كــاكـەییەكان یەكدەنگ نین
هەشت كاندیدیان لە لیستەكانی پارتی و یەكێتیدا هەیە

كه‌ركوك/ 2020/ غالب وه‌لی، كەسایەتی كاكەیی له‌ نێو ده‌رگای ژورێكی خانوه‌ چۆڵه‌كه‌یدا له‌ گوندی زه‌نقری داقوق فۆتۆ: محه‌مه‌د ئه‌ڵماس

محەمەد ئەڵماس – كەركوك ناو

كاكەییەكان بە هەشت كاندید دەچنە ململانێی هەڵبژاردنەوە، ئەوەش تەنیا لە سێ پارێزگا و لە چوارچێوەی دوو حزبی سیاسیدا، بەبێ ئەوەی كورسی كۆتایان هەبێت.

كاندیدەكانی كاكەیی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق، هەموویان لە لیستەكانی پارتی دیموكراتیی كوردستان و یەكێـتیی نیشتمانیی كوردستانن؛ لەو هەشت كاندیدە چواریان لە پارێزگای كەركوك، سێ كەسیان لە پارێزگای دیالە و یەكێكیان لە پارێزگای نەینەوایە.

"دڵنیات دەكەمەوە، نەك هەشت كاندید، 80 كاندیدیشمان هەبێت و هەموویان دەنگی تەواو بهێنن و دەربچن، مادام سەر بە حزبەكانن، جا هەر حزبێك بێت، ئەوا بەوهۆیەوە ناتوانن بەردێكمان بۆ بخەنە سەر بەرد" نەوزاد محەمەد، یەكێك لە كاكەییەكانی نیشتەجێی كەركوك وای وت.

ئەو هاوڵاتییە باس لە "پەرتەوازەیی" كاكەییەكان دەكات و پێیوایە ون بون، بە (كەركوك ناو) وت "ون بوین لە نێوان مەزهەب و عەشيرەت و قەبیلەدا، كاكەیی ئەگەر خۆی یەكلابكاتەوە ئەوكات دەتوانێت لیستی خۆی هەبێت، قەبارە و دەنگی دەربكەوێت".

كاكەیی؛ بە ئەهلی حەق و یارسانیش ناسراون، ئایینی تایبه‌ت به‌ خۆیان هه‌یه‌، به‌ڵام لە دەستورى عیراقدا بەفەرمى نەناسێنراوە، لە كاتێكدا به‌پێی یاسای مافی پێكهاته‌كان له‌ هه‌رێمی كورستان؛ ئایینی كاكه‌یی، وه‌ك یه‌كێك له‌ ئاینزاكان دانی پێدانراوه‌.

zanqar-1
كه‌ركوك/ 2020/ گوندی زه‌نقه‌ری كاكه‌یی نشین لە قه‌زای داقوق  فۆتۆ: كەركوك ناو

"تا پێناسەیەكی جوانی خۆمان نەكەین، كاندیدی سەربەخۆمان نابێت، ئێمە جارێك دەڵێین مەزهەبین، جارێكیتر دەڵێین عەشیرەت یان قابیلە، ... كەسانێك بەناوی پاراستنی نهێنی ئایینەوە خەڵكیان ترساندووە و تاكی كاكەیی ناوێرێت بڵێی ئێمە ئایینین" بەوتەی نەوزاد.

نيگەرانی ناوبراو لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، لە عیراق چەندین پێكهاتەی ئایینیی كورسی كۆتایان بۆ دانراوە لە ئەنجومەنی پارێزگا و پەرلەماندا، بەڵام كاكه‌ییه‌كان له‌ ته‌واوی عیراقدا كورسی كۆتایان نییه‌، جگه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ كه‌ هێشتا پێكنه‌هێنراوه‌.

بەپێی یاسای هەڵبژاردن؛ كەمینەكانی كریستیان چوار كورسی، كوردی فەیلی دوو كورسی، سابیئەی مەندائی دوو كورسی، ئێزیدی و شەبەك یەكی كورسییەكی كۆتایان لە ئەنجومەنی پارێزگادا هەیە.

مەسعود مەلا پەروێز، كاندیدی كاكەیی لەسەر لیستی پارتی لە كەركوك بە (كەركوك ناو)ـی وت "چەند هۆكارێك وایكردووە تەنیا یەك كاندیدی كاكەیی نەبێت و زیاتربن، لەوانە حزبایەتی و ململانێی نێوان خۆمان، جگە لە بەرژەوەندی تایبەتی بەشێك لەوانەی لە پشت پەردەوە خۆیان كردووە بە خاوەنی كاكەیی".

كاكه‌ییه‌كان زیاد له‌ جارێك هه‌وڵیانداوه‌ كورسی كۆتایان لە ئەنجومەنی پارێزگا، یان پەرلەمانی عیراق و هەرێمی كوردستان بۆ ته‌رخانبكرێت، به‌ڵام بەردەوام هەوڵەكانیان ئەنجامی نەبووە.

فرە كاندیدی دەنگەكانمان پەرتەوازە دەكات

"ئێمە خۆمان یەكلانەكردۆتەوە تا وەك كەمینەكانی تر كورسی كۆتامان هەبێت، یان ببینە خاوەنی قەوارەیەكی تایبەت بە خۆمان و ناچارنەبین پەنا بۆ حزبەكانی تر ببەین، بۆیە ناتوانین بەمشێوەیەی ئێستا پشت بە دەنگدەری كاكەیی ببەستین بۆ دەرچون چونكە پەرتەوازەن" مەسعود مەلا پەروێز وادەڵێت.

بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو)، لە چوار كاندیدەكەی كەركوك یەكێكیان یەكێتییە بەناوی وشیار هیجران ئاغا، ئەوانیتر لە لیستی پارتین و پێكهاتون لە مەسعود مەلا پەروێز، مام یاوەر و عەدنان كامل، لە دیالە (خانەقین) پارتی دوو كاندیدی هەیە؛ ئاڤان ئازاد و حەنان ئەسەدەڵا لەگەڵ یەك كاندیدی یەكێتی بەناوی سەباح كەریم، بەڵام لە نەینەوا تەنیا یەكێتی كاندیدی هەیە كە محەمەد جاسم-ـە.

محەمەد جاسم، كاندیدی كاكەیی لە نەینەوا بە (كەركوك ناو)ـی وت "كاكەییەكان بەسەر یەكێتی و پارتیدا دابەشبون، بێلایەنمان زۆر كەمە.. ئەگەر كاندیدی سەربەخۆش دابنرێت ئەستەمە دەنگی پێویست بهێنێت، هەرچەندە فرە كاندیدی دەنگەكانمان پەرتەوازە دەكات"، پێشیوایە دانانی زیاتر لە كاندیدێك لە یەك لیستدا تەنیا بە ئامانجی "بردنی دەنگی كاكەییەكانە"، نەك سەرخستنی كاندیدێكی پێكهاتەكە.

هه‌رچه‌نده‌ به‌رده‌وام له‌ نێو لیست و قه‌واره‌كاندا كاندیدی كاكەیی بونی هەیە، به‌ڵام ده‌نگی پێویستیان به‌ده‌ستنه‌هێناوه‌ بۆ گەیشتن بە پەرلەمان و دواجار لەم خولەی پەرلەمانی عیراق، توانییان ببنە خاوەنی دوو كورسی لە پشكی كەركوك و نەینەوا، لە چوارچێوەی لیستەكانی پارتی و یەكێتیدا.

"گەورەترین كێشەی ئێمە ئەو دابەشبونەیە كە هەیە؛ هەندێك وەك عەشیرەت و بەشێك وەك مەزهەب خۆی دەبینێت، ئەوەش وایكردووە نەتوانین كاندیدی بێلایەنمان هەبێت و كورسی كۆتا بەدەستبهێنین و دەنگی خۆمان هەبێت، ئێستاش بەسەر دوو حزبدا دابەشبوین و ئەوانەی هەن كار بۆ بەرژەوەندی حزبی دەكەن پێش بەرژەوەندی كاكەیی" لەیلا سادق، هاوڵاتی كاكەیی لە داقوق، بۆ (كەركوك ناو) وای وت.

kakaiy (2)
نه‌ینه‌وا/ 2019/ مه‌زارێكی ئایینی كاكه‌یی له‌نه‌ینه‌وا دوای نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی فۆتۆ: تایبه‌ت به‌ كه‌ركوك ناو

كاکەییەکان لە چەندین ناوچه‌ی عیراقدا دەژین، بە زۆری لە كەركوك، نه‌ینه‌وا، هەڵەبجە، هه‌ولێر، خانەقین و چه‌ند شوێنێكی تری دیاله‌ نیشتەجێن، بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان ژمارەیان بە زیاتر لە  100 هەزار کەس مه‌زنده‌ده‌كرێت.

رەجەب عاسی كاكەیی، چاودێر و چالاكوانی مەدەنی بەپێی بەدواداچونی خۆی بۆ دەنگدەری كاكەیی لە عیراق دەڵێت، 20 بۆ 22 هەزار دەنگدەریان لە كەركوك هەیە، لە موسڵ نزیكەی 15 هەزار و لە خانەقین پێنج هەزار دەنگدەریان هەیە، "بۆیە كۆتا باشترین بژاردەیە بۆ ئێمە تا خۆمان لەناو ئەم فەزا سیاسییەدا بدۆزینەوە كە هەیە" عاسی لەگەڵ ئەوەشدا پێیوایە كاندیدی كاكەیی بێلایەن لەم بارودۆخەی ئێستادا ئەگەر پێگەیەكی بەهێزی كۆمەڵایەتی نەبێت، ناتوانێت بچێتە كێبڕكێكانەوە.

ماڵپەڕی (كەركوك ناو)، لە چەند ساڵی رابردودا گرنگی تایبەتی بە دۆسیەی كاكەیی داوە و بەردەوام بە راپۆرت و بەدواداچون دەنگی ئەو پێكهاتەیەی گەیاندووە، لە نێویاندا داواكاریی ئەوان بۆ تەرخانكردنی نوێنەرایەتی لە دامودەزگاكانی یاسادانان و جێبەجێكردندا، بەوپێیەی لە زۆربەی دەسەڵاتە ئیداریی و سەربازییەكانی ناوچەكانی نیشتەجێبونی خۆیشیاندا بێبەشن.

رەجەب عاسی كاكەیی بە (كەركوك ناو)ـى وت كاكەیی خۆی جیاناكاتەوە لە كورد، بۆیە زیاتر لە كاندیدێكیان هەیە و نەیانتوانیووە پارتێكی جیا بۆ خۆیان دروستبكەن، چونكە "لەڕوی نەتەوەییەوە كوردین و تەنیا جیاوازی باوەڕمان هەیە، ئەوەش وایكردووە بەرانبەرەكانمان وەك پێكهاتەیەكی جیاواز سەیرمان بكەن، هەرچەندە لە دابونەریت و كەلتوردا هاوشێوەین".

هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بڕیارە لە 18ـی كانونی یەكەمی 2023 بەڕێوەبچێت؛ ئەو هەڵبژاردنە لە ساڵی 2013ـەوە لە پارێزگاكانی عیراق نەكراوە و كەركوكیش بۆ یەكجار و تەنیا ساڵی 2005 لەو پرۆسەیەدا بەشداربووە. ئەنجومەنی داهاتوی پارێزگای كەركوك لە 16 كورسی پێكدێت بە كۆتای كریستیانەوە، نەینەوا دەبێتە 29 كورسی بە كۆتای كریستیان، ئێزیدی و شه‌به‌ك، پارێزگاكانی دیاله‌ش 15 كورسی ئه‌نجومه‌نی بۆ دیاریكراوه.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT