دوو كاندیدی كاكەیی لە كەركوك و نەینەوا، بە دەنگی خۆیان كورسی ئەنجومەنی پارێزگا مسۆگەر دەكەن، ئەوەش "بۆ یەكەمجارە" و بەبێ ئەوەی كۆتایان هەبێت.
بەپێی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق، كە 18ـی كانونی یەكەمی 2023 بەڕێوەچوو، هۆشیار هجران كاكەیی، لە (هاوپەیمانی كەركوك هێز و ئیرادەمانە) بە حەوت هەزار و 108 دەنگ و محەمەد جاسم كاكەیی، لە (ئیتیحاد ئەهل نەینەوا) بە سێ هەزار و 738 دەنگ براوە بوون.
ئەو دوو هاوپەیمانێتییە لە كەركوك و نەینەوا پێكهێنەری سەرەكییان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە.
هۆشیار هجران، كاندیدی سەركەوتوو بۆ ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بە (كەركوك ناو)ـی وت "گرنگە لەم خولەدا بۆ یەكەمجار وەك كاكەییەك بوم بە ئەندامی ئەنجومەن تا بتوانم لە هەموو سێكتەرەكاندا خزمەتیان بكەم"، ئەو دەڵێت لە پێشەنگی كارەكانیدا هەوڵ بۆ ئاوەدانی گوندەكانی كاكەیی نشین، چارەسەری كێشەی زەوی و زار و هەڵگرتنی قەدەغەی هاتوچۆی شەوانەیە لە ناوچەكانی كاكەیی.
كاكەیی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا، لە چوارچێوەی هەردوو لیستی یەكێتیی و پارتی دیموكراتی كوردستاندا هەشت كاندیدیان هەبوو، چواریان لە پارێزگای كەركوك، سێ كەسیان لە پارێزگای دیالە و یەكێكیان لە پارێزگای نەینەوا، بە هەموویان پێكەوە زیاتر لە 18 هەزار دەنگیان بەدەستهێناوە.
دەنگی كاندیدەكانی كاكەیی زیاتر لە 10 هەزاریان لە كەركوك، نزیكەی چوار هەزار لە دیالە و زیاتر لە سێ هەزار و 700 دەنگیان لە نەینەوا بووە، بەڵام تەنیا لە كەركوك و نەینەوا كورسییان مسۆگەر كرد.
محەمەد جاسم، كاندیدی سەركەوتوو بۆ ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بە (كەركوك ناو)ـی وت "یەكەمجارە" كاكەیی دەچێتە ئەنجومەن و وتی "هەوڵی خزمەتكردنی خەڵك بە گشتی و كاكەیی بە تایبەتی دەدەم، بۆ ئەوەش بیرۆكەی چەند پرۆژەیەكی ستراتیژیم بۆ گوندەكانی كاكەیی نشین هەیە، لەوانە كاركردن بۆ دروستكردنی نەخۆشخانە، هەروەها فەراهەمكردنی دامەزراندن و هەلیكار".
پێكهاتەی كاكەیی لە هەموو عیراق و هەرێمی كوردستان، بە پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكانیشەوە، تەنیا یەك كورسی كۆتایان لە ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجە بۆ تەرخانكراوە كە دیارنییە كەی پێكدەهێنرێت، بەڵام بهردهوام له نێو لیست و قهوارهكانی دیكەدا كاندیدیان هەبووە و لە خولی ئێستای پەرلەمانی عیراق، دوو كورسییان لە پشكی كەركوك و نەینەوا هەیە.
ماڵپەڕی (كەركوك ناو)، لە چەند ساڵی رابردودا گرنگی تایبەتی بە دۆسیەی كاكەیی داوە و بەردەوام بە راپۆرت و بەدواداچون دەنگی ئەو پێكهاتەیەی گەیاندووە، لە نێویاندا داواكاریی ئەوان بۆ تەرخانكردنی نوێنەرایەتی لە دامودەزگاكانی یاسادانان و جێبەجێكردندا، بەوپێیەی لە زۆربەی دەسەڵاتە ئیداریی و سەربازییەكانی ناوچەكانی نیشتەجێبونی خۆیشیاندا بێبەشن.
كاكەیی؛ بە ئەهلی حەق و یارسانیش ناسراون، ئایینی تایبهت به خۆیان ههیه، بهڵام لە دەستورى عیراقدا بەفەرمى نەناسێنراوە، لە كاتێكدا بهپێی یاسای مافی پێكهاتهكان له ههرێمی كورستان؛ ئایینی كاكهیی، وهك یهكێك له ئاینزاكان دانی پێدانراوه، ئەوان بە زۆری لە كەركوك، نهینهوا، هەڵەبجە، ههولێر، خانەقین و چهند شوێنێكی تری دیاله نیشتەجێن، بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان ژمارەیان بە زیاتر لە 100 هەزار کەس مهزندهدهكرێت.