هاوڵاتیانی ناحیەی سنونێ لە شەو و رۆژێكدا زیاتر لە 10 كاتژمێر بێ كارەبان، بەهۆی كوژاندنەوەی مۆلیدە ئەهلییەكانەوە، لە چوارچێوەی ناڕەزاییەكانیاندا دژی پێنەدانی گاز.
نزیكەی هەفتەیە 50 مۆلیدەی ئەهلی لە ناحیەی سنونێی قەزای شنگال و دەوروبەری كارەبا بە هاوڵاتیان نادەن.
غازی فەیسەڵ، خاوەنی مۆلیدەی ئەهلی بە (كەركوك ناو)ـی وت ئەگەر حكومەت گازیان بە نرخی كەمتر لە بازاڕ بۆ دابیننەكات، ئەوا نەك سنونێ، بەڵكو هەموو قەزاكە بێ كارەبا دەبن، چونكە "بەرمیلێك گاز بە 190 تا 220 هەزار دینار دەكڕین، ئەوەش بە دوری 60 كیلۆمەتر و لە بەعاج دەیهێنین".
پێشتر مۆلیدەكان لە بەنزینخانە بازرگانییەكانی قەزای شنگال گازیان دەكڕی كە ماوەیەكە بەهۆی نەبونی مۆڵەتەوە داخراون.
خودێدا چوكی، بەرێوەبەری ناحیەی سنونێ بە (كەركوك ناو)ـی وت "تەواوی خاوەن مۆلیدەكانی ناحیەكە كاركردنیان راگرتووە بەهۆی گرانی نرخی گاز و دابیننەكردنی لەلایەن حكومەتەوە، كە پێشتر لە (سوریا)وە گاز هاوردە دەكرا و ئێستا بەهۆی رێكارەكانی حكومەتەوە ئەوە نەماوە".
بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو) لە سنونێ، شەو و رۆژێك 12 بۆ 14 كاتژمێر كارەبای نیشتمانی هەیە، بەڵام 10 بۆ 12 كاتژمێر بەهۆی كارنەكردنی مۆلیدەكانەوە خەڵك هیچ كارەبایەكیان نییە.
"نزیكەی 50 مۆلیدە هەن و ناتوانن كارەبا بدەن، دەبێت مۆڵەت بەپێی رێكارەكانی حكومەت دەربكەن تا بتوانن بەشە گازیان پێبدرێت، بۆ ئەوەش پێویستیان بە سەردانیكردنی ئیدارەی موسڵ هەیە و لەوێشەوە دۆسیەكانیان دەبێت بچێتە بەغدا، تا رەزامەندی بگەڕێتەوە لەوانەیە ساڵێك كاتی بوێت" چوكی وادەڵێت.
پێشتر مۆلیدە ئەهلییەكانی ناوەندی قەزای شنگال و ناحیەی سنونێ، بەشێكیان كارەبایان لە هاوڵاتیان بڕی، دژی كێشەی وەرگرتن و بەدەستهێنانی گاز، تا دواتر بە پێدانی گاز كێشەكەیان بەكاتی چارەسەر كرا.
هێرشەكانی هەشت ساڵ لەمەوبەری داعش بۆ شنگال (120كم خۆرئاوای موسڵ)، زیانی به كهرتی گشتی گهیاند له نێویاندا وێرانبونی تۆڕهكانی ئاو و كارهبا، روخانی خانوی هاوڵاتیان، خوێندنگه و شوێنە ئاینییەكان، جگە لەوەی هێشتا هەزاران ئێزیدی ئاوارە و بێسەروشوێنن، ئەوەش بەپێی بەدواداچونەكانی پێشتری (كەركوك ناو).