زیاتر لە 36 حەوزی بەخێوكردنی ماسی لە قەزای داقوق تێكدراون، ئەوەش لە چوارچێوەی پرۆسەیەكدا كە سەدان حەوزی دیكە دەگرێتەوە، بۆیە هەندێكیان بە ناچاری ماسییەكانیان "هەرزانفرۆش" كردووە تا زیانی زیاتریان بەرنەكەوێت.
ئەو پرۆسەیە كە چەند هەفتەیەكە دەستیپێكردووە، لیژنەیەكی هاوبەشی ئەمنیی و ئیداری لە فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بەڕێوەیدەبەن، بە پاساوی نەبونی مۆڵەت و مەترسیی حەوزەكانی ماسی لەسەر ئاوی ژێرزەوی.
"بەهۆی سكاڵای فەرمانگەی سەرچاوەكانی ئاوەوە لیژنەكە داوایانكرد بە زویی حەوزەكە چۆڵبكەم، بۆیە منیش بە ناچاری ماسییەكانم لە بازاڕدا هەرزانفرۆش كرد" هیلال جەلال، خاوەنی حەوزی بەخێوكردنی ماسی لە داقوق بۆ (كەركوك ناو) وای وت.
ئەو 10 هەزار ماسی لە حەوزەكەیدا هەبووە و هەر كیلۆیەكی بە چوار هەزار و 250 دینار فرۆشتووە لە كاتێكدا ئەگەر نرخی ئاسایی هەر كیلۆیەكی دەگاتە شەش هەزار و 500 دینار، بەوتەی هیلال، كە جەختیكردەوە "زەرەری زۆری بۆ من تێدابوو، مەسرەفی هیلاكیم دەرنەكردەوە، ماسییەكانم فرۆشت و لیژنەكە حەوزەكەیان تێكدام".
نرخی هەر كیلۆیەك لە ماسی داقوق ساڵی 2022 گەیشتە 11 هەزار دیناری عیراقی، ئەوەش بەرزترین نرخ بوو لە 10 ساڵی رابردودا.
بڕیاری تێكدان و لەناوبردنی حەوزەكانی ماسی؛ زیاتر لە ساڵێكە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقەوە دەركراوە بۆ چەندین پارێزگا لە نێویاندا كەركوك، بەڵام چەندجارێك وادەی جێبەجێكردنی دواخراوە، ئەو بڕیارە لەچوارچێوەی ئەو رێكارانەدایە كشتوكاڵ و سەرچاوە ئاوییەكان بە هەماهەنگی لەگەڵ ژوری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی سوپا دەیگرنەبەر، بۆ نەهێشتنی حەوزی بێ مۆڵەت و بەهۆی "كەمئاوی و بێ بارانی"ـیەوەیە، جگە لە بەكارهێنانی وزەی كارەبا و ئاوی ژێرزەوی.
بەپێی راپۆرتێكی رێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچ (IOM) – سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان - عیراق لە ریزبەندی پێنجەمی ئەو وڵاتانەیە، كە لە گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوادا زۆرترین زیانی بەركەوتووە و كاریگەریی بەرزبونەوەی پلەكانی گەرما، كەمبونەوەی بڕی بارانبارین، وشكەساڵی و كەمبونەوەی ئاو و خۆلبارین و لافاوی لەسەرە.
عیماد رەحمەڵا، بەڕێوەبەری فەرمانگەی سەرچاوەكانى ئاوی داقوق بە (كەركوك ناو)ـی وت "تائێستا لیژنەكە 36 حەوزی بەخێوكردنی ماسییان لە ناوچە جیاوازەكانی داقوق روخاندووە و تێكداوە، ئەوەش بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی كشتوكاڵ، بەڵام بەهۆی بارانەوە پرۆسەكە بەكاتی راوەستاوە و دواتر دەستپێدەكاتەوە".
لەڕێی (كەركوك ناو)ـەوە زیاد لە جارێك خاوەنی حەوزەكانی ماسی داوایان لە حكومەت كردووە هاوكارییان بكات و لە بڕیاری تێكدانی حەوزەكانیان پاشگەزببێتەوە و پێشتریش هەر لە خۆپیشاندانێكدا دژایەتی خۆیان بۆ بڕیارەكەی حكومەتی عیراق نیشانداوە.
"بەداخەوە تیمەکان ئێستا ئەو حەوزانە لەناودەبەن کە ماسی تێدا نەماوە و فروشراوە، هەر حەوزێكیش ماسی تێدابێت، بەڵێننامەیەك بە خاوەنەكەی پڕدەكەنەوە كە دوای فرۆشتنی ماسییەكان حەوزەكەی دەڕوخێنرێت" بەوتەی شەلال ئەحمەد، خاوەنی حەوزی ماسی لە داقوق بۆ (كەركوك ناو).
زۆرینەی حەوزەكانی ماسی لە كەركوك پشت بە بیر و ئاوی ژێر زەوی دەبەستن، هەر دۆنمێك زەوی كە دەكرێت بە حەوزی ماسی، پێویستە 750 بۆ 1000 ماسی تێبكرێت، كە زۆرینەی ئەو ماسییە بچوكانە لە شاری حلە -مەڵبەندی پارێزگای بابل-ـەوە هاوردەی كەركوك دەكرێن تا بەخێو بكرێن.
بەڕێوەبەری فەرمانگەی سەرچاوەكانی ئاوی داقوق وتی "پرۆسەكەی تێكدانی حەوزەكان ئێستا بۆ ئەو شوێنانەیە چۆڵكراوە و ماسی تێدا نەماوە، ئەوەش وەك قۆناغی یەكەم و دواتر هەموو حەوزەكانی سنوری داقوق دەگرێتەوە".
ژمارەی حەوزە ماسییەكانی داقوق (44كم لە ناوەندی شاری كەركوك) بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو)، نزیكبۆتەوە لە 3000 هەزار حەوز و بژێوی ژیانی هەزاران خێزانیان لەسەرە، بەڵام بەپێی ئامارەكانی فەرمانگەی سەرچاوە ئاوییەكانی قەزاكە، تەنیا حەوت حەوزیان یاسایین و مۆڵەتیان هەیە.