كەمپی سەردەشتی تایبەت بە ئاوارەكان لە چیای شنگال چۆڵدەكرێت

نه‌ینه‌وا/ 2019/ كه‌مپی سه‌رده‌شت له‌ چیای شنگال فۆتۆ: راگه‌یاندنی كه‌مپ

كەركوك ناو

89 خێزانی تری كەمپی سەردەشت لە كۆتایی مانگی رابردو گەڕانەوە زێدی خۆیان بۆ ناحیەی گرعوزێر، ئەوەش دوای هەشت ساڵ دێت لە جێگیربونیان لەو كەمپە لە چیای شنگال، بەپێی پلانی حكومەت و رێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچ، بەهاری ئەمساڵ كەمپەكە بە تەواوی چۆڵدەكرێت و دادەخرێت.

رێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچ (IOM) لەڕێی نۆژەنكردنەوەی خانوی ئاوارەكان، پێدانی بڕێك پارە و كەلوپەل و پێداویستی، هەڵمەتەكانی بۆ گەڕاندنەوەی تەواوی ئاوارەكان بە هاوكاریی حكومەت دەستپێكردووە و بۆ ئەو مەبەستەش لە كۆتایی مانگی رابردوو 89 خێزانی گەڕاندۆتەوە. دەیان خێزانی تریش لەچاوەڕوانی تەواوبونی مامەڵەكانیاندان.

عەلی شەعبۆ، تا ناوەڕاستی ساڵی رابردوو بەڕێوەبەری كەمپی سەردەشت بوو، هەروەها یەكێكە لەو كەسانەی ناوی خۆی لای رێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچ  تۆماركردووە بۆ ئەوەی هاوكاریی بكەن بۆ گەڕانەوە بۆ زێدی خۆی، وتی "رێكخراوی كۆچ لەڕێی پاكێجێكەوە بۆ هاوكاریكردنی ئاوارەكانی ناو كەمپەكە هەمویانی ناونوس كردووە بۆ گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان".

پاكێجەكە بریتییە لە هاوكاری مادیی، نۆژەنكردنەوەی خانوو، دۆزینەوەی دەرفەتی كار و پێدانی پارە بۆ گواستنەوەی ماڵەكانیان، بەڵام بەپێی ئاستی بژێوی خێزانەكان هاوكارییەكان دەگۆڕێت.

"ئەوانەی خانووەكانیان روخاوە و توانای مادییان زۆر خراپە، ئەوە خانووەكەیان بۆ دروستدەكرێتەوە لەگەڵ پێدانی بڕی هەزار دۆلار، ئەوانەشی خانووەكانیان نەڕوخاوە، بەڵام هەژارن، ئەوە هەزار و 700 دۆلاریان پێدەدرێت، هەندێكی تریان دەرفەتی كاریان پێدەدرێت"، عەلی شەشۆ وایوت.

زۆرینه‌ی هاوڵاتیانی ئاواره‌ی ئێزیدی، له‌ سه‌روبه‌ندی هێرشه‌كانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام - داعش" رویانكرده‌ چیای قەزای شنگال (120كم خۆرئاوای موسڵ)، سەرەتا كەمپی سەردەشت 2 هەزار و 300 خێزان لێی نیشتەجێبون، بەڵام ئێستا كەمتر لە 400 خێزان ماونەتەوە.

shngalcampchya
شنگال/ منداڵێكی ئاوارەی ئێزیدی لە دەلاقەیەكی ژورێكی ماڵەكەیدا دەڕوانێتە خێمەی ئاوارەكان لەسەر چیای شنگال فۆتۆ: ئیبراهیم شنگالی

عەلی شەعبۆ وتی "ئەو 400 خێزانەش چاوەڕێی ئەوە دەكەن حكومەت و رێكخراوەكان هاوكارییان بكەن بۆ گەڕاندنەوە".

خالیدا موراد، کچێکی ئێزیدییە، لە 19ی كانونی یەكەمی رابردوو لەگەڵ خێزانەكەی گەڕایەوە بۆ ناحیەی گرعوزێر لە شنگال، وتی "زۆر دڵخۆشم دوای هەشت ساڵ گەڕاومەتەوە، پێویستە حكومەت خزمەتگوزارییمان بۆ دابین بكات... بۆ گەڕانەوەمان كەس فشاری لێنەكردین، رێكخراوی كۆچ بڕی 1000 هەزار دۆلاری پێداین و لەو خێزانانەین كە رێكخراوەكە بەڵێنیداوە خانووەكەمان بۆ نۆژەنبكاتەوە".

خەلیل حەجی موراد، خەڵکی گوندێكی سەر بە ناحیەی گرعوزێرە و هەشت ساڵە لە كەمپی سەردەشتە، وتی "ئێمەش حەزدەکەین بگەڕێینەوە، بەڵام خانووەكەمان لەلایەن چەكدارانی داعشەوە روخێنراوە و پارەی نۆژەنكردنەوەمان نییە، رێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچ ناویان تۆماركردوین بۆ هاوكاریكردنمان تاوەكو بگەڕێینەوە".

بەپێی بڕگەیەكی بەرنامەی كاری حكومەتی فیدراڵی عیراق بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی، كە كۆتایی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوو متمانەی پەرلەمانی وەرگرت، پێویستە لە ماوەی شەش مانگدا تەواوی ئاوارەكان بگەڕێنرێنەوە، ئەوەش زیاتر لە ملیۆنێك هاوڵاتی دەگرێتەوە كە هێشتا ئاوارەن. -ئاماری رێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچ (IOM)-.

دۆخی ئێمە لە کەمپ نەک خراپە، بەڵکۆ زۆر زۆر خراپە

لە دوایین كۆنگرەی رۆژنامەوانیدا، 29ـی كانونی یەكەمی 2022 ئیڤان جابرۆ، وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عیراق جەختیكردەوە "دۆسیەی ئاوارەكان لە عیراق لە شەش مانگدا كۆتاییدێت بەپێی بەرنامەی حكومەت"، بۆ ئەوەش هەماهەنگییان لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا هەیە و زەمینەسازی دەكەن، وەك سایتی وەزارەتەكەی بڵاویكردۆتەوە.

"دۆخی ئێمە لە کەمپ نەک خراپە، بەڵکۆ زۆر زۆر خراپە، هاوكاریی رێكخراوەكان وەستاوە و نازانین چی بكەین"، خەلیل حەجی موراد وایوت.

عەلی شەعبۆ، وتی "ئەگەر گەڕانەوەی ئارەزومەندانە بەردەوام بێت، رەنگە زۆرینەی خێزانە ئاوارەكانی چیای شنگال تا كۆتایی بەهاری ئەمساڵ بۆ شوێنەكانی خۆیان بگەڕێنەوە".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT