هەرچی دەرچووی زانكۆ و پەیمانگا هەیە بە دوای كۆچكردنەوەیە، وەك سەمیرا عابد دەڵێت، چاویان لەوەبوو ئەنجومەنی پارێزگا لەڕێی هەلیكار و و پرۆژەوە رێگرییان لێبكات، بەڵام ئەنجومەن نەیتوانی گرفتەكانی خۆیشی چارەسەر بكات.
سەمیرا لە ئەلقوش -دەشتی نەینەوا- نیشتەجێیە، خۆی خانەنشینی مەدەنییە و غەم لە منداڵەكانی دەخوات، كە بەبێ كار دەسوڕێنەوە و لە پاڵپشتی ئەنجومەنی پارێزگاكەیان بێ ئومێد بون، كە دوو مانگە بەهۆی ناكۆكی كوتلەكانەوە لەسەر دابەشكاری پلە و پۆست، دانیشتنەكانی پەكیكەوتووە.
"كچەكەم دوو ساڵە زانكۆی تەواو كردوە.. قەسەم بەخوا خەریكە توشی نەخۆشی دەروونی دەبێت، لە ماڵەوە بێزار بووە بەبێ ئیشی" سەمیرا بۆ (كەركوك ناو) وای وت. دەڵێت سەدان گەنجی تری هاوشێوەی كچەكەی چاوەرێی ئەوەن حكومەت هەلیكار یان دامەزراندنیان بۆ دەستبەسەر بكات.
"مافی خۆمانە ئەو داوایانە بكەن، چونكە دەنگمان بۆ ئەوە داوە خزمەتمان بكەن و كێشەكان بۆمان چارەسەر بكەن"، مەبەستی ئەو هاوڵاتییە دەنگدانەكەی 18ـی كانونی یەكەمی ساڵی رابردووە، كە بەهۆیەوە ئەنجومەنی پارێزگایان هەڵبژارد.
ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، كە 29 ئەندامن، لە سەرەتای تەمموزەوە بەسەر دوو بەرەی دژ بە یەكدا دابەشبوون و لەوكاتەوە ناتوانێت دانیشتنە ئاساییەكانی بەڕێبكات بۆ تاوتوێی داواكاری هاوڵاتیان و پرۆژەكان و چارەسەری هەر كێشەیەك، ئەوەش دوای هەڵبژاردنی سەرۆكی یەكە ئیدارییەكان لەلایەن نیوەی ئەندامان و ناڕەزایی نیوەكەی تر.
بەپێی یاسا ئەنجومەن دەسەڵاتی یاسادانان و چاودێرییە بەسەر حكومەتی خۆجێییەوە، جگە لە بەدواداچون بۆ داواكاری و كێشەی خەڵك، ئەركێكی سەرەكی گفتوگۆ و پەسەندكردنی پرۆژەی بودجەی پارێزگاكەیە كە بناغەی دەستپێكردن و دانانی پرۆژەكانە.
محەمەد عەبدوڵا جبوری، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا نیگەرانی خەڵكی لە ئەنجومەن نەشاردەوە، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ (كەركوك ناو) وتی پرسی دابینكردنی خزمەتگوزاری لە ئەركەكانی ئەوانە و چەندین پرۆژەی گەورە هەن كە "هەندێك كوتلەی ئەنجومەن هەوڵی پەكخستنی دەدەن" وەك ئاماژەیەك بۆ بایكۆتی دانیشتنەكان، لەكاتێكدا لەژێر چاودێری شەقامدایە.
جبوری هۆشداریدا كە هەر ئەندامێك ئامادەی دانیشتنی ئەنجومەن نەبێت ئەوا رایگشتی بڵاوی دەكەنەوە و بەپێی رێكاری یاساییش هەر ئەندامێکی ئەنجومەن چوار دانیشتنی لەسەر یەک ئامادە نەبێت، فەسڵدەکرێت، بەوتەی جێگری سەرۆكی ئەنجومەن.
ئەو قەیرانەی ئەنجومەنی نەینەوا دوای ئەوەهات، هاوپەیمانی نەینەوا موستەقبەل بە 16 كورسییەوە لە كۆی 29 كورسی، پرۆسەی هەڵبژاردنی بۆ حەوت قایمقام و 13 بەڕێوەبەری ناحیە ئەنجامدا، لە بەرانبەردا فراكسیۆنەكانی پارتی و هاوپەیمانی نەینەوا موەحەدە بە 13 كورسییەوە بایكۆتی دانیشتنەكان دەكەن و سكاڵایان بردۆتە دادگای فیدراڵی.
موهەنەد نەجم جبوری، سەرۆكی هاوپەیمانی نەینەوا موەحەدە لە پیجی خۆی لە فەیسبوك بڵاویكردەوە، دانیشتنەكانی ئەنجومەن بەخۆی كێشەی ناوخۆیی كوتلەی بەرانبەرەوە (نەینەوا موستەقبەل) نیسابی تەواو نابێت، ئەگەرنا ئەوان دانیشتنی خۆیان و كارەكانیان لەسەر بنەمای زۆرینە دەكەن نەك تەوافوق.
