شۆفێرانی بارهەڵگر لە شنگال، سێ رۆژ و شەو لەسەرەدا دەمێننەوە تا گاز وەردەگرن، ئەوەش بەهۆی كەمی بەشە سوتەمەنی قەزاكە و داخستنی تەواوی بەنزینخانە ئەهلییەكانەوە.
بەنزینخانە ئەهلییەكانی قەزای شنگال لە 28ـی حوزەیرانی ئەمساڵ، بە بڕیاری حكومەتی فیدراڵی و بە پاساوی نەبونی مۆڵەتی كاركردن داخران، كە سەرچاوەیەكی سەرەكی دابینكردنی گاز بون بۆ ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر.
"گەورەترین كێشەی ئێمە كەمی گازە، سەڕەرای ئەوەی بەشە گازی قەزاكە كەمە، بەشی هەموی ناكات و بەوهۆیەوە دوو بۆ سێ رۆژ و هەندێكجار زیاتریش لەسەرەدا دەمێنینەوە" عامر خودێدا، شۆفێری بارهەڵگر بۆ (كەركوك ناو) وای وت.
بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو)، بەشە گاز بە دوو رۆژ جارێك رەوانەی بەنزینخانە حكومییەكانی شنگال دەكرێت، بەشێكی بە مۆلیدە ئەهلییەكان دەدرێت و ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ بارهەڵگر تەرخاندەكرێت. (كەركوك ناو) نەیتوانی زانیاری لەسەر بەشە گازی شنگال و ژمارەی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری لەو قەزایە دەستبكەوێت.
خودێدا وتی "پێشتر لە بەنزینخانە ئەهلییەكان گازی بازرگانیمان دەكڕی، بەڵام ئێستا ئەو بەنزینخانانە نەماون و تەنیا گازی حكومی هەیە كە بەش ناكات".
20 بەنزینخانەی ئەهلی لە قەزای شنگال هەیە، كە دوای چەند ساڵێك لە كاركردن داخراون و هیچ وادەیەكیش بۆ چارەسەری كێشەكانیان و دوبارە كردنەوەیان دیارنییە.
زیانێكی زۆرمان بەركەوتووە و هیچ كەسێكیش ئامادە نییە كێشەكەمان بۆ چارەسەربكات
فەلاح خدر، خاوەنی یەكێك لە بەنزینخانە داخراوەكانی شنگالە و دەڵێت "زیانێكی زۆرمان بەركەوتووە و هیچ كەسێكیش ئامادە نییە كێشەكەمان بۆ چارەسەربكات" فەلاح لە ساڵی 2010ـەوە بەنزینخانەی داناوە، بە (كەركوك ناو)ـی وت "ئەو هەموو ساڵە كەس پرسیاری مۆڵەتی كاركردنی لێنەكردین، ئیتر نازانین بۆ ئێستا داوای دەكەن".
بڕیاری داخستنی بەنزینخانە ئەهلییەكان بە پاساوی نەبونی مۆڵەت جگە لە شنگال، قەزای تەلەعفەر و پارێزگای كەركوكیشی گرتەوە.
حەجی كولی حسێن، خاوەنی بەنزینخانەیە لە شنگال و هەوڵیداوە مۆڵەت وەربگرێت، بەڵام مەرجەكانی دەرهێنانی مۆڵەت بە زەحمەت دەزانێت، "كەس ناتوانێت ئەو مەرجانە جێبەجێبكات كە نزیكەی 10 هەزار دۆلار خەرجی پێویستە چونكە زەوی و پێداویستی دیكەی زۆری دەوێت" بەوتەی حەجی كولی بۆ (كەركوك ناو).
لە شنگال تهنیا دوو بەنزیخانهی حکومی ههن، یەكێكیان لە ناوەندی قەزاكە و ئەویتر لە ناحیەی سنونێیە.
فەهد حامد، قایمقامی قەزای شنگال بەوەكالەت بە (كەركوك ناو)ـی وت "كێشەی بەنزین بە زیادكردنی بەشە بەنزینی شنگال چارەسەر كراوە و شۆفێری ئۆتۆمبێلی بچوك بە 30 تا 40 خولەك بەنزین وەردەگرێت، بەڵام ئێستا كێشە گەورەكە گازە، چونكە بەشە گاز كەمە، بەوهۆیەوە كێشە بۆ شۆفێرانی بارهەڵگر و مۆلیدەكانیش دروستبووە".
پێشتریش مۆلیدە ئەهلییەكانی شنگال ناڕەزاییان دەربڕی و كارەبایان بە هاوڵاتیان نەدا تا بەشە گازی مانگانەیان بۆ زیادكرا.
فەهد حامد چارەسەری بەشێك لە كێشەی كەمی گاز بە بەنزینخانە ئەهلییەكانەوە دەبەستێتەوە، كە پێویستە بەپێی رێكارە بەرەكارەكانی حكومەت مۆڵەت وەربگرن و دوبارە بكرێنەوە.
لە تەواوی پارێزگای نەینەوادا 28 بەنزینخانەی حكومی هەن كە 11ـیان لە شاری موسڵە، رۆژانە زیاتر لە دوو ملیۆن و 400 هەزار لیتر بەنزین بەسەر شۆفێراندا دابەشدەكەن.