ئێزیدی و شەبەك كۆتا تێدەپەڕێنن
10 كورسییەكەی كەمینە زیاتر لە 42 هەزار دەنگیان بەدەستهێنا

دەنگدان بۆ ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق / 18ـی كانونی یەكەمی 2023 فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

كەمینەكانی عیراق، بە زیاتر لە 42 هەزار دەنگ كورسییەكانی كۆتایان یەكلاكردەوە و لە ڕێی هەندێك لیستی دیكەوەش كورسی زیاتریان بەدەستهێنا.

بەپێی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق، 10 كورسییەكەی كۆتای كریستیان، سابیئەی مەندائی، كوردی فەیلی، ئێزیدی و شەبەك پێكەوە 42 هەزار و 322 دەنگیان بەدەستهێناوە.

48 كاندید لە كێبڕكێدابون بۆ ئەو 10 كورسییە كە سێ كورسییان لە ئەنجومەنی پارێزگای بەغدایە، سێ كورسی لە نەینەوا، لە ئەنجومەنی پارێزگاكانی كەركوك، بەسرە، مەیسان و واست یەكی یەك كورسی بۆ كۆتا تەرخانكرابوو.

ئێزیدی كە تەنیا یەك كورسی كۆتای لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا هەیە، لە بەرژەوەندی عیدان شیڤان شرۆ یەكلابۆوە بە شەش هەزار و 582 دەنگ، بەڵام لەناو لیستەكانی دیكەشدا، دوو كورسییان مسۆگەر كرد، ئەوانیش هەریەك لە ئێریڤان مەهدی، بە شەش هەزار و 517 دەنگ لە لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان و وەسام سالم، بە سێ هەزار و 611 دەنگ لە لیستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.

"لەم خولەی ئەنجومەنی پارێزگا تەنیا سێ كورسییمان هەیە وەكو ئێزیدی لە كاتێكدا خولی پێشوو هەشت كورسییمان هەبوو بە كورسییەكەی كۆتاوە، هۆكارەكەش بەهۆی كەمی بەشداری دەنگدەرانی ئێزیدییە" بەوتەی بەرەكات شەمۆ، كاندیدی ئێزیدی دەرنەچوو لە لیستی پارتی، بۆ (كەركوك ناو).

تەنیا چوار كاندیدی ئێزیدی چاویان لە كورسی كۆتا بوو بەڵام 25 كاندیدی دیكەی هەمان كەمینە لە چوارچێوەی لیست و هاوپەیمانێتییەكاندا بۆ كورسی گشتی كاندید بون.

snjar
نەینەوا/ كانونی یەكەمی 2023/ بنكەیەكی دەنگدان لە شنگال كە زۆرینە ئێزیدین فۆتۆ: كەركوك ناو

كاروان باعەدری، رۆژنامەنوسی ئێزیدی كە بەدواداچونی بۆ دابەشبونی دەنگی ئێزیدییەكان كردووە، بە (كەركوك ناو)ـی وت بە گشتی 63 هەزار و 227 ئێزیدی دەنگیانداوە، لەو ژمارەیە 30 هەزار و 238 دەنگ بۆ پارتی بووە بەڕێژەی لە سەدا 48، پاشان یەكێتی 13 هەزار و 151 دەنگی بردووە بەرێژەی لەسەدا 21، بەدوای ئەودا سێ هەزار و 511 دەنگ بۆ پارتی ئازادی و دیموكراتی بووە بەرێژەی لە سەدا 15.

هەروەها ئاماژەی بەوەدا زیاتر لە 17 هەزار دەنگی ئێزیدی بۆ كاندیدی كۆتا رۆیشتووە، كە رێژەی لە سەدا 27 دەكات و لە نێویاندا عیدان شیڤان براوە بووە.

لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، شەبەك هاوشێوەی ئێزیدی كۆتای تێپەڕاندووە، جگە لە تاكە كورسییەكەی خۆی، كە بۆ محەمەد عارف یوسف بووە بە 14 هەزار و 440 دەنگ، لە نێو لیستی حەدبا كاندیدێكی دیكەی شەبەك (مەعاز حەجی عەباس) بە پێنج هەزار و 662 توانی كورسی بەدەستبهێنێت.

پێنج كاندید چاویان لەسەر بەدەستهێنانی كورسی كۆتا بوو.

"لە ئەنجومەنی نوێی پارێزگای نەینەوا شەبەك خاوەنی دوو كورسییە، یەكێكیان كۆتا و ئەویتر لە لیستی حەدبا بوو" غەزوان حامد داودی، كاندیدی دەرنەچوی شەبەك بۆ (كەركوك ناو) وای وت، دەڵێت "زۆرینەی شەبەك" كارتی بایۆمەترییان وەرنەگرتۆتەوە و مافی دەنگدانیان نەبووە، ئەوەش كاریگەری لەسەر دەنگ و پێگەی شەبەك هەبووە.

كریستیان چوار كورسییان هەبوو؛ كە هەموو بۆ كاندیدەكانی بزوتنەوەی بابلیۆن یەكلابۆوە، لە كەركوك ئەنجیل زیا شیبا، ژنە كاندید بە هەزار و 703 دەنگ، لە بەغدا فائز سەباح عەبوش بە سێ هەزار و 522 دەنگ، لە نەینەوا رەبیع یوسف ئەلیاس بە شەش هەزار و 195 دەنگ و لە بەسرە كۆتای كریستیان تەنیا بە 987 دەنگ بۆ نائل غانم عەزیز حەنا بوو.

16 كاندیدی كریستیانی لە كێبڕكێی بەدەستهێنانی ئەو چوار كورسییەدا بون.

shexan 3pm 18.12.2023 (11)
نەینەوا/ كانونی یەكەمی 2023/ ژنە دەنگدەرێكی بە تەمەن لە قەزای شێخان فۆتۆ: كەركوك ناو

كوردی فەیلی دوو كورسی كۆتایان هەیە، یەكێكیان لە ئەنجومەنی پارێزگای بەغدایە و بۆ عامر داود ئیبراهیم، بە سێ هەزار و 892 دەنگ یەكلابۆتەوە و ئەویتر لە پارێزگای واست بە دوو هەزار و 285 دەنگ بۆ عادل محەمەد كازم بووە.

سەركەوتنی ئەو دوو كاندیدە لە ناو 13 كاندیدیدا بوو كە كێبڕكێیان دەكرد.

بەهەمانشێوە سابیئەی مەندائی دوو كورسی كۆتای هەیە، لە ئەنجومەنی پارێزگای بەغدا خەلدون فەرەج جابر، بە هەزار و 194 دەنگ براوە بووە و لە ئەنجومەنی پارێزگای مەیسان ریاز عەبدولواحد شلاكە، بە هەزار و 522 دەنگ كورسییەكەی بۆ خۆی مسۆگەر كردووە.

ئەو دوو كورسییە 10 كاندیدی ئەو پێكهاتەیە كێبڕكێی بەدەستهێنانیان كرد.

لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق، كە 18ـی كانونی یەكەمی 2023 بەڕێوەچوو، زیاتر لە 16 ملیۆن هاوڵاتی مافی دەنگدانیان هەبوو بۆ هەڵبژاردنی 285 ئەندامی ئەنجومەن لە 15 پارێزگادا، لە نێویاندا ئەو كورسییەی بەپێی یاسای هەڵبژاردن بۆ كەمینەكان تەرخانكرابوو.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT