پۆلیسی نەینەوا: بكوژی چالاكوانی مەدەنی جەمیل سلێمان دەستگیركرا

شنگال/ ئایاری 2022/ جەمیل سلێمان كەسی یەكەمی وێنەكە لە دەستەڕاستەوە. لەكاتی بەشداریكردنی لە خۆپیشاندانەكانی دژی شەڕ و داواكردن بۆ دەركردنی هێزە ئەمنییەكان لە ناوەندی ناحیەی سنونێ. فۆتۆ/ تایبەت بۆ (كەركوك ناو) نێردراوە.

كەركوك ناو

پۆلیسی پارێزگای نەینەوا، دەستگیركردنی "بكوژی" چالاكوانی ئێزیدی جەمیل سلێمان-ی راگەیاند، كە لە 30ی حوزەیرانی رابردوو لە نزیك ناحیەی سنونێ سەر بە قەزای شنگال كوژرا. جەمیل یەكێك بوو لەو چالاكوانانەی كە داوایدەكرد هەموو هێزە ئەمنییەكان لە شنگال دەربچن، جگە لە پۆلیسی ناوخۆیی.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای نەینەوا ئێوارەی 14ی تەمموز لە راگەیەنراوێكدا جەختیكردەوە، "دوای پێکهێنانی تیمێك لە ئەفسەرانی شارەزا و لێكۆڵینەوە و بەدواداچونی بەردەوام، بە هاوكاری لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی پزیشکی دادوەریی و بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی تاوان، توانرا بكوژەكە دەستگیربكرێت".

جەختیشیكردەوە لەوەی "بكوژ لە هەمان ناوچەی كە هاوڵاتییەكەی لێ كوژراوە، دەستگیركراوە،  لە لێكۆڵینەوەكانیشدا دانیبەتاوانەكەیدا ناوە"، بەبێ ئەوەی هیچ رونكردنەوەیەك لەسەر هۆكار و پاڵنەری كوشتنەكەوە بڵاوبكەنەوە.

bkuzh
"بكوژی" جەمیل سلێمان، چالاكوانی ئێزیدی، بەپێی پۆلیسی نەینەوا

جەمیل سلێمان (40ساڵ)، چالاكوانی ئێزیدی، تەرمەكەی لە 30ی حوزەیران لەنێو خانویەكی تەواونەكراودا لە دەرەوەی ناحیەی سنونێ لە شنگال دۆزرایەوە و چەند گولـلەیەك بە جەستەیەوە بووە.

گروپی گەنجانی ئێزیدی سەربەخۆ، كە جەمیل یەكێك بوو لە ئەندامەكانی، لە 2ى ئایاری رابردووەوە لەڕێی خۆپیشاندانی بەردەوامەوە لە شنگال و ناحیەی سنونێ داوای جێبەجێكردنی چوار داواكارییان كرد، لەوانە کۆتاییهێنان بە شەڕ و ئاڵوزى، دەرچونى هەموو گروپە چەکدارەکان لە تەواوی قەزاكە جگە لە پۆلیسی ناوخۆیی، دانانی ئیدارەیەكی سەربەخۆ، لەگەڵ وەرگرتنی بەڵێنێكی كۆنكرێتی بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان. بەڵام بەر لە كوشتنی جەمیل گروپەكە بەكاتی كارەكانیان راگرت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT