پەرلەمانتارێكی شەبەك قایل نییە بە پڕكردنەوەی پۆستی بەڕێوەبەری ناحیەی باشیك، كە كاندیدەكەی سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستانە و بە بڕیاری پارێزگاری نەینەوا دەستبەكاربووە، بۆیە چارەسەری دۆسیەكە دراوەتە دەست سەرۆك وەزیرانی عیراق.
لە ناوەڕاستی نیسانی 2023ـدا نەجم جبوری، پارێزگاری نەینەوا فەرمانی دامەزراندنی بۆ غەزوان حامد داودی، كاندیدی پارتی لە پێكهاتەی شەبەك دەركردووە وەك بەڕێوەبەری ناحیەی باشیك، دوای خانەنشینكردنی بەڕێوەبەری پێشووی ناحیە كە لە پشكی هەمان حزب بوو.
غەزوان حامد داودی بە (كەركوك ناو)ـی وت "ئەو پۆستە پشكی پارتییە و سەركردایەتی حزب منیان كاندید كرد تا ئیدارەی نەینەوا فەرمانی دامەزراندنم دەربكات".
هەڵبژاردنی بەڕێوەبەری ناحیە لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی ناحیەكاندایە كە لە 2019ـەوە نەماوە، بەپێی یاسای پارێزگا نەبەستراوەكان بە هەرێم ژمارە 21ی ساڵی 2008 دواتر پارێزگار فەرمانی دامەزراندنی بۆ دەردەكات، بەڵام لە غیابی ئەنجومەنی ناحیەدا ئێستا راستەوخۆ بەڕێوەبەری ناحیە لەلایەن پارێزگارەوە دادەنرێت.
"وادیارە جەماعەتی وەعد قەدۆ، پەرلەمانتاری عیراق ئەو گۆڕانكارییەیان پێخۆش نییە و دەیانەوێت كێشە و ئاڵۆزی بنێنەوە" بەوتەی داودی.
(كەركوك ناو) چەند رۆژێك لە هەوڵدابوو لێدوانی وەعد قەدۆ، پەرلەمانتاری عیراق وەربگرێت، بەڵام هەوڵەكان بێ ئاكام بون.
قەدۆ، كە پەرلەمانتاری كۆتای شەبەكە ، 17ـی نیسان لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت پڕكردنەوەی پۆستی بەڕێوەبەری ناحیەی باشیك "لە مافەكانی پێكهاتەی شەبەكە و لەسەر ئەو بنەمایە رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی خۆجێیی كراوە، بەڵام پارتی دیموكرات لە دانانی كاندیدەكاندا دەستتێوەردانی كردووە... بۆیە ئەو كاندیدكردنە رەتدەكەنەوە".
ژمارەی شهبهك لە عیراق به نزیكەی 350 ههزار كهس ههژماردهكرێن؛ به زۆری دهكهونه ناوچهكانی باشیك، بهرتڵه، حهمدانیه، تلكێف و گوندهكانی دهشتی نهینهوا، ئەوانیش هاوشێوەی كەمینەكانی تر روبهڕوی دهستدرێژی و پهلاماری چهكدارانی داعش بونەوە.
كێشەی دانانی بەڕێوەبەری ناحیە لەلایەن پارێزگارەوە لە كاتێكدایە، تەمموزی ساڵی رابردوو، وەعد قەدۆ لەگەڵ نەجم جبوری، پارێزگاری نەینەوا بوو بە دەمەقاڵیی و مشتومڕیان لەسەر چەند پرسێكی دیكەی تایبەت بە دەشتی نەینەوا، لە نێویاندا دۆسیەی ئەمنیی، ئەوەش لە كۆبونەوەیەكدا بوو كە مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی ئەوكات سەرپەرشتی دەكرد و دواتر ناكۆكییەكە بۆ خۆپیشاندانی لایەنگرانی هەردوولا سەریكێشا.
وەعد قەدۆ، ناسراو بە ئەبو جەعفەر شەبەكی يەكێك بووە لە دامەزرێنەرانی حەشدی شەعبی شەبەك لە ساڵی 2014 و تا ئەیلولی 2020 فەرماندەی لیوای 30ی حەشد بووە.
شەریف سلێمان، پەرلەمانتاری عیراق لە فراكسیۆنی پارتی بە (كەركوك ناو)ـی وت "زیاتر لە 20 ساڵە پۆستی بەڕێوەبەری ناحیەی باشیك لای كاندیدی شەبەكە، چاوەڕێ بوین پۆستەكە بدرێتە كەسێكی ئێزیدی، بەڵام ئەو پۆستە مافی پارتییە و دوای گفتوگۆ پێیانباش بوو هەر كاندیدێكی شەبەك لەلایەن پارێزگارەوە دابنرێت".
حكومەتی عیراق، لە 27ـی نیسانی 2023 بڕیاریدا بە ناردنی لیژنەیەك لە نوسینكەی سەرۆك وەزیرانەوە بۆ ناحیەی باشیك، بە ئامانجی "ئاگاداربوون له كێشه ئیدارییهكان و پهلهكردن له چارهسهركردنی"، ئەوەش بەپێی بەیاننامەیەكی نوسینگەی سەرۆك وەزیران لە كۆبونەوەیەكدا هات بە سەرپەرشتی محەمەد شیاع سودانی، كە وەعد قەدۆ و نەجم جبوری تیایدا بەشداربون.
قەدۆ لە بارەی ئەو كۆبونەوەیەوە هەر ئەوكات راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت بەبڕیاری سەرۆك وەزیران دەوامی بەڕێوەبەری ناحیەی باشیك راگیراوە تا چارەسەری كێشەكە دەكرێت، بەڵام لە راگەیەندراوەكەی نوسینگەی سەرۆك وەزیران هیچ ئاماژەیەك بە راگرتنی دەوام نەكراوە.
غەزوان داودی، كە فەرمانی پارێزگاری نەینەوای هەیە وەك بەڕێوەبەری ناحیەی باشیك، وتی "لیژنەكەی سەرۆك وەزیران هاتە باشیك و لەگەڵ هەموو پێكهاتەكاندا گفتوگۆی كرد، بە وردی باسی كێشەكان كراوە و دەرەنجامەكان دەگەنەوە سەرۆك وەزیران و ئەو بڕیاری كۆتایی دەدات، منیش تا ئەوكات لە پۆستەكەمدا دەمێنم و بەردەوام دەبم".
ناحیەی باشیك، سەر بە قەزای ناوەندی موسڵە (12كم باكوری خۆرههڵاتی موسڵ)، ژمارەی دانیشتوانی بە زیاتر لە 149 هەزار كەس دەخەمڵێنرێت، جگە لە شەبەك، پێكهاتەكانی ئێزیدی و كریستیانی تێدایە.