چالاكوانێكی ئێزیدی كوژرا
لەگەڵ گروپێكدا داوای راگرتنی شەڕ و دەركردنی هێزە ئەمنییەكانیان دەكرد

شنگال/ ئایاری 2022/ جەمیل سلێمان كەسی یەكەمی وێنەكە لە دەستەڕاستەوە. لەكاتی بەشداریكردنی لە خۆپیشاندانەكانی دژی شەڕ و داواكردن بۆ دەركردنی هێزە ئەمنییەكان لە ناوەندی ناحیەی سنونێ. فۆتۆ/ تایبەت بۆ (كەركوك ناو) نێردراوە.

عەمار عەزیز – نەینەوا

جەمیل سلێمان (40ساڵ)، چالاكوانی ئێزیدی، تەرمەكەی لە نێو خانویەكی تەواونەكراودا لە دەرەوەی شنگال دۆزایەوە و چەند گولـلەیەك بە جەستەیەوە بووە. جەمیل ئەندامی چالاكی ئەو گروپە بوو كە داوایاندەكرد هەموو هێزە ئەمنییەكان لە شنگال دەربچن جگە لە پۆلیسی ناوخۆیی.

جەمیل سلێمان، نیوەڕۆی پێشنجەشەممە 30ی حوزەیران، لە ماڵی خۆیان لە ناحیەی سنونێ لە شنگال چۆتە دەرەوە و پاشنیوەڕۆی هەمان رۆژ تەرمەكەی لەلایەن پۆلیسی قەزای شنگالەوە لە نزیك كۆمەڵگەی دهۆڵا هەڵگیرایەوە.

سەعید شەمۆ، ئەندامى گروپى گەنجانى ئێزیدى سەربەخۆ و كوڕی خاڵی جەمیل سلێمان، بە (كەركوك ناو)ی وت "جەمیل زیانى بۆ هیچ کەسێک نەبوو، ئەوەندەی خزمەتی ئێزیدییەکان و دۆسییەى شنگالی دەکرد، ئەوەندە خزمەتی ماڵى خۆى نەدەکرد... دەمەوێت رایبگەیەنم كە پێشتر گروپەكانی نزیك لە یەكینەكانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە) هەڕەشەیان لە گروپی گەنجانی ئێزیدی سەربەخۆ كردووە و بەدڵنیاییەوە ئەویش هەڕەشەی لێكراوە، بەڵام ئێمە جارێ نازانین كێ جەمیلی كوشتووە".

وتیشی "ئاسایشی نیشتیمانی شۆفێری جەمیل سلێمانیان دەستگیركردووە و لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا دەكەن، یەبەشە پێشتر ئێمەیان بەوە تۆمەتبار دەكرد كە هاوكاریی دەوڵەتی توركیا دەكەین لە بۆردومانكردنی شنگالدا، بۆ ئەوەش پێیانوتوین كە لێكۆڵینەوە لەگەڵ هەموو گروپەكە دەكەین".

ئاسایشی نیشتیمانی شۆفێری جەمیل سلێمانیان دەستگیركردووە و لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا دەكەن

گروپی گەنجانی ئێزیدی سەربەخۆ، لە 2ى ئایاری رابردووەوە لەڕێی خۆپیشاندانی بەردەوامەوە لە شنگال و ناحیەی سنونێ داوای جێبەجێكردنی چوار داواكارییان كرد، لەوانە کۆتاییهێنان بە شەڕ و ئاڵوزى، دەرچونى هەموو گروپە چەکدارەکان لە تەواوی قەزاكە جگە لە پۆلیسی ناوخۆیی، دانانی ئیدارەیەكی سەربەخۆ، لەگەڵ وەرگرتنی بەڵێنێكی كۆنكرێتی بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان.

گروپەكە زیاتر لە 50 ئەندامیان هەیە و لە 19ی حوزەیران خۆپیشاندانەكانیان راگرت.

jameel.sleman
شنگال/ ئایاری 2022/ جەمیل سلێمان كەسی دووەمی وێنەكە لە دەستەچەپەوە، لەكاتی بەشداریكردنی لە خۆپیشاندانەكانی ناحیەی سنونێ. فۆتۆ: تایبەت بۆ (كەركوك ناو) نێردراوە.

خودێدا ئەلیاس، لێپرسراوى ئەنجومەنى خۆبەڕێوەبەری لە ناحیەی سنونێ– یەبەشە لەژێر چەتری ئەم ئەنجومەنەدایە-، لەبارەی تۆمەتباركردنی یەبەشە بە هەڕەشەكردن لە ئەندامانی گروپەكە لەڕێی گروپی نزیك لە خۆیانەوە، وتی "دور و نزیک هیچ پەیوەندیمان بە کوژرانى ئەو کەسەوە نییە، هەڕەشەشمان لە هیچ كەسێك نەكردووە، تەنیا ئەوە دەڵێین ئەو گروپە کە خۆیان بە سەربەخۆ دەزانن، سەربەخۆ نین، ئەو رۆژەى فڕۆکەى تورکیا بارەگانى ئەنجومەنی سنونێی بۆردومانكرد ئەو گروپە لە هەولێر بون"، بەبێ ئەوەی رونكردنەوەی تر لەسەر ئەو قسانەی بدات.

تەنیا ئەوە دەڵێین ئەو گروپە کە خۆیان بە سەربەخۆ دەزانن، سەربەخۆ نین

جەمیل سلێمان (40ساڵ)، خاوەنی دوو منداڵە و لە هێزی پاسەوانی سنور سەر بە حكومەتی فیدراڵ دەوامدەكات. هاوكات بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی ماڵی ئێزیدیانە، كە دامەزراوەیەكی ئایینی و كۆمەڵایەتییە و هاوكاری هەژاران و قوربانیانی شەڕ دەكەن و ناوبەناو راگەیەنراویان لەبارەی دۆخی شنگالەوە هەیە.

سەرچاوەیەکى باڵا لە پۆلیسی شنگال، كە لەبەر هەستیاری بابەتەكە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "جەمیل شوێنەواری چەند گولـلەیەكی پێوەبوو، تەرمەكەی لە خانویەكی تەواونەكراودا لە نزیك كۆمەڵگەی دهۆڵا سەر بە قەزای شنگال هەڵگیرایەوە... بكەرانی هێشتا دیار نین، بەڵام لە لێكۆڵینەوەكانمان بەردەوامین...".

كۆمەڵگەی دهۆڵا نزیكەی 17كم دورە لە ناحیەی سنونێ، شوێنی نیشتەجێ بونی جەمیل سلێمان.

"ئەوەندەی ئێمە دەزانین ئەو یەکێک بوو لە ئەندامانى گروپى گەنجانى ئێزیدى سەربەخۆ و لەگەڵ هاورێیەکاندا داواى دەرکردنى هەموو هێزە چەکدارەکانیان لە سنورى قەزاى شنگال دەكرد". سەرچاوەكە وایوت.

snjar 2022 (4)
شنگال/ ئایاری 2022/ گروپێك لە گەنجانی ئێزیدی لە ناوەڕاستی شنگال كۆبونەتەوە و داوای جێبەجێكردنی چوار خاڵ دەكەن فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو

بەپێی ئاماری پۆلیسی شنگال، لە ساڵی 2022دا چوار كەسی مەدەنی بە چەك و هاوشێوەی جەمیل سلێمان كوژراون.

جەلال کەمال، ئەندامێكی تری گروپەكە، بە (كەركوك ناو)ی وت "جەمیل سلێمان هیچ قسەیەکى هەڵەی  لە دژى هیچ گروپ و هێزێکى سیاسى نەکردووە، ئەوەى ئەو وتویەتی قسەى هەموو ئەندامانى گروپەکەیە  کە داواى دەكرد شەڕ لە شنگال رابگیرێت و هەموو هێزە چەکدارەکان بچنە دەرەوەی شنگال".

لە هەفتەی دووەمی مانگی حوزەیران، 19 كەس بە نوێنەرایەتی گەنجانی ناڕازیی شنگال بۆ گەیاندنی داواكارییەكانیان سەردانی بەغدایان كرد، تا لەڕێی لێپرسراوانی حكومەتی فیدراڵییەوە بڕیار بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان دەربكرێت.

"کوژرانى ئەو هاوڕێیەمان نیشانەی ئەوەیە شنگال ئارام نییە"، زیاتر وتی "بەدڵنیاییەوە مەترسى بۆ سەر هەموو تاکێکى کۆمەڵگەكەمان هەیە، داوا لە هەموو لایەک دەکەین بە وردى بەدواداچون بۆ کەیسەکە بکەن و بكەرانی بۆ رای گشتی ئاشكرابكرێن و بدرێنە دادگا".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT