گەنجانی ئێزیدی سەربەخۆ، گردبونەوەكانیان لە شنگال و ناحیەی سنونێ بەكاتی راگرت، ئەوەش دوای 48 رۆژ دێت لە گردبونەوەی بەردەوام كە تیایدا داوای کۆتایىهێنان بە شەڕ و ئاڵوزى و دەرچونى هەموو گروپە چەکدارەکانیان دەكرد.
دوێنێ 18ی حوزەیران، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، گروپی گەنجانی ئێزدیدی سەربەخۆ، راگرتنی گردبونەوەکانیان بەشێوەیەکی کاتی راگەیاند.
سەعد شەمۆ، ئەندامی گروپی گەنجانی ئێزدیدی سەربەخۆ، بە (كەركوك ناو)ی وت "دوای ئەوەی لە 15ی حوزەیران فڕۆکەی تورکیا بارەگای ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگالی لە ناحیەی سنونێ كردە ئامانج، وەک کاردانەوەیەک سەرۆک عەشیرەتەکانی سنونێ مۆڵەتی چەند رۆژێكیان بە یەكینەكانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە)دا تا ناحیەكە چۆڵبكەن، مۆڵەتەكە سبەی دووشەممە تەواودەبێت... ئێمە چاوەڕێی ئەوەین بزانین چی رودەدات و نامانەوێت تێکەڵ بە كێشەی ئەوان بین، بۆیە بەكاتی گردبونەوەكانمان راگرتووە".
لە 2ى ئایاری رابردووەوە گروپێك لە گەنجانی ئێزیدی لە قەزای شنگال، كە زیاتر لە 50 ئەندامیان هەیە، دەستیانكرد بە خۆپیشاندان و گردبونەوە و رۆژانە لە كاتژمێر پێنج تا شەشی ئێوارە لە ناوەندی شنگال و ناحیەی سنونێ كۆدەبونەوە و ناڕەزایی و داواكارییەكانیان بەیان دەكرد.
ئەو گەنجانە چوار داواكارییان هەیە كە خۆی دەبینێتەوە لە کۆتاییهێنان بە شەڕ و ئاڵوزى، دەرچونى هەموو گروپە چەکدارەکان لە تەواوی قەزاكە جگە لە پۆلیسی ناوخۆیی. هەروەها دانانی ئیدارەیەكی سەربەخۆ، لەگەڵ وەرگرتنی بەڵێنێكی كۆنكرێتی بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان.
سەعید شەمۆ، وتی "دوێنێ 18ی مانگ بڕیارماندا گردبونەوەكان رابگرین، 21ی حوزەیران كۆدەبینەوە بۆ ئەوەی بڕیاری كۆتایی بدەین لەوەی ئایا بە تەواوی رایبگرین، یان شێوازی ناڕەزاییەكانمان بگۆڕین"، زیاتر وتی "رەنگە یەكێك لە گۆڕانكارییەكان ئەوەبێت، دەرگای فەرمانگەکان دابخەین تا داواکارییەکانمان جێبەجێدەكرێت".
ئەوەش دوای ئەوە دێت سەرەتای هەفتەی رابردوو، 19 كەس لە ئەندامانی ئەو گروپە چونە بەغدا و لەگەڵ راوێژكاری مستەفا كازمی، ەسرۆك وەزیرانی عیراق كۆبونەوە و داواكارییەكانیان پێڕاگەیاند.
دروستبونی ئەو گروپە دوای شەڕو ئاڵۆزی نێوان سوپای عیراق و یەكینەكانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە) دێت لە ئایاری ئەمساڵدا كە بەهۆیەوە چەند كەسێك لە هەردولا كوژران و ژمارەیەكیش برینداربون، لەپاڵئەوەشدا زیاتر لە 800 خێزان ئاوارەبون.