هەناردەی نەوتی خاوی كەركوك بۆ دەرەوە، بەهۆی زیادبونی پێداویستی ناوخۆییەوە كەمیكردووە و مەترسی دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنانیش لە كێڵگە سەرەكییەكانی پارێزگاكەدا هەیە، بەوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار لە كۆمپانیای نەوتی باكور.
ئەو سەرچاوەیە، كە لەبەر نەبونی مۆڵەتی لێدوان داوایكرد ناوی بڵاونەكرێتەوە، بە (كەركوك ناو)ـی وت تەنیا لە مانگی ئابی ئەمساڵدا بەراورد بە مانگی پێشوتر، هەناردەی نەوتی كەركوك بۆ بەندەری جیهان لە توركیا، بەڕێژەی لەسەدا 53 كەمبۆتەوە.
بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی نەوتی عیراق، لە مانگی ئابی 2022، لە كێڵگه نهوتییهكانی كهركوكهوه یەك ملیۆن و 109 هەزار و 528 بهرمیل نهوتی خاو ههناردهی توركیا كراوە و داهاتەكەی بەپێی نرخی فرۆشتنی نەوت لە جیهاندا، گەیشتۆتە زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلار، ئەوەش لە كاتێكدایە لە مانگی تەمموزی هەمان ساڵدا، هەناردەی نەوت دوو ملیۆن و 344 هەزار و 536 بهرمیل بووە بە داهاتی زیاتر لە 249 ملیۆن دۆلار.
سەرچاوەكەی كۆمپانیای نەوتی باكور وتی "ئاستی بەرهەمهێنان كەمینەكردووە، وەك خۆیەتی كە رۆژانە 350 هەزار بەرمیلە، بەڵام هەناردەكردن كەمبۆتەوە و هەموو نەوتە بەرهەمهێنراوەكە رەوانەی دەرەوە ناكرێت، بەڵكو بەشێكی زۆری لە ناوخۆدا بەكاردەهێنرێتەوە".
هەروەها رونیكردەوە ئێستا نەوتی زیاتری كەركوك رەوانەی پاڵاوگە و وێستگەكانی بێجی، قەیوان، كار، گەیارە و سەڵاحەدین دەكرێت، بۆ دەرهێنانی بەرهەمە نەوتییەكانی دیكە و بەرهەمهێنانی كارەبا.
"لەكاتێكدا هەناردەی پێشتری رۆژانەی نەوتی كەركوك دەگەیشتە 80 هەزار بەرمیل بەڵام ئێستا ناگاتە 45 هەزار بەرمیل" سەرچاوەكە وادەڵێت.
لە سنوری پارێزگای كەركوك پێنج كێڵگهی سهرهكی بهرههمهێنانی نهوتی خاو ههیه؛ ئاڤانا، بای حەسەن، قوبەی بابا، جمبور و خەبازە كه لەژێر دەسەڵاتی كۆمپانیای نهوت باكور سهر به حكومەتی عیراقیدان.
سەرچاوەكە ئاشكرایكرد مەترسی لەسەر كێڵگە نەوتییەكانی كەركوك هەیە و "ئەگەر بۆرییەكان نەگۆڕدرێن، تەكنەلۆژیا و ئامێری پێشكەوتوو بەكارنەهێنرێن و شوێنی دەرهێنانی نەوتی خاو پڕنەكرێتەوە بۆ رێگری لە دروستبونی بۆشایی ژێرزەوی، ئەوا رێژەی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو كەمدەبێتەوە و لە ئەنجامدا هەناردەش كەمتردەكات".
لە كاتێكدا وەزارەتی نەوتی عیراق، لە ئایاری ئەمساڵ و پێشتریش لە ساڵی 2019ـدا، پلانی حكومەتی راگەیاندووە بۆ بەرزكردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی كەركوك بۆ نزیكەی یەك ملیۆن بەرمیل و زیادكردنی هەناردە تا 200 هەزار بەرمیلی رۆژانە.
بەڵام سەرچاوەكە دەڵێت كێڵگە نەوتییەكانی وەك خەبازە و جمبور و بای حەسەن پێویستییان بە پەرەپێدان هەیە، ئەگەرنا، زیانی زیاتریان بەردەكەوێت و غازی كێڵگەكانیش لەبری ئەوەی سودی لێوەربگیرێت، هەر بەهۆی نەبونی پەرەپێدانەوە بە خۆڕایی دەسوتێت.
له تهمموزی 2017ـەوه تا مانگهكانی سهرهتای 2019، ههناردهی نهوتی كهركوك راوەستابوو، بههۆی ئاڵۆزییهكانی سنورهكه و ناكۆكییهكانی نێوان ههردوو حكومهتی عیراق و ههرێمی كوردستانهوه لە ئەنجامی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان، كە دواتر هێزە كوردییەكانی ناچاركرد لە ناوچەكانی جێناكۆك لە نێویاندا لە كێڵگە نەوتییەكانی كەركوك پاشەكشێ بكەن.
هەناردەی نەوتی خاوی كەركوك بە بۆری؛ لە ساڵی 2021ـدا زیاتر لە 35 ملیۆن بەرمیل بووە، لە ساڵی 2020ـدا گەیشتۆتە 33 ملیۆن و لە ساڵی 2019ـیشدا هەناردە زیاتر لە 33 ملیۆن بەرمیل بووە.