لە كاتێكدا ژمارەی دەنگدەری كورد لە سەڵاحەدین ناگاتە 40 هەزار كەس، بەڵام حزبە كوردییەكان بەهۆی ناكۆكییەوە لەنێوخۆیاندا رێكنەكەوتن و بە جیا چونە پاڵ هاوپەیمانییە عەرەبییەكان، تا لەڕێی سێ كاندیدەوە لانیكەم تاكە كورسییەكەی ئەنجومەنی پارێزگا بەدەستبهێننەوە.
بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو)، هەریەك لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان و حزبی شیوعی كوردستان بە جیا یەكی كاندیدێكیان هەیە لە چوارچێوەی سێ هاوپەیمانی عەرەبیدا بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین، كە بڕیارە لە 18ـی كانونی یەكەمی 2023 بەڕێوەبچێت.
ئەگەری هەیە دوو كاندیدی دیكەی كورد لە دەرەوەی حزبە كوردییەكان كێبڕكێ بكەن بەڵام لەژێر چەتری حزبە عەرەبییەكاندا.
حەسەن محەمەد، ئەندامی پێشوی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین و جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی حەمرینی یەكێتیی بە (كەركوك ناو)ـی وت "سەرەتا چوار كاندیدمان هەبوو وەكو یەكێتی، دواتر بۆ ئەوەی دەنگمان نەفەوتێت و مافی خەڵك نەفەوتێت، راپرسییەكمان لە دوزخورماتوو ئەنجامدا تا یەكێك لە كاندیدەكان (كاندیدی پیاو) بمێنێتەوە".
یەكێتیی بە پێی ئەنجامی ئەو راپرسییە لەناوچە كوردنیشینەكانی دوزخورماتوو و لەڕێی رێكخستنەكانیانەوە تەنیا یەك كاندیدی هێشتەوە كە لە چوارچێوەی لیستی جەماهیری نیشتمانی كێبڕكێی بەدەستهێنانی كورسییەكی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین دەكات.
با بۆ مێژوو بمێنێت، هەوڵی خۆماندا بۆ یەكدەنگی و یەكڕیزی كورد لە دوزخورماتوو
لێپرسراوەكەی یەكێتیی جەختیكردەوە سێ جار لەگەڵ حزبە كوردییەكاندا كۆبونەتەوە تا كاندیدەكانیان یەكبخەن و دەنگی كورد نەفەوتێت، بەڵام ئەنجامی نەبووە، "با بۆ مێژوو بمێنێت، هەوڵی خۆماندا بۆ یەكدەنگی و یەكڕیزی كورد لە دوزخورماتوو".
ژمارەی دەنگدەری كورد لە سەڵاحەدین، بەپێی ئەو ئامارەی حزبە كوردییەكاندا جەختی لێدەكەنەوە و فەرمی نییە، ناگاتە 40 هەزار كەس، ئەوەش لە كۆی زیاتر لە 154 هەزار دانیشتوی هەموو قەزای دوزخورماتوو (بەپێی ئاماری دەزگای ئاماری عیراق)، كە تاكە ناوچەی جێناكۆكی ئەو پارێزگایەیە و دانیشتوانەكەی لە كورد، توركمان و عەرەب پێكهاتون.
بەختیار هیجران، لێپرسراوی ناوچەی دوزخورماتوی پارتی بە (كەركوك ناو)ـی وت "ئێمە لەگەڵ هاوپەیمانی حەسمی نیشتمانی بە كاندیدێكی ئافرەت بەشداری هەڵبژاردنی سەڵاحەدین دەكەین... دوو سێ لایەنێكی تری كوردیش كە جارێ ناویان ناهێنین لەگەڵ پارتی رێككەوتنیان هەیە و لە ئایندەدا رایدەگەیەنین".
هاوپەیمانی حەسمی نیشتمانی زیاتر لە 10 لایەنی سیاسی سونە تیایدا بەشدارن.
"پێشتر دەستپێشخەریمان هەبوو تا كورد بە یەك لیست بەشداری بكەین بەڵام یەكێتیی ئامادەییان نەبوو"، لێپرسراوەكەی پارتی دانبەوەدادەنێت "نەبونی یەكدەنگی و فرە كاندیدی پەرتەوازەیی دروستدەكات و سودی بۆ هیچ لایەنێك و هاوڵاتیانیش نابێت".
حزبە كوردییەكان لە هەڵبژاردنی 2013ـی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین، تەنیا یەك كورسییان بە دەستهێنا لە چوارچێوەی هاوپەیمانی برایەتی و پێكەوەژیان لە كۆی 29 كورسی، لە هەڵبژاردنی 2009ـی ئەنجومەنی هەمان پارێزگادا كورد بە لیستی برایەتی و پێكەوەژیانی ئاشتی توانی دوو كورسی لە كۆی 28 كورسی بەدەستبهێنێت.
سەباح جومعە، جێگری لێپرسراوی كۆمیتەی ڕێكخستنی دوزخورماتووی شیوعی بە (كەركوك ناو)ـی وت "كاندیدێكی پیاومان لە چوارچێوەی هاوپەیمانی قیەمی مەدەنی هەیە، ئەوەی ئێستا رونە ئێمە و یەكێتیی و پارتی كاندیدەكانیان دیارە، حزبەكانی تر دیارنییە بەشداری دەكەن یان نا".
هاوپەیمانی قیەمی مەدەنی زیاتر لە 10 حزبی سونە لە خۆدەگرێت.
بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان ناكات، نەوەی نوێ تەنیا لە كەركوك بەشدارە و لایەنەكانی دیكەش لە نێویاندا یەكگرتووی ئیسلامی، بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو) باسیان لە دانانی كاندید بۆ سەڵاحەدین نەكردوە و نایانەوێت بۆ میدیا زانیاری ئاشكرابكەن.
ئەنجومەنی داهاتوی پارێزگای سهڵاحهدین، لە 15 كورسی پێكدێت كە چواریان بۆ كۆتای ژنان تەرخانكراوە، ئەوەش بەپێی ژمارەی دانیشتوان (زیاتر لە ملیۆنێك و 600 هەزار كەس) و پاڵپشت بە دوایین هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق و ئەنجومەنی پارێزگاكان دیاریكراوە.
نزیكەی پێنج كاندیدی كورد لە سەڵاحەدین هەن و ئەوەش گومانی تێدا نییە دەبێتە هۆی پەرتەوازەیی دەنگی كورد
لێپرسراوەكەی حزبی شیوعی دەڵێـت زیاد لە جارێك كۆبونەوەیان لەگەڵ حزبەكاندا كردوە، "تا یەكدەنگ و یەكڕیز بین، بەڵام بە داخەوە ئەوە نەكراوە و لایەنەكان بە جیا كاندیدیان دانا"، هەروەها رونیكردەوە رەنگە نزیكەی پێنج كاندیدی كورد لە سەڵاحەدین هەبن و ئەوەش "گومانی تێدا نییە دەبێتە هۆی پەرتەوازەیی دەنگی كورد".
لە ساڵی 2019ـدا، كە دەنگۆی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق هەبوو لەو ساڵەدا، حزبە كوردییەكان دوای چەندین كۆبونەوە رێككەوتن تەنیا بە كاندیدێكی ئافرەت لە سەڵاحەدین بەشداربن تا كورسییەكی ئەنجومەنی پارێزگا مسۆگەر بكەن.
كورد كە چەندین ساڵ پۆستی قایمقامی قەزای دوزخورماتوی بەدەستەوەبوو لە سەڵاحەدین، لە دوای روداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەری 2017ـەوە ئەو پۆستە و چەندین لێپرسراوێتی دیكەی لەدەستدا، بەشێك لە هاوڵاتیانی ناوچە كوردنشینەكانیش ئاوارەكان و هێشتا بەشێكیان نەگەڕاونەتەوە.
لە ئۆكۆتبەری 2017ـدا بەهۆی ئاڵۆزی نێوان هەردوو حكومەتی بەغدا و هەولێر بەهۆی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستانەوە، پێشمەرگە و هێزی كوردی لە ناوچەكانی جێناكۆك پاشەكشێیان كرد و لە هەندێك ناوچەی وەك دوزخورماتوو، بارگرژی رویدا و بەهۆیەوە، سەدان خانوو و دوكانی هاوڵاتیانی كورد سوتێنران و زیانیان بەركەوت.
حەسەن محەمەد پێیوایە ژمارەی كاندیدی كورد لە سەڵاحەدین دەگاتە پێنج كاندید، جگە لە یەكـێتیی و پارتی و شیوعی، هەندێك كەسی نزیك لە حەشدی شەعبی كاندیدێكی ژنیان داناوە و گروپێكی دیكەش وەك ناڕازی ناو یەكێتی دەیانەوێـت كاندیدیان هەبێت، "فرە كاندیدی باش نییە بۆ یەكڕیزی دەنگی كورد... بۆ مەعنەویاتی كوردی خراپە و لەڕوی ڕاگەیاندنیشەوە خراپە و زیانی هەیە و گەر هەر كەسێكیش دوو سەد دەنگ بسوتێنێت هەر زیانە.. هۆكاری یەكنەگرتنیشمان ئەو پەرتەوازەییەی ناوماڵی كوردە".
لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی تشرینی یەكەمی 2021ـدا، كورد بۆ یەكەمجار توانی لەسەر پشكی پارێزگای سەڵاحەدین (بازنەی دوزخورماتوو) كورسییەكی پەرلەمان بە زیاتر لە 12 هەزار دەنگ مسۆگەر بكات، لە كاتێكدا خولەكانی پێشوی هەڵبژاردنی پەرلەمان سەرباری دانانی كاندید بە جیا یان لەناو لیستە عەرەبییەكاندا، بەڵام هەر كورد نەیتوانی كورسی بەدەستبهێنێت.