یەكەم كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك
راكان جبوری سەرۆكایەتی دەكات و هیچ پۆستێك یەكلاییناكرێتەوە

ئەندامانی هەڵبژێردراوی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك

كەركوك ناو

ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، بڕیارە یەكەم كۆبوونەوەی بە سەرۆكایەتی راكان جبوری بكات، بەبێ رێككەوتنی كۆتایی و یەكلاییكردنەوەی هیچ پۆستێكی ئیدارەی نوێ.

ئەو كۆبوونەوەیەی 11ـی تەمموز لەسەر داواكاری محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عیراقە بە بەشداری هەموو كوتلەكانی ئەنجومەنی پارێزگا، دوای ئەوەی لە نزیكەی حەوت مانگی رابردوودا نەیانتوانی بگەن بەرێككەوتن بۆ دابەشكردنی پۆستەكانی ئەنجومەن و حكومەتی خۆجێی كەركوك.

سودانی درەنگانی شەوی رابردوو 9ـی تەمموز لە راگەیەندراوێكدا بانگهێشتی ئەندامانی براوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکی كرد بۆ یەكەم كۆبوونەوە بە سەرۆكایەتی بە تەمەنترین ئەندام و داوایكرد، لایەنە سیاسییەكان هاوکاربن بۆ جێبەجێکردنی ئەوەی لە دانوستانەكاندا لەسەری ڕێککەوتوون و لەگەڵ تەواوكردنی گفتوگۆكان لە رۆژانی داهاتوودا.

بە تەمەنترین ئەندامی هەڵبژێردراوی ئەنجومەنی پارێزگا، راكان سەعید جبوری پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوكە، كە پێشتر بەهۆی پۆستەكەیەوە سوێندنی دەستبەكاربوونی نەخواردووە و ئەمڕۆ چوارشەممە 10ـی تەمموز لە دادگا، سوێندنی یاسایی وەك ئەندامی ئەنجومەن خوارد و بڕیارە سەرۆكایەتی یەكەم دانیشتنی ئەنجومەن بكات، بەپێی سەرچاوەیەك بۆ (كەركوك ناو).

ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، هەموو ئامادەكارییەكی بۆ یەكەم كۆبوونەوە كردووە، هۆڵی دانیشتن و گفتوگۆ ئامادەكراوە و بەوتەی لێپرسراوانی ئەنجومەن، بڕیارە هەموو كوتلە براوەكان بەشداری بكەن، بەپێی پەیامنێری (كەركوك ناو) كە ئەمڕۆ چوارشەممە لە ئەنجومەنی پارێزگا بوو.

anjwmani kirkuk  (2)
كەركوك/ 10ـی تەمموزی 2024/ ئامادەكردنی هۆڵی یەكەم كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا فۆتۆ: كەركوك ناو

حەسەن مەجید، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگا بە (كەركوك ناو)ـی وت وەكو كورد و بە دیاریكراوی وەك پارتی بەشداری یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا دەكەن، "كۆبوونەوەكە بۆ شەرعیەتدانە بە ئەنجومەن و دەستبەكاربونی ئەندامانی ئەنجومەنە.. وایدەبینین كۆبوونەوەكە دەبێتە فاتیحایەكی خێر تا ببێتە هۆی رێككەوتن و یەكلاییكردنەوەی ئیدارەی نوێ".

هەروەها ئاماژەی بەوەدا تائێستا هیچ رێككەوتنێكی كۆتایی و لێكتێگەیشتنی نوێ لەسەر یەكلاییكردنەوەی پۆستەكان نییە، "ئێمە تەئكید لەوەدەكەینەوە كە پۆستی پارێزگار بەپێی شایستەی هەڵبژاردن دەبێت بۆ كورد بێت".

داواكارییەكەی سودانی بۆ كۆبوونەوە دوای ئەوەهات، لە شوباتی ئەمساڵەوە تا كۆتایی ئایار، سەرپەرشتی سێ كۆبوونەوەی كرد بە بەشداری هەموو كوتلەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك و هاوپەیمانی ئیدارەی كەركوكیان پێكهێنا، بەڵام نەگەیشتن بە رێككەوتن لەسەر دابەشكردنی پۆستەكانی ئیدارەی نوێ، بە تایبەت پۆستی پارێزگار.

ئەحمەد رەمزی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا لە فراكسیۆنی بەرەی توركمانی بە (كەركوك ناو)ـی وت فراكسیۆنەكەیان بەشداری یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجومەن دەكات، "ئەو كۆبوونەوەیە بۆ شەرعیەتدانە بە ئەنجومەنی پارێزگا"، رەتیشیكردەوە هیچ رێككەوتنێك بۆ هەڵبژاردنی كاندیدی پۆستەكان هەبێت لەو دانیشتنەدا.

ئەنجومەنی پارێزگا بەپێی یاسا دەبوو تا 6ـی شوباتی ئەمساڵ یەكەم دانیشتن بكات و پۆستەكانی سەرۆكی ئەنجومەن و جێگری سەرۆك یەكلاییكاتەوە، تا دواتر و لە ماوەی 30 رۆژدا، پارێزگار و دوو جێگرەكەشی هەڵبژێرن، بەڵام نزیكەی حەوت مانگ بەسەر هەڵبژاردندا تێدەپەڕێت و هێشتا ئەندامانی ئەنجومەنیش بە رەسمی دەستبەكارنەبوون.

sudani.kirkuk
بەغدا/ ئایاری 2024/ كۆبونەوەی ئیدارەدانی كەركوك بە سەرۆكایەتی سودانی فۆتۆ: راگەیاندنی سەرۆك وەزیران

پەیامنێری (كەركوك ناو) لە زاری لێپرسراوانی ئەنجومەنەوە ئاماژەی بەوەدا، هیچ ئەندامێكی ئەنجومەن بە رەسمی دەستبەكارنەبووە، بەوهۆیەوە مافەكانی پێنادرێت، لە مووچە و ئۆتۆمبێل و ئیمتیازاتەكانی دیكە، تا یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجومەن نەكرێت.

(كەركوك ناو) لە بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممەوە تا دوانیوەڕۆ، چەند جارێك پەیوەندی بە زیاتر لە 10 ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگاوە كردووە لە كوتلەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، هاوپەیمانی عەرەبی، تەقەدوم و عروبە، بەڵام كەسیان وەڵامی پەیوەندییەكانیان نەدایەوە.

ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە 16 ئەندام پێكهاتووە، كورد حەوت كورسی هەیە (5 یەكێتی و 2 پارتی)، عەرەب شەش كورسی هەیە (هاوپەیمانی عەرەبی كەركوك 3، قیادە 2، هاوپەیمانی عروبە 1)، بەرەی توركمانی دوو كورسی و كریستیانەكانیش كورسییەكی كۆتایان هەیە، پێویستە لانیكەم 9 ئەندام ئامادەبن تا یەكەم كۆبونەوەی ئەنجومەن بكرێت.

لە 15 پارێزگاكەی ژێر دەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵی، تەنیا كەركوك و دیالە بەهۆی ناكۆكییەكانەوە ئیدارەی نوێی خۆجێیان پێكنەهێناوە، مشتومڕی سەرەكیی لە كەركوك پەیوەندی بە پۆستی پارێزگارەوە هەیە، كە لە هەڵبژاردنی 2005ـەوە لای كورد و لە ئۆكتۆبەری 2017ـەوە كەوتۆتەوە دەستی عەرەب.

ئێستا نەتەوەی كورد بە حەوت كورسییەوە، لە نێویاندا یەكێتیی پۆستی پارێزگار بە مافی خۆی دەزانێت، لە كاتێكدا نەتەوەی عەرەب بە دیاریكراوی هاوپەیمانی عەرەبی كە راكان سەعید سەرۆكایەتی دەكات هەوڵدەدەن پۆستەكە لای ئەوان بمێنێتەوە و توركمانیش دەیانەوێت پۆستەكە لە نێوان هەرسێ نەتەوەكەدا لەو چوار ساڵەدا دەستاودەست بكات.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT