كـچـانی ئـاوارەی شاریا دەبنە نــانەوا

دهۆك/ حوزەیرانی 2022/ لە دەستەڕاستەوە؛ شیرین حەسۆ (25 ساڵ)، مەیسا موراد (19 ساڵ) و سوزان ئەلیاس (28 ساڵ) لەبەردەم نانەوایەكی كۆمەڵگەی شاریا فۆتۆ: عەمار عەزیز

عەمار عەزیز – دهۆك

لانيكەم 20 ئافرەتی ئاوارە، لە حەوت نانەوا و فڕنی كۆمەڵگەی شاریا كاردەكەن، تا بژێویی خۆیان و خێزانەكانیشیان دابینبكەن.

ئەو كۆمەڵگەیە دەكەوێتە قەزای سێمێل-ـی پارێزگای دهۆك، جگە لە كەمپێكی ئاوارەیی كە زیاتر لە دوو هەزار و 300 خێزانی تیادا نیشتەجێیە، لە دەوروبەری كەمپەكەش دەیان خێزانی ئاوارە یان خێوەتیان هەڵداوە یان بە كابینە شوێنی مانەوەی كاتییان بنیاتناوە.

 

خوێندكار و كرێكار

"هەموو نانەواخانە و فڕنەكانی كۆمەڵگەی شاریا لەلایەن كچان و ژنانی ئاوارەی شنگالەوە بەڕێوەدەبرێن؛ لە هەر فڕن و نانەواخانەیەكدا دوو بۆ چوار ژن كار دەكەن" شیرین حەسۆ قاسم (25 ساڵ) وای وت.

ئەو كچە، چوار مانگە لە نانەواخانەیەكی شاریا دەستی بەكاركردن كردووە، لەگەڵ ئەوەشدا، بەردەوامی بە خوێندنەكەی دەدات.

zhnani awara 6 (3)
دهۆك/ حوزەیرانی 2022/ شیرین حەسۆ نان بۆ كڕیارێك جیادەكاتەوە فۆتۆ: عەمار عەزیز

شیرین بە (كەركوك ناو)ـی وت "خەڵك زۆر رێز لە ئێمە دەگرن، لەكارەكانمان رازین و ئێمەش زۆر پاكوخاوێنی شوێنی كاركردن رادەگرین، ئەوانەی نان لای ئێمە دەبەن زۆرینەیان ئاوارەكانن لەگەڵ دانیشتوانی خۆجێی كۆمەڵگەی شاریا"، ئەو و خێزانەكەی خەڵكی خانەسۆری شنگالن لە خۆرئاوای نەینەوا و چەند ساڵێكە ئاوارەی دهۆك بون.

بەپێی ئامارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر لە 81 هەزار خێزانی ئاوارە لە دەرەوەی كەمپ جێگیربون و زیاتر لە 34 هەزار خێزانیش لە 26 كەمپی هەرێمی كوردستان دەژین.

 

وازهێنان لە خوێندن

مەیسا موراد (19 ساڵ)، بە چەند هۆكارێك لە نێویاندا هاوكاریكردنی خێزانەكەی بۆ دابینكردنی بژێوی، وازی لە خوێندن هێناوە و كاردەكات، بەڵام لەمساڵدا بڕیاریداوە بەشداری تاقیكردنەوەی دەرەكی بكات.

"ئێمە حەوت خوشكین، باوكم ناتوانیت ئیش بكات و دایكیشم نەخۆشە، ئیشەكەی ئێمە تا بڵێی قورس و ناخۆشە، بەڵام ناچارین، ئەو پارەیەی كە وەریدەگرم بۆ خەرجی خێزانەكەمە" مەیسا بۆ (كەركوك ناو) وای وت.

ئەو خەڵكی كۆمەڵگای سیبا شێخدری شنگالە و نزیكەی هەشت ساڵە لە كەمپی شاریا لەگەڵ خێزانەكەی دەژی.

zhnani awara 6 (17)
دهۆك/ حوزەیرانی 2022/ لە دەستەچەپ: مەیسا موراد لەكاتی نان كردندا فۆتۆ: عەمار عەزیز

"رۆژانە نزیكەی 15 كاتژمێر كاردەكەم، لە كاتژمێر 4:30 خولەكی بەیانییەوە تا ئێوارە 11 هەزار و 500 دینارم دەستدەكەوێت".

مەیسا دەڵێت لە رۆژێكدا چوار فەردە ئارد دەكەن بە نان و هەر فەردەیەكیش نزیكەی 750 نانی لێدەردەچێت.

ئێزیدییەكانی شنگال جگە لە ئاوارەیی؛ بەشێكیان روبەڕوی كوشتن و رفاندن بونەوە، بەپێی ئامارەكانی حكومەتی هەرێم هێشتا لە كۆی شەش هەزار و 417 رفێنراوی ئەو پێكهاتەیە زیاتر لە دوو هەزار و 700 كەس چارەنوسیان نادیارە.

 

لە شوانییەوە بۆ نانەوایی

"لە تەمەنی 10 ساڵییەوە كاری دەرەوە دەكەم، لە كاری ناوباخ و شوانی مەڕو ماڵاتەوە تا نانەوایی" سوزان ئەلیاس (28 ساڵ) وادەڵێت.

ئەو بە (كەركوك ناو)ـی وت لە گوندی سولاغ-ـی شنگالەوە ئاوارەی دهۆك بووە، دوای چەند ساڵێك لە بێكاریی، لە تەمموزی ساڵی رابردووەوە لە نانەواخانەیەكی شاریا دەستی بەكاركردن كردووە.

zhnani awara 6 (12)
دهۆك/ حوزەیرانی 2022/ لە دەستەڕاستەوە؛ سوزان و مەیسا لەكاتی وەرگرتنی پشوودا فۆتۆ: عەمار عەزیز

سوزان، حەوت خوشك و سێ برای هەیە، نەچۆتە بەر خوێندن، چونكە بەردەوام سەرقاڵیی كاركردن و هاوكاریكردنی خێزانەكەی بووە لە دابینكردنی بژێویدا، "هاوكارییەكانیش بۆ ئاوارە كەمبونەتەوە و ژیان زۆر قورس بووە، بۆیە ئەگەر كار نەكەین ناتوانن پێداویستی رۆژانەمان دابینبكەین".

لە چەند هەفتەی رابردودا بەرنامەی خۆراكی جیهانی (WFP) بڕیاریدا بە راگرتنی ئەو هاوكارییە داراییەی مانگانە بە ئاوارەی كەمپەكانی هەرێمی كوردستانیان دەبەخشی.

"لەو نانەواخانەكەی ئێمەدا رۆژانە لانیكەم سێ هەزار نان دەكرێت؛ كارێكی قورسە، بەڵام دڵخۆشم رۆژانە بڕێك پارە بۆ خێزانەكەم دابیندەكەم" سوزان ئەلیاس وای وت.

جگە لە نەینەوا، تەواوی كەمپەكانی دیكەی پارێزگاكانی عیراق داخراون و دانیشتوانەكانیان بۆ زێدی خۆیان گەڕێنراونەتەوە، جگە لە كەمپەكانی هەرێمی كوردستان كە بەپێی لێكتێگەیشتنێك لەگەڵ حكومەتی هەولێر ماونەتەوە و ئاوارەكانیش زۆرینەیان بەپاساوی نەبونی سەقامگیریی ئەمنی و خزمەتگوزاری و وێرانكاریی شەڕ نایانەوێت بگەڕێنەوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT