خەڵكی تۆپزاوە كۆڵنادەن: رێگەنادەین سوپا سەربازگەی ئەنفال زیندوبكاتەوە

وێنەی دەستكاریكراو بە فۆتۆشۆپ: ئۆتۆمبێلی سەربازی لە بەردەم سەربازگەی كۆنی تۆپزاوە لەگەڵ چەند وێنەیەكی ناڕەزایی و مانگرتنی خەڵك فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو

محەمەد ئەڵماس – كەركوك

دانیشتوانی گوندی تۆپزاوە، سورن لەسەر دژایەتی هەوڵەكانی سوپای عیراقی بۆ نۆژەنكردنەوەی سەربازگەیەكی كۆنی ناوچەكە، كە بەلای هاوڵاتیانەوە یەكێكە لە "رەمز و یادەوەرییەكانی جینۆسایدی كورد و شاڵاوەكانی ئەنفال".

چەند هەفتەیەكە ژمارەیەك هاوڵاتی نیشتەجێی تۆپزاوە لە ناحیەی یایچی (خۆرئاوای كەركوك) خێوەتی ناڕەزاییان هەڵداوە و نایانەوێت هێزەكانی سوپا لە سنورەكەدا بمێننەوە.

"چەند رۆژێك لەمەوبەر جارێكیتر سوپا هاتەوە، كەرەستە و كۆنكرێتیان هێنابوو تا دەوروبەری سەربازگەكە بگرن، بەڵام گردبوینەوە و رێگریمان كرد، دواتر خالد شوانی، وەزیری داد دەستێوەردانی كرد و لەڕێی وەزیری بەرگرییەوە هێزەكەی سوپا پاشەكشێیان كرد" ساتح ناسح، نوێنەری مانگرتوانی تۆپزاوە بۆ (كەركوك ناو) وای وت.

لە مانگی رابردووەوە چەندینجار سوپا چۆتە گوندەكە تا ئامادەكاری بۆ نۆژەنكردنەوەی سەربازگەی تۆپزاوە بكەن بەڵام رێگری لێكراوە.

فیرقەی 11ـی سوپا دەیانویست لەو سەربازگەیە جێگیربن بە پاساوی ئەوەی موڵكی وەزارەتی بەرگرییە

"ئەم سەربازگەیە تایبەتمەندی خۆی هەیە، لە 1988ـدا ئەنفالكراوی تێدا بووە، بۆیە ناڕازین جارێكیتر بكرێتەوە بە سەربازگە"، ساتح دەڵێت سەربازگەكە كەوتۆتە ناو ماڵەكانی گوندەكەوە، لە بەشێكیشیدا خێزانی گوند نیشتەجێن، لە بەشێكی دیكەیدا هێزی پێشمەرگە هەبوون چەند ساڵێك لەمەوبەر و ئێستا هێزێكی حەشدی توركمانی خەڵكی ناوچەكەی تێدایە.

سەربازگەی تۆپزاوە لە ساڵی 1987ـدا دروستكراوە كاتێك خەڵكی گوندەكە بە زۆر راگوێزراون، دوای ساڵێك و لە كاتی شاڵاوەكانی ئەنفالی ساڵی 1988ـدا، بەپێی گێڕانەوەی شایەتحاڵ و بەڵگەنامەكان؛ هەزاران هاوڵاتی كورد لەو سەربازگەدا زیندانی كراون پێش ئەوەی بەرەو بیابانەكانی سەماوە و زیندانی نوگرە سەلمان بگوازرێنەوە.

فەلاح یایچلی، قایمقامی قەزای ناوەندی كەركوك بەوەكالەت كە ئاگاداری وردەكاری ئەو دۆسیەیە بە (كەركوك ناو)ـی وت "فیرقەی 11ـی سوپای عیراق، دوای بڕیاری چۆڵكردنی بارەگای فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان لە كەركوك دەیانویست لەو سەربازگەیە جێگیربن، بە پاساوی ئەوەی موڵكی وەزارەتی بەرگرییە و پێشتر سەربازگە بووە و نزیكە لە شارەوە، بەڵام دوای ناڕەزایی خەڵك، پێموابێت شوێنێكی دیكەیان بۆ جێگیربون لە نزیك رەشاد دۆزیوەتەوە".

بيناى فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان لە گەڕەكی شۆراوی كەركوك، بەبڕیاری سەرۆك وەزیران دەبوو رادەستی پارتی بكرێتەوە، كە چەند ساڵێكە بەجێیهیشتووە و سوپا چۆتە جێگاكەی، بەڵام خۆپیشاندانی ناڕەزایی ژمارەیەك هاوڵاتی بە پشتوانی بەرەی عەرەبی یەكگرتوو و دواتر خۆپیشاندانی پێچەوانەی خەڵكی رەحیماوە و بارگرژییەكانی هەفتەی رابردووی كەركوك، رادەستكردنەوەی بارەگاكەی پەكخست و دادگای فیدراڵی بڕیارەكەی راگرت.

drewene-1
كەركوك/ ئایاری 2023/ گردبونەوەی جوتیارانی گوندی تۆپزاوا و ژمارەیەك گوندی تر، دژی بڕیاری وەزارەتی بەرگری بۆ دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبون لەسەر زەوییە كشتوكاڵییەكانيان فۆتۆ: كەركوك ناو

شێرزاد محەمەد، دانيشتوى گوندی تۆپزاوە بە (كەركوك ناو)ـی وت "بەهیچ شێوەیەك قبوڵی ناكەین جارێكیتر ئەو سەربازگەیە نۆژەنبكرێتەوە، چونكە مێژویەكی تاڵمان لەگەڵیدا هەیە، كەسوكاری ئێمەی تێدا ئەنفال كراوە و دەبوو بكرێت بە مۆنۆمێنت نەك سەربازگە".

رێكخراوەكانی داكۆكیكار لە مافی كەسوكاری ئەنفالكراوان، زیاتر لە جارێك داوایانكردووە سەربازگەی تۆپزاوا لە فەوتان رزگاربكرێت، تا بكرێت بە مۆنۆمێنت، بەوپێیەی هەڵگری دەیان پەیام و چیرۆكی قوربانیانی ئەنفالە.

47 رێكخراو، كه‌سایه‌تی و چالاكوانی بواری ئه‌نفال لە راگەیەندراوێكدا، كە ئەمڕۆ شەممە بڵاویانكردەوە داوادەكەن بە یەكجاری بڕیاری نۆژەنكردنەوەی سەربازگەی تۆپزاوە رابگیرێت، چونكە لەكاتێكدا زەوییەكەی موڵكی كوردە و لە هەشتاكاندا كراوە بە موڵكی دەوڵەت، هاوكات زيندوكردنەی سەربازگەكە دژی پڕۆژەیاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی مەجلیسی سەورەی بەعس و بڕیارەکانی دادگای باڵای تاوانەکانە لە دۆسیەی ئەنفالدا، كە بڕیاری قەرەبوکردنەوەی مەعنەوی قوربانیانی دەرکردووە و پاراستنی ئەو سەربازگەیەش لە چوارچێوەی ئەو قەربووە مەعنەوییەدایە.

یەكەمجار نییە سوپا داوای سەربازگەی تۆپزاوە بكات، لە 2021ـیشدا هەوڵیدا نۆژەنی بكاتەوە، بەڵام ناڕەزایی لێكەوتۆتەوە و ئەوكات بڕیارەكە راگیرا.

قبوڵی ناكەین جارێكیتر ئەو سەربازگەیە نۆژەنبكرێتەوە، چونكە مێژویەكی تاڵمان لەگەڵیدا هەیە

شێرزاد محەمەد دەڵێت لە ناوچەكەدا نزیكەی هەزار خێزان هەن، كە نزیكن لە سەربازگەكە و ناكرێت سوپا لەناو ماڵەكاندا جێگیربن، "مەحاڵە ژیان وابڕواتە سەر، تەنانەت شوێنی ئەو سەربازگەیە بە تاپۆی رەش موڵكی خەڵكە نەك حكومەت".

بەگشتی زەوییە کشتوکاڵییەکانی گوندی تۆپزاوا و ژمارەیەك گوندی تری هەمان سنور، کێشەیەکی تریان هەیە، ئەویش ئەوەیە لە ئاداری ئەمساڵ تیمێکی وەزارەتی بەرگری عیراق چونە سەریان و ئاگاداریان كردونەتەوە كە زەوییەكان دەكرێن بە یەکەی نیشتەجێبون بۆ ئەندامانی سوپا و جەختیانكردۆتەوە "ئەم زەوییانە موڵکی وەزارەتی بەرگری عیراقن".

نوێنەری مانگرتوان تۆپزاوە وتی "ھیچ دەسەڵاتێكمان نەبێت و نەتوانین رێگری بكەن كە سوپا لە ناوچەكەدا جێگیربێت و سەربازگەكە نۆژەنبكاتەوە، ئەوا ناچار ئەبین ناوچەكە چۆڵبكەین".

یەكلاییكردنەوەی چارەنوسی خاوەندارێتی زەوی كشتوكاڵی زۆربەی ناوچەكانی كەركوك لە چوارچێوەی رێكارەكانی ماددەی 140ـی دەستوری عیراقیدایە كە لیژنەی جێبەجێكردنەكەی بەپێی كارنامەی حكومەتی ئێستای فیدراڵی چالاككراوەتەوە و كارەكانیان دەستپێكردۆتەوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT