وەرزی هاوین و گەرما؛ هێندەی دیكە ژیانی ژێر خێوەت لە ئاوارە و پەنابەران دژوارتر دەكات، چونكە بە ئاسانی بڕی پێویست ئاوی پاكیان دەستناكەوێت، لەكاتێكدا رێكخراوە مرۆییەكانیش پشتیان تێدەكەن.
بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو)، سەرەتاكانی كێشەی كەمئاوی لە سێ كەمپی ئاوارە و پەنابەرانی دهۆك بە زەقی دەركەوتووە، دوای ئةوةى رێكخراوی یونیسێف (UNICEF) كە سەرپەرشتی ئەو دۆسیەیەی دەكرد، 20 رۆژێك لەمەوبەر لەو كەمپانە كۆتایی بە كاركردن هێنا.
"خۆمان زیاتر لە ساڵێكە گرفتی كەمئاوییمان هەیە، بەڵام دوای كشانەوەی یونیسێف هێندەی تر كێشەكە گەورە بوو، ئەگەر جاران ئەو رێكخراوە بۆرییەكی شكاوی چاكبكردایەتەوە یان چارەسەری بۆ گرفتەكانی تری بەردەم گەیشتنی ئاوی پاك بە ئاوارەكان بكردایە، ئێستا كەس ئەو كارە ناكات و من چەند رۆژێك لەمەوبەر بە هەوڵ و پارەی خۆم بۆرییەكی شكاوی ئاوم چاككردەوە" رائید فاخر، ئاوارەی كەمپی ماملیان وای وت.
ئەو خەڵكی ناوچەی قەڵعەی ناحیەی باشیك-ـی نەینەوایە و لە 2015ـەوە چۆتە ئەو كەمپی ئاوارەییە لە قەزای ئاكرێی دهۆك، لە غەمی بێ ئاوی، گەرما بە تینی ژێر خێوەتی بیر چۆتەوە و ترسیی هەیە لەم هاوینەدا بەهۆی نەبونی دەستی هاوكاریی رێكخراوە مرۆییەكانەوە، زیاتر لە جاران بەدەست ژیانی ئاوارەییەوە بناڵێنن.
رائید خێزاندارە، چوار منداڵیی هەیە و لەم گەرمایەدا كە پلەی 40 سلیزی تێدەپەڕێنێت، پێویستی زۆریان بە ئاوی پاك هەیە، ئەو بە (كەركوك ناو)ـی وت رۆژانە 15 تا 20 خولەك ئاو بەردەدرێتەوە، ئەوەش زۆر كەمە و تانكییەكانیان پڕناكات، ناچارە بە دەبە لە شوێنەكانی دیكەوە ئاو دابینبكەن.
كەمپی ماملیان ئێستا 170 خێزانی تێدا دەژی كە زیاتر لە 860 كەس دەبن.
دیان جەعفەر، بەڕێوەبەری فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەكان لە دهۆك –سەر بە حكومەتی هەرێمە و سەرپەرشتی كەمپەكانی ئاوارەیی دەكەن- بە (كەركوك ناو)ـی وت "كێشەی كەمئاوی لە كەمپەكانی دۆمیزی یەك و دوی پەنابەران لەگەڵ كەمپی ماملیان هەیە، ئەوەش دوای پاشەكشێی یونیسێف دروستبوو لەو سێ كەمپە، كە سەرپەرشتی ئیدارەدانی ئاوی دەكرد".
بە هەردوو كەمپی دۆمیزی پەنابەران لە دهۆك زیاتر لە 41 هەزار كەسی تێدایە.
دلێر عەلی، ئاوارەی نەینەوایە و زیاتر لە حەوت ساڵە لە كەمپی ماملیان نیشتەجێیە، هەر لەوێ لەگەڵ یونیسێف كایكردووە و ئێستا بە خۆبەخش درێژە بە ئەركەكانی دەدات، "زیاتر لە 20 رۆژە بە خۆبەخشی ئیش دەكەم، چونكە كارەكانی یونیسێف كۆتاییهات، ئێستا لە شوێنێكی كەمپ كێشەیەك دروستبێت بە خۆبەخشی و ئەوەی لە توانا و شارەزاییمدایە هەوڵی چارەسەركردنی دەدەم، بەڵام كاری چاككردنەوە پارەی دەوێت و ناتوانم لەسەر ئەركی خۆم درێژەی پێبدەم".
