دادگای تاوانەكانی كەركوك، شەش ئەندامی ئەنجومەنی هەڵوەشاوەی پارێزگای كەركوكی بە بێتاوان ناوبرد لە كەیسی "نەگەڕاندنەوەی ئۆتۆمبێلەكانیان" بۆ حكومەت.
بڕیارەكەی دادگا، چوارشەممەی رابردوو 15ی حوزەیران، لە بەرژەوەندی هەریەك لە گەلاوێژ جەباری، سویتلن ئیستڤان، خەلیل ئیبراهیم، محەمەد خزر، مەعەن محەمەد و جەمال باپیر، دەكراوە كە لەلایەن داواكاریی گشتییەوە سكاڵایان لەسەر تۆماركرابوو و لەسەر نەگەڕاندنەوەی ئۆتۆمبێلەكانی ئەنجومەن.
محەمەد خزر، ئەندامی ئەنجومەنی هەڵوەشاوەی پارێزگای كەركوك و یەكێك لەو ئەندامانەی سكاڵای لەسەر بوو، بە (كەركوك ناو)ی وت "راستە دوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگا ئۆتۆمبێلەكانی ئەنجومەنمان هەر لامابوو، بەڵام مانگی حوزەیرانی رابردوو هەمومان ئۆتۆمبێلەكانمان بۆ حكومەت گەڕاندەوە، ئەوەش بە ئامادەبونی بەڕێوەبەری یاسایی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك".
وتیشی "بەڵام كێشەكە ئەوە بوو، بەڕێوەبەری یاسایی ئەنجومەن نوسراوی بۆ نوسینگەی كەركوكی دەستەی دەستپاكی نەكردبوو لەبارەی رادەستكردنەوەی ئۆتۆمبێلەكان، بەو هۆیەوە بانگهێشتی دادگا كراین". دەستەی دەستپاكی لە حوزەیرانی 2021دا سكاڵای لە دژی ئەو شەش ئەندامە تۆماركرد بەهۆی نەگەڕاندنەوەی ئۆتۆمبێلەكانیان.
كێشەكە ئەوە بوو، بەڕێوەبەری یاسایی ئەنجومەن نوسراوی بۆ نوسینگەی كەركوكی دەستەی دەستپاكی نەكردبوو لەبارەی رادەستنەكردنەوەی ئۆتۆمبێلەكان
بهپێی ماددەی 340 لە یاسای سزادانی عیراقی، كە ئەو شەش ئەندامەی پێ تۆمەتباركرابوو، هەر فەرمانبەرێك یان هەر راسپێردراوێك بە خزمەتی گشتی بە ئەنقەست زیان بە سامان و بەرژەوەندی ئەو شوێنە بگەیەنێت كە كاری تیا دەكات ئەوە سزادەدرێت بە زیندانی بۆ ماوەیەك لە حەوت ساڵ زیاتر نەبێت.
محەمەد خزر، وتی "لە دانیشتی یەکەمدا بەهۆی ئەوەی یەكێك لە ئەندامەكان نەخۆش بوو، دانیشتنەكە دواخرا، بەڵام لە دانیشتنی 15ی حوزەیراندا بێتاوان دەرچوین".
پەرلەمانی عیراق لەژێر فشاری خۆپیشاندەراندا لە كۆتایی 2019دا تەواوی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراقی هەڵوەشاندەوە (جگە لە هەرێمی كوردستان)، بەو پێبەبێت ئەو ئەندامانە ساڵێك و شەش مانگ ئۆتۆمبێلەكانی ئەنجومەنیان بۆ خۆیان بەكارهێناوە.
لە 2ی حوزیرانی ئەمساڵیش دادگای تاوانەكانی كەركوك سزای 15 ساڵ زیندانی بۆ چوار ئەندامی ئەو ئەنجومەنە دەكرد، بەپێی بەپێی ماددەی 316ی یاسای سزادانی عیراقی، كە تیایدا هاتووە "هەر فەرمانبەرێکی حکومی یان هەر کەسێک کە بۆ خزمەتێکی گشتی راسپێردراوە، ئەگەر پێگەی خۆی بقۆزێتەوە و بە شێوەیەکی نایاسایی دەستبەسەر پارە یان کەلوپەلێكدا بگرێت كە خاوەندارێتی بۆ كەسێكی تر یان دەوڵەت، یان دامەزراوەكان دەگەڕێتەوە، ئەوە بە زیندانكردن سزادەدرێت".
لە 17ی ئایاریش هەمان دادگا، سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەر رێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی پێشوی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكدا سەپاند، ئەوەش هەر بەپێی ماددەی 340ی سزادانی عیراقی.