فەرمانگەی لێكۆڵینەوەكانی دەستەی نەزاهەی فیدراڵی، وردەكاریی بڕیاری 15 ساڵ زیندانی بۆ چوار ئەندامی پێشوی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بڵاودەكاتەوە و دەڵێت "پۆستەكانیان بەكارهێناوە بۆ دەستبەسەراگرتنی ماڵ و موڵكی دەوڵەت"، لە نێویاندا نەگەڕاندنەوەی ئۆتۆمبیلی دیوانی پارێزگا.
دەستەی نەزاهە لە بەیاننامەیەكدا ئەمڕۆ یەكشەممە 3ی تەمموز، بڵاویكردەوە "دادگای تاوانەكانی كەركوك، حوكمی غیابی 15 ساڵ زیندانی بەسەر چوار ئەندامی پێشوی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكدا سەپاندووە، ئەوەش لەسەر دۆسییەی دەستبەراگرتنی ئۆتۆمبێلی حوكمی كە لەكاتی ئەندانمێتیاندا پێیانبووە و موڵكی دیوانی پارێزگای كەركوكە، بەڵام دوای كۆتایهاتنی ئەركەكەیان لە ئەنجومەنی پارێزگا ئامادەنەبون ئۆتۆمبێلەكانیان رادەستبكەنەوە".
پەرلەمانی عیراق لە كۆتایی 2019 ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەڵپەسارد، ئەوەش دوای هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكان و لەوكاتەوە ئەنجومەنەكان كارەكانیان هەڵپەسێردراوە و ئەندامەكانی چونەتە ماڵەوە.
دەستەی نەزاهە رونكردنەوەی زیاتر دەدات لەسەر تاوانباركردنی ئەو چوار ئەندامە و هاتووە "دادگا دوای وردبینی بۆ بەڵگەنامەكان و وتەی نوێنەری یاسایی دیوانی پارێزگای كەركوك و دۆسییەی تۆماركردن و پێدانی ئۆتۆمبێلەكان بەو ئەندامانەی ئەنجومەن، بەپێی ماددەی 316 لە یاسای سزادانی عیراقی 15 ساڵ زیندانی بۆ هەر یەكێكیان دەركرد".
بەپێی ماددەی 316، هەر فەرمانبەرێکی حکومی یان هەر کەسێک کە بۆ خزمەتێکی گشتی راسپێردراوە، ئەگەر پێگەی خۆی بقۆزێتەوە و بە شێوەیەکی نایاسایی دەستبەسەر پارە یان کەلوپەلێكدا بگرێت كە خاوەندارێتی بۆ كەسێكی تر یان دەوڵەت، یان دامەزراوەكان دەگەڕێتەوە، ئەوە بە زیندانكردن سزادەدرێت.
ئەو چوار ئەندامە، لە 2ی حوزەیرانی ئەمساڵ بڕیارەكەیان بەسەردا سەپێنراوە و پێكهاتون لە پەروین محەمەد (كورد)، عرفان كەركوكلی (توركمان)، ریاز محەمەد (عەرەب)، ئەدوارد ئەوراهان ئەدیشۆ (كریستیان)، بەپێی بڕیارەكەی دادگا.
هەر چواریان سەر بە لیستی برایەتی كەركوكن، ئەو لیستە یەكێتی و پارتی سەرۆكایەتیان دەكرد و تێكەڵەیەك بوو لە ئەندامانی نەتەوەكانی كەركوك.
ئەو چوار ئەندامە لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە – گەڕانەوەی هێزە عیراقییەكان بۆ كەركوك-، ئەو پارێزگایەیەان بەجێهێشتووە و لە هەولێر دەژین. بەو هۆیەوە بەشداریی كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی پارێزگایان نەكرد.
لەكاتی دەركردنی بڕیارەكەدا لە سرەتای مانگی رابردوو، عرفان كەركوكلی، یەكێك لەو كەسانەی 15 ساڵ زیندانی بۆ دەكراوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "بڕیارەكەی دادگا تەواو سیاسییە، ئامانجیان تەنیا ئەوەیە بۆ كەركوكمان بگەڕێننەوە، ئەمەش خەونێکە، چونکە ئامادەنین ملکەچی ئەوان بین و لەو شارە پێشێلكاریی ئەمنی و سیاسی دەكرێت".
دەستەی نەزاهە دەڵێت "دادگا فەرمانی دەستگركردنی بۆ دەركردون، هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكانی راسپاردووە رێگریی بكەن لە گەشتی ئەو چوار ئەندامە بۆ دەرەوەی عیراق"، لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی پارە و سامانی گواستراوە و نەگواستراوەیاندا.
هەروەها دادگا مافی بە لایەنی زەرەرمەند (دیوانی پارێزگای كەركوك)داوە لەڕێی دادگای مەدەنییەكانەوە داوای قەرەبووبكات.
دادگای تاوانەكانی كەركوك، هەر لە مانگی حوزەیراندا شەش ئەندامی ئەنجومەنی پێشوی پارێزگای كەركوكی بە بێتاوان ناوبرد لە كەیسی "نەگەڕاندنەوەی ئۆتۆمبێلەكانیان" بۆ حكومەت.