ئەو دەڵێت لە كەمپی ماملیان دوو بیری ئیرتیوازی هەن و هەندێكجار لە كاتی شكانی بۆرییەكانی گواستنەوەی ئاو پێویستی زۆریان بە دەستی هاوكاری رێكخراوەكان هەیە، چونكە "ئێمەش تا سەرەتای مانگی داهاتوو بە خۆبەخشی بەردەوام دەبین و وازدەهێنین ئەگەر جێگەی یونیسێف پڕنەكرێتەوە".
یونیسێف جگە لە هاوكاری بۆ دابینكردنی سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە لە ناو كەمپەكاندا، وەك لە راگەیەندراوەكانی پێشتریدا هاتووە، ئامانجیان ئەوەیە ئاوی پاك و پێویست بە هەموو هاوڵاتییەك بگات.
داود ئەحمەد، ئاوارەی شنگالە و نزیكەی هەشت ساڵە لە كەمپی باجید كەنداڵا دەژی، ئەوانیش هەرچەندە سەرپەرشتیكردنی ئاوی كەمپەكە لای یونیسێف نەبووە، بەڵام لەگەڵ هاتنی گەرمادا روبەڕوی كەمئاوی بونەتەوە، "ئاوی پێویستمان پێناگات، لەكاتێكدا سێ بیری ئیرتیوازی هەن و كارمەندیان بۆ دانراوە، بەڵام هەرجارە گرفتێك رودەدات، وەك سوتانی ماتۆڕی سەر بیرەكان یان شكانی بۆری".
له ههرێمی كوردستان زیاتر لە 664 هەزار ئاوارە هەن و بەشێكیان لە 26 كهمپی پارێزگاكانی دهۆك، هەولێر و سلێمانی دەمێننەوە، جگە لە 10 كەمپی پەنابەران.
دیان جەعفەر دەڵێت لە هەوڵدان كۆنتڕۆڵی كێشەی ئاو لە كەمپەكانی دۆمیز بكەن، "كێشەكەی كەمپی ماملیانیش ئەوەندە گەورە نییە و لایەنە پەیوەندیدارەكان لەسەر خەتن تا چارەسەری بكەن"، ئەو لێپرسراوەی فەرمانگەی كۆچ چاوەڕێی خراپتر دەكات، چونكە رێكخراوی (UNHCR)ـیش كە سەرپەرشتی ئاوی كەمپەكانی تری ئاكرێ و بەردەڕەش دەكەن لە مانگی تەمموزدا دەكشێنەوە.
"كێشەیەكی گەورەیە و لە هەوڵداین حكومەتی عیراق بێتە سەر خەت تا هاوكاریمان بكات" دیان جەعفەر وای وت.
بەرنامەی خۆراكی جیهانی (WFP)ـیش بڕیاریانداوە بە راگرتنی ئەو هاوكارییە داراییەی مانگانە بە ئاوارەی كەمپەكانی هەرێمی كوردستانیان دەبەخشی.
جگە لە نەینەوا، تەواوی كەمپەكانی دیكەی پارێزگاكانی عیراق داخراون و دانیشتوانەكانیان بۆ زێدی خۆیان گەڕێنراونەتەوە، جگە لە كەمپەكانی هەرێمی كوردستان كە بەپێی لێكتێگەیشتنێك لەگەڵ حكومەتی هەولێر ماونەتەوە و ئاوارەكانیش زۆرینەیان بەپاساوی نەبونی سەقامگیریی ئەمنی و خزمەتگوزاری و وێرانكاریی شەڕ نایانەوێت بگەڕێنەوە.