ئەندامانى ئەنجومەنی پارێزگا لەگەڵ دەنگدەراندا راستگۆ نەبوون
ئەنجومەنی نەینەوا و حكومەتی خۆجێیی، لە نێویاندا پۆستەكانی سەرۆكی ئەنجومەن و پارێزگار و جێگرەكانیان، لە شوباتی ئەمساڵدا بە تەوافوق و رێككەوتنی هەموو كوتلەكانی ئەنجومەن دانران.
"زیاتر لە نیوەی دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگەیان و خەڵك بەگشتی حەزدەكەن كۆچبكەن، بەهۆی بێكارییەوە، ئەمە گەورەترین كێشەیە كە دەبوو چارەسەر بكرێت" سەمیرا عابد وادەڵێت، چونكە پرۆژە و پێدانی قەرز بۆ پرۆژە نییە، گەنجان تەنانەت ناتوانن هاوسەرگیری بكەن، ئەركی ئەنجومەنی پارێزگایە پرۆژەی جۆراجۆر بۆ پارێزگاكە پەسەند بكات.
لە ناحیەی باشیك، هاوڵاتیان بەدەست كێشەی كەمی ئاوی خواردنەوە و خراپی تۆڕەكانی دابەشكردنی ئاوەوە دەناڵێنن، جگە لەوەی داوای بنكەی تەندروستی و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانی دیكە دەكەن.
موهەنەد موحسین، دانیشتوی ناوچەی تل سەماك لە باشیك بە (كەركوك ناو)ـی وت "سادەترین ماف كە دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بۆمان نەكراوە، هەموو كەس ئاگاداری كێشەكەیە و پشگوێخراوە"، ئەو دەڵێت دەیان كێشەی تریان هەیە، "هەر لایەنێكی ئەنجومەن خەریكی بەرژەوەندییەكانی خۆیەتی و خەڵكی لەبیر نەماوە، لە دوای دەنگدانەوە هیچ ئەندامێكی ئەنجومەنم نەبینیووە سەردانی ناوچەكەمان بكات یان لە بارودۆخی خەڵك بپرسێت".
موهەنەد، خێزاندارە و دوو منداڵی هەیە، پێنج ساڵە بەشی فیزیای زانكۆی تەواو كردووە و سەرقاڵی كرێكارییە، "تائێستا هیچ كارێكی حكومی یان ئەهلیم لە پسپۆڕییەكەی خۆمدا دەستنەكەوتووە"، ئومێدیشی نەبوو بە ئەنجومەن و پێیوایە "لەگەڵ دەنگدەراندا راستگۆ نەبوون".
ڤیدیۆ: ئابی 2024/ ناڕەزایی هاوڵاتیانی موسڵ دژی قەیرانی ناو ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا
حكومەتی خۆجێیی نەینەوا هەوڵی نێوەندگیری داوە لەنێوان دوو بەرەكەی قەیرانی ئەنجومەنی پارێزگا بەڵام ئەنجامی نەبووە.
رەفعەت سمۆ، یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا بۆ كاروباری كارگێڕی بە (كەركوك ناو)ـی وت "پارێزگار چەند هەوڵێكی داوە بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەی روبەڕوی ئەنجومەن بۆتەوە تا هەردوو بەرەكە لە یەكتری نزیكببنەوە، بەڵام تائێستا هیچ بەرەوپێشچوونێكی نوێم نەبیستووە"، وتیشی قەیرانەكەی ئەنجومەن زیاتر كاریگەری لەسەر پرۆژەكانی وەبەرهێنان دەبێت كە دەبێت ئەنجومەن پەسەندی بكات.
سەرۆكی یەكە ئیدارییەكان كە هەڵبژێردراون، پێویستیان بە فەرمانی پارێزگار هەیە تا دەستبەكاربن، هێشتا ئەو فەرمانە دەرنەكراوە، بەپێی یاسا ئەگەر پارێزگار ناڕازی و ئەنجومەنیش لەسەر بڕیارەكەی سوربوو، ئەوا دۆسیەكەیان دەچێتە دادگای فیدراڵی.
بەشێك لەو پرۆژانەی ئێستا هەن، دەگەرێتەوە بۆ ساڵی رابردوو، بەوپێیەی هێشتا بودجەی ئەمساڵ نەگەیشتووە تا گفتوگۆی لەسەر بكرێت.
غەزوان داود، بەڕێوەبەری ناحیەی باشیك بە (كەركوك ناو)ـی وت "میزانیەی پرۆژەكانی ساڵی 2024 نەگەیشتووە، بەداخەوە ئەنجومەنی پارێزگا وەستاوە و كۆبوونەوە ناكات.. ئەمەش بۆ پارێزگای نەینەوا خراپە و پێویستە ئەو كێشانە چارەسەربكرێن، چونكە بەدڵنیاییەوە بەبێ ئەو كێشانە بارودۆخی پارێزگاكە باشتر دەبێت".