆكتۆبهری 2017وه چووە ههرێمی كوردستان و نهگهڕایەوە بۆ قهزاكە. له كۆتایی 2018دا ئەنجومەنێكی كاتی، لە شنگال و لەلایەن ژمارەیەك لایەنی سیاسییەوە پێكهێنرا و فەهد حامد وەكو قایمقامی شنگال هەڵبژێردرا، بەبێ ئەوەی حكومەتی عیراق دانیپێدابنێت.
عەلى عومەر گەعبۆ، جێگری پارێزگارى نەینەوا بۆ کاروبارى رێکخراو و ئاوارەکان بە (کەرکوک ناو)ى وت "مستەفا كازمی، دوای چەند كاتژمێرێك بڕیارەكەی راگرت، جارێ دیار نییە کە ئایا بڕیارەکە بە یەکجاریی هەڵدەوەشێنرێتەوە یان ماوەیەکى تر كاری پێدەكات... بۆ ئێمەش جێگاى سەرسورمانە و نازانین چون بڕیارەکە گوڕدرا".
مستەفا كازمی، دوای چەند كاتژمێرێك بڕیارەكەی راگرت
خودێدا ئەلیاس، لێپرسراوى ئەنجومەنى خۆبەڕێوەبەری لە ناحیەى سنونێ بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەگەر خەڵک رازى بێت نەجم جبورى لە شنگال دەوام بکات ئەوا بەدڵنیاییەوە ئێمەش رازى دەبین و پێشوازى لێدەکەین".
جەختیشیكردەوە "ئێمە دژى گەڕانەوەى ئیدارى پێشوى شنگالین کە ئێستا لە دهۆک دەوام دەکەن، نامانەوێت لە ستافى ئەو ئیدارەیە کەسێک وەک قایمقامى دەستنیشانبکرێت".
ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگال، لەلایەن ژمارەیەك لایەنی ئێزیدیی و عەرەبی و پێكهاتەكانی تری شنگال دامەزراوە و به نزیك له پارتی كرێكارانی كوردستان (پهكهكه) ههژماردهكرێت، هەر ئەوانیش ئێستا بەبێ دانپێدانانی هەردوو حكومەتی فیدراڵ و هەرێم، ئیدارەی بەشێك لە قەزاكە دەدەن.
پرسی دانانی قایمقامی شنگال، لەكاتێكدایە لە ئێستادا قەزاكە بە دۆخێكی ئەمنی و ململانێی ناجێگیردا گوزەر دەكات و لە هەفتەی رابردوشدا شەڕ و پێكدادان لە نێوان هێزە ئەمنییەكانی ناوچەكە رویدا و كوژرا و برینداری لێكەوتەوە.
نەجم جبوری، بهپێی مهرسومێكی كۆماری، بە واژۆی بهرههم ساڵح له 27ی تشرینی دوهمی 2019دا بووە پارێزگاری نەینەوا، ئهوهش دوای چهند رۆژێك له ههڵبژاردنی بۆ ئهو پۆسته. ناوبراو بەر لە دەستبەكاربونی لەو پۆستە، چەند بەرپرسیارێتییەكی گرنگی وەرگرتووە، لە نێویاندا فهرماندهی ئۆپهراسیۆنه هاوبهشهكانی نهینهوا.