نەوتی خاوی كەركوك، زۆرینەی لە ناوخۆدا ساغدەكرێتەوە و دەدرێتە پاڵاوگە عیراقییەكان، دوای ئەوەی هەناردەكردنی بۆ دەرەوەی وڵات لەڕێی بۆری نەوتبەری هەرێمی كوردستانەوە راگیرا.
توركیا زیاتر لە دوو مانگە هەناردەكردنی نەوتی خاوی هەرێمی كوردستان و كەركوكی لەڕێی بۆرییەوە بۆ بەندەری جیهان راگرتووە، سەرباری داواكاری عیراق بۆ ئاساییكردنەوەی هەناردەی نەوت، بەڵام وادەی دەستپێكردنەوەی نادیارە.
فەرهاد حەمزە، سەرۆكی ئەندازیارانی كۆمپانیای نەوتی باكور –سەرپەرشتی كێڵگە نەوتییەكانی كەركوك دەكەن- بە (كەركوك ناو)ـی وت "راگرتنی هەناردەی نەوت زیانێكی ئەوتۆی بۆ خەڵكی كەركوك نییە و لێكەوتەشی نابێت، چونكە زۆرینەی بەرهەمی نەوتی كێڵگەكانی پارێزگاكە لە پاڵاوگەكاندا ساغ دەكرێنەوە".
ئەو دەڵێت نەوتی خاو دەنێرنە پاڵاوگەكانی كار، قەیوان، گەیارە، حەدیسە و بیجی و ئەوانیتر لە پارێزگا جیاوازەكانی عیراق.
مانگی نیسان له كێڵگه نهوتییهكانی كهركوكهوه، هیچ هەناردەیەك بۆ توركیا نەبووە، لەكاتێكدا مانگی ئاداری ئەمساڵ هەناردەكردن گەیشتبووە زیاتر لە یەك ملیۆن و 727 هەزار بهرمیل نهوتی خاو بە داهاتی زیاتر لە 124 ملیۆن دۆلار.
"بەهۆی راگرتنی هەناردەوە بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگە نەوتییەكاندا رانەوەستاوە، .. ئێستا وەكو جاران رۆژانە 350 هەزار بەرمیل بەرهەمدەهێنرێت و زۆربەی دەدرێتە پاڵاوگەكان، جگە لەو نەوتە دەچێت بۆ ئوردن، تەنیا چەند رۆژێك بەرهەمهێنان بە بڕێك كەمكرایەوە و دواتر وەك خۆی لێهاتەوە" بەوتەی حەمزە.
حكومەتی عیراق لە سەرەتای ئەم مانگەدا رێككەوتنێكی لەگەڵ ئوردن نوێكردەوە بۆ هەناردەی رۆژانەی 10 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی كەركوك بە تانكەر بۆ ئەو وڵاتە.
وەكو جاران رۆژانە 350 هەزار بەرمیل نەوتی خاو لە كەركوك بەرهەمدەهێنرێت
سەرۆكی ئەندازیارانی كۆمپانیای نەوتی باكور رونیكردەوە دەتوانن چارەسەری نەوتی بەرهەمهێنراوی كەركوك بكەن، ئەگەر رەوانەی دەرەوەش نەكرێت، چونكە كۆگای زۆر بۆ هەڵگرتنی نەوت هەیە و كاتێكیش پڕدەبن ئەوا پلانی بەكارهێنانی نەوتەكە دادەنرێت.
نەوتی خاوی كەركوك لەڕێی بۆری نەوتبەری هەرێمی كوردستانەوە رۆژانە هەناردەی بەندەری جیهانی توركیا دەكرێت، كە لە 25ـی ئاداری 2023ـەوە، لەلایەن ئەو وڵاتەوە هەناردەكردن لەو بۆرییە راگیراوە، ئەوەش دوابەدوای بڕیارێكی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس دژی توركیا، لەسەر سكاڵای حكومەتی عیراق بەرانبەر بە هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان.
سكاڵاكەی عیراق بەهۆی ناكۆكییەكانی نێوان بەغدا و هەولێرە لەسەر دۆسیەی بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی نەوتی خاو كە چەندین ساڵە بە هەڵپەسێراوی ماوەتەوە.
هەردوو حكومەتی فیدراڵی و هەرێمی كوردستان لە 4ـی نیسانی 2023ـدا، بە كاتی و تا پەسەندكردنی یاسای نەوت و گاز رێككەوتنێكیان واژۆكرد بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت لەڕێی بۆری نەوتبەری هەرێمی كوردستانەوە بۆ توركیا.
عەلی حەمادی، یاریدەدەری پارێزگاری كەركوك بۆ كاروباری هونەری، نیگەران بوو بەهۆی نەبونی هەناردەوە، كاریگەری بكەوێتە سەر بەرهەمهێنانی نەوت و بەهۆیەوە بودجەی پترۆدۆلاری كەركوك كەمببێتەوە.
بودجەی پترۆدۆلار بەپێی كارنامەی حكومەتی عیراق، بە رێژەی لە سەدا 5 بۆ پارێزگا بەرهەمهێنەرەكانی نەوت خەرجدەكرێت. پێشتریش كەركوك دەربارەی ئەو بڕە پارەیە نیگەرانی بەرانبەر بە حكومەتی بەغدا هەبووە.
حەمادی پێیوایە راگرتنی هەناردە كاریگەری راستەوخۆ ناكاتە سەر خەڵكی كەركوك بەڵام رەنگە لێكەوتەی بۆ بەرهەمهێنانی نەوت هەبێت، بەوپێیەی بڕی بەرهەمهێنراوی ئێستا تەنیا بۆ پاڵاوگەكانە.
لە سنوری پارێزگای كەركوك پێنج كێڵگهی سهرهكی بهرههمهێنانی نهوتی خاو ههیه؛ ئاڤانا، بای حەسەن، قوبەی بابا، جمبور و خەبازە كه لەژێر دەسەڵاتی كۆمپانیای نهوت باكور سهر به حكومەتی عیراقیدان.