هەرچەندە كارەكانی تەواوبووە و ئامادەیە بۆ وەرگرتنی ژنانی هەڕەشەلێكراو، بەڵام دوو ساڵە ئەو پەناگەیە لە كەركوك نەكراوەتەوە كە تایبەت بە لەخۆگرتