دارەكانی چیای شنگال بۆ خەڵۆز دەبڕدرێنەوە
چەند كەسێك دەستگیركراون و سزای بڕینەوەی دارێك 50 هەزار دینارە

ئۆتۆمبێلێكی پڕ لە خەڵۆز كە لەلایەن پۆلیسەوە دەستیبەسەرداگیراوە، لەگەڵ ناوچەیەكی چیای شنگال. (كەركوك ناو) وێنەكەی بە فۆتۆشۆپ لەیەكداوە.

عەمار عەزیز – نەینەوا

ئیدارەی شنگال نیگەرانی خۆی نیشاندەدات لە دیاردەی بڕینەوەی دار لە چیای شنگال كە تەمەنیان چەند دەیەیەكە، بۆ ئەو مەبەستەش هەڵمەتی دەستگیركردن و سزادانی ئەوانەیان دەستپێكردووە كە بەو كارە هەڵدەستن و لەمەودوا بۆ بڕینەوەی هەر دارێك سزاكەی 50 هەزار دینارە.

بەپێی ئامارێكی نافەرمی ئیدارەی شنگال، لە ساڵی رابردوەوە نزیكەی 4000 هەزار بڕدراونەتەوە و دیاردەكە بەردەوامیشە.

فەهد حامد، قایمقامى قەزاى شنگال، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەو کەسانەی دارەكان دەبڕنەوە خەڵكی شنگالن، بڕینەوەی داری وشك بۆ هەر مەبەستێك بێت كێشەمان نییە، بەڵام داری تەڕ هێڵی سورە".

جەختیشیكردەوە بۆ رێگریكردن لەو دیاردەیە، تەواوی هێزە ئەمنییەكانیان ئاگاداركردۆتەوە، تا هەنگاوی پێویست بنێن.

فەهد حامد، وتیشی "پۆلیس چەند کەسێکیان دەستگیرکردوە و دۆسییەكانیان ئاراستەى دادگا کردووە تا بەپێى یاسا سزابدرێن..."، زیاتر وتی "بەپێی بەدواداچونی ئێمە ئەو كەسانەی دارەكان دەبڕنەوە، دەیكەن بە خەڵوز و لە دەوروبەری شنگال دەیفرۆشنەوە".

بەپێی هەردوو ماددەی 479 و 480ـی یاسای سزادانی عیراقی هەمواركراو، هەڵكەندن و بڕینەوەی دار بەبێ رەزامەندی لایەنی پەیوەندیدار قەدەغەیە و سزای زیندانی تا دوو ساڵ و غەرامەی بۆ دانراوە.

سەرچاوەیەک كە لێپرسراوێتی هەیە لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی شنگال، بە (كەركوك ناو)ی وت "پرسی بڕینەوەی دار لە چیای شنگال تازە نییە، بەڵام چەند رۆژێكە لە سۆسیال میدیا ناڕەزایی هەیە".

پرسی بڕینەوەی دار لە چیای شنگال تازە نییە، بەڵام چەند رۆژێكە لە سۆسیال میدیا ناڕەزایی هەیە

وتیشی "شەوى 15ى ئەم مانگە لە بازگەیەكی دەرەوەی شنگال ئۆتۆمبێلێک لەلایەن مەفرەزەکانى ئێمەوە دەستبەسەر كرا کە 300 کیس خەڵوزی بارکردبوو، ئۆنۆمبێلێكی تر هەمان شەو 30 كیس خەڵۆزی باركردبوو و دەستبەسەر كرا".

پۆلیسی شنگال چوار كەسیان لەو دوو ئۆتۆمبێلە دەستگیركردووە و بڕیارە رەوانەی دادگای نەینەوا بكرێن.

بەپێی ماددەی 22ـی یاسای دارستانەكان (ژمارە 30ـی ساڵی 2009)، هەر كەسێك دارێك ببڕێتەوە بە 50 هەزار دینار غەرامەكردن سزادەدرێت.

هەروەها لە ياساى پاراستن و باشتكردنی ژینگە (ژمارە 27ـی ساڵی 2009)ـدا هاتووە، بڕینەوەی دار بەبێ رەزامەندی لایەنی پەیوەندیدار قەدەغەیە، هەر كەسێك بڕگەكانی یاساكە پێشێل بكات بە زیندانی تا سێ مانگ و غەرامەی تا 20 ملیۆن دینار سزادەدرێت.

چیای شنگال، دەكەوێتە خۆرئاوای پارێزگای نەینەوا، ناوچه‌یه‌كی به‌رفراوانه‌ له‌ هەردوو سنوری نێوان عیراق و سوریا و زۆرینەی دارەكانی زەیتونن و تەمەنیان چەند دەیەیەك زیاترە.

لە 17ى ئەیلول ئاسایشی ئێزیدخان – ئەمنیەتی بەشێك لە قەزای شنگالی لە ئەستۆیە- راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا هەڕەشەی سزادانی ئەوانەی كرد كە دارەكان دەبڕنەوە و جەختیكردەوە بۆ بڕینەوەی هەر دارێك بە بڕی 50 هەزار دینار غەرامە دەكرێن.

خودێدا ئەلیاس، لێپرسراوی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری لە ناحیەی سنونێ، بە (كەركوك ناو)ی وت "لە ساڵی رابردوەوە تائێستا 4000 هەزار دار بڕدراوەتەوە، بۆ رێگریكردن لەمە ئاسایشى ئێزدیخان لەڕێگاى چەند خاڵێکى سەربازییەوە بەوردى چاودێرى چیاى شنگال دەکات و هەرکەسێک سەرپێچى بڕیارەکانمان بکات بە توندترین شێوە سزای دەدەین".

جەختیشیكردەوە "ئەوانەى داردەبڕن خەڵکى شنگالن،  ئەو دارانەى نزیکن لە شەقام  بەشى زۆریان بڕدراون، ئەگەر هەموو لایەنێک لەگەڵ ئێمە هاوکارنەبن و خەڵکیش هەر بەردەوامبن ئەوا توشى کارەساتێکى ژینگەیى گەورە دەبینەوە".

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT