پارتی دیموكراتی كوردستان، سورە لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكی یەكە ئیدارییەكانی پارێزگای نەینەوا، بۆ ئەوەش سكاڵای لە دادگای فیدراڵی تۆماركردووە و ئێستا خۆی وەكو ئۆپۆزسیۆن دەناسێنێت.
ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، بە ئامادەبونی زیاتر لە نیوەی ئەندامەكانی سەرەتای ئەم مانگە پرۆسەی هەڵبژاردنی بۆ حەوت قایمقام و 13 بەڕێوەبەری ناحیە ئەنجامدا، لەوكاتەشەوە فراكسیۆنەكانی پارتی و هاوپەیمانی نەینەوا موەحەدە كە بایكۆتی دانیشتنەكەیان كرد، ناڕازین و ئەندامێتییان لە ئەنجومەن هەڵپەساردووە.
ئەحمەد کیکی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بە (كەركوك ناو)ـی وت "لە دادگای فیدراڵی سكاڵامان تۆماركردووە دژی دانیشتنەكەی ئەنجومەن و چاوەڕێی ئەنجامی دادگاییەكە دەكەین، تا بزانین بڕیاری داهاتوومان چی دەبێت، بەڵام ئێستا لەگەڵ نەینەوا موەحەدە ئۆپۆزسیۆنین و بەشداری دانیشتنەكانی ئەنجومەنیش ناكەین".
هەروەها جەختیكردەوە داواكارییەكی دیكەیان ئەوەیە سەرۆكی ئەنجومەن و جێگری سەرۆكی ئەنجومەن بگۆڕدرێن، چونكە "پێشێلیی پەیڕەوی ناوخۆیان كرد لە ئەنجامدانی ئەو دانیشتنەی ئەنجومەن" بەبێ ئەوەی پێشێلكارییەكە رونبكاتەوە.
دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەن، وەك یەك پاكێج لەگەڵ پارێزگار و جێگرەكانیدا بە رێككەوتنی نێوان هەموو كوتلەكان لە نێویاندا نەینەوا موەحەدە، چەند مانگێك لەمەوبەر هەڵبژێردران.
داواكاریمان ئەوەیە سەرۆكی ئەنجومەن و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا بگۆڕدرێن
كیكی رەتیكردەوە هیچ هەوڵێك هەبێت بۆ قایلكردنی پارتی بە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكی یەكە ئیدارییەكان لەڕێی پێدانی چەند پۆستێكەوە لە نەینەوا، "داواكاریمان روون و ئاشكرایە كە ئەنجامی ئەو دانیشتنەی ئەنجومەن هەڵبوەشێنرێتەوە و دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەن بگۆڕدرێن".
ئەنجومەنی پارێزگا بۆتە دوو بەرە؛ هاوپەیمانی نەینەوا موستەقبەل كە سەرۆكی یەكە ئیدارییەكانی هەڵبژارد، خاوەنی 16 كورسییە لە كۆی 29 كورسی، لایەنی سەرەكی پێكهێنەری چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەكانن، فراكسیۆنی یەكێتیی، ئەندامی سونە و سێ كورسی كۆتای پێكهاتەكانیش لە خۆدەگرێت.
لە بەرانبەردا بەرەی پارتی و هاوپەیمانی نەینەوا موەحەدە هەیە؛ كە هەموویان سونەن و پێكەوە خاوەنی 13 كورسین.
محەمەد جاسم، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێـتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگا بە (كەركوك ناو)ـی وت "مادام پارتی سكاڵای تۆماركردووە با چاوەڕێی ئەنجامەكەی بكات، بەڵام بەهەموو پێوەرێك دانیشتنەی ئەنجومەن یاسایی و بێ كێشە بوو، زۆرینەی ئەندامان بەشداربون و ئاساییە چەند لایەنێكی تر ببن بە ئۆپۆزسیۆن".
بڕیارە هەر پۆستێكی دیكەی ئیداری كە ماوە لە نەینەوا، بە هەمان رێكار و پرۆسە یەكلاییبكرێنەوە، بەوتەی محەمەد جاسم.
بەپێی یاسای كاری پارێزگاكان، دانانی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەكان لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی قەزاكاندا كە ئێستا لە عیراق بونی نییە، دەستبەكاربونی سەرۆكی یەكە ئیدارییەكانیش، دوای هەڵبژاردنیان، پێویستی بە بڕیاری پارێزگار هەیە كە تائێستا دەرنەكراوە.