توركمان داوای چەكی زیاتر دەكەن
هۆشداریی لە ناكۆكی تائیفیی دەدرێت بەهۆی هێرشەكانی داعشەوە  

كەركوك/ ئایاری 2022/ هێزە ئەمنییەكان لە نزیكەوە چاودێری بارودۆخی جوتیاران دەكەن لەكاتی دروێنەدا بە ئامانجی پاراستنیان لە هێرشی داعش فۆتۆ: پۆلیسی فیدراڵی

یوسف عەلی – كەركوك

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عیراق، هێزی دیكە لە ناوچەكانی باشور و باشوری خۆرئاوای كەركوك بڵاودەكاتەوە، ئەوەش بەهۆی هێرشەكانی داعشەوە كە لێپرسراوانی ئیداریی مەترسی كاردانەوەی تائیفیی لێدەكەن و توركمانیش داوای چەكی زیاتر بۆ بەرەنگاربونەوەیان دەكەن.

لە دوایین كردەوەیاندا "دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە داعش"،  23ـی ئایاری 2022 كە هاوكات بوو لەگەڵ خۆڵبارینی چڕ، هێرشیانكردە سەر گوندی سامی عاسی سەر بە ناحیەی تازەی باشوری كەركوك، بەهۆیەوە شەش جوتیاری توركمان لەكاتی دروێنەدا كوژران و سێ ئۆتۆمبێلیان سوتێنرا.

لویس فەندی عوبێدی، قایمقامی قەزای داقوق بە (كەركوك ناو)ـی وت "داعش جگە لە كوشتنی شەش جوتیار لەكاتی دروێنەدا، بەرهەمە كشتوكاڵییەكانیشیان سوتاندون، هێرشی هاوشێوەش نوێ نییە و داعش تەنیا توركمان ناكاتە ئامانج، بەڵكو عەرەب و كورد و توركمانیش لە هێرشەكانیدا دەكاتە ئامانج".

لە چەند مانگی رابردودا چەندینجار هێرشكراوەتە سەر گوند و ناوچە جیاوازەكانی كەركوك لە نێویاندا گوندە كاكەیی و كوردنیشینەكانی قەزای داقوق، جگە لە تۆماركردنی چەندین روداوی تر لە ناوچە عەرەب نشینەكانی قەزای حەویجە.

hersh-1
كەركوك/ 23ی ئاياری 2022/ بەرگری شارستانی كەركوك لەكاتی كوژاندنەوەی ئاگر كە لە دانەوێڵەی جوتیاران كەوتبۆوە. فۆتۆ: شانەی راگەیاندنی ئەمنی

"لەو روداوەی گوندی سامی عاسی هەندێك دەیانویست بیقۆزنەوە بۆ ئەوەی تۆمەت ئاڕاستەی عەرەب بكەن گوایە ئەوان لە پشت بە ئامانجگرتنی توركمانەوەن، ئەوەش تۆمەتێكی ناڕاستە و بۆ وروژاندنی ناكۆكی تائیفییە... عەرەبیش 138 گوندیان خاپور بووە و ئەوەی عەرەب تۆمەتباردەكات هەوڵدەدات بۆ نانەوەی ناكۆكی تائیفیی و پێیدەڵێین تۆ راست ناكەیت و رێگەنادەین بە هیچ كەسێك تۆمەتی بێبنەما و تائیفیی روبەڕوی عەرەب لكاتەوە" لویس فەندی وادەڵێت.

هەروەها رونیكردەوە هەر لەم وەرزەدا روداوی ئاگركردنەوە و سوتاندنی بەرهەمی جوتیارانی گوندی عومەر بن خەتابی عەرەب نشین و گوندی زەنقری كوردی و یەنگیجە هەبووە، "ئەو بە ئامانجگرتنە عەرەب و كورد و توركمانیش دەگرێتەوە".

دۆسیەی ئەمنی ناوچەكانی باشور و باشوری خۆرئاوای كەركوك لە ژێر دەستی هێزەكانی سوپای عیراق، پۆلیسی فیدراڵی، حەشدی شەعبی لەنێویاندا حەشدی توركمانی و پۆلیسی ناوخۆییدایە، كە هەمویان لەلایەن فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی پارێزگاكەوە سەرپەرشتی دەكرێن.

ئەرشەد ساڵحی، سەرۆكی كوتلەی توركمانی لە پەرلەمانی عیراق بە (كەركوك ناو)ـی وت "پێویستە كێوماڵی بەرفراوانی ناوچەكانی تازەخورماتوو و بەشیر بكرێت، پاڵپشتی هێزەكانی حەشدی توركمانی بكرێت و زیاتر چەكدار بكرێن".

1-34
كەركوك/ 25ـی ئایاری 2022/ گەیشتنی شاندی باڵای ئەمنی لە بەغداوە بۆ كەركوك فۆتۆ: فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان

پێشتر و لە ساڵی 2020ـدا هەرسێ پێكهاتە سەرەكییەكەی كەركوك، عەرەب و كورد و توركمان داواكاری دروستكردنی لیوایەكی تێكەڵیان لە پێكهاتەكانی پارێزگاكە پێشكەشی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق كرد، بۆ پاراستنی دانیشتوانی قەزای داقوق و ناوچەكانی دیكەی باشور و باشوری خۆرئاوای كەركوك، بەڵام هیچ ئەنجامێكی نەبوو.

ساڵحی دەڵێت روداوەكەی گوندی سامی عاسی گومان دەخاتە سەر توانای هێزە ئەمنییەكان، بۆیە دەبێت كاربكرێت بۆ نەهێشتنی بۆشاییە ئەمنییەكان و هەوڵی جددی بۆ پاڵپشتی هێزەكان لە نێویاندا حەشدی توركمانی بدرێت.

چوارشەممە 25ـی ئایار شاندێكی باڵای ئەمنی بە سەرۆكایەتی فەریق روكن عەبدولئەمیر شەمەری، جێگری فەرماندەی هێزە هاوبەشەكانی عیراق سەردانی كەركوك و ناوچەی هێرشەكەی داعشیان لە ناحیەی تازە كرد و بڕیاریاندا بە گرتنەبەری رێكاری نوێ، لەنێویاندا زیادكردنی هێزی چەكدار و دوبارە بڵاوكردنەوەیان لە ناوچەكەدا.

لیوا تەحسین خەفاجی، وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عیراق بە (كەركوك ناو)ـی وت "شاندەكە لەگەڵ فەرماندە ئەمنییەكاندا كۆبونەوە و بڕیاریاندا هێز و خاڵە سەربازییەكان زیاتر بكەن و دوبارە بە ئامانجی نەهێشتنی بۆشایی ئەمنی بڵاوەیانپێبكرێت، لەڕێی بەهێزكردنی هەوڵی هەواڵگریی و ئەمنییەكانیشەوە ئەو گروپە دەستگیربكرێن و بدرێنە دادگا تا جارێكیتر زیادەڕۆیی ئاوا دوبارە نەكەنەوە".

خەفاجی جەختیكردەوە بە توندی وەڵامی ئەو گروپە دەدەنەوە و "هیچ دەرفەتێكیان بۆ هەڵاتن نابێت".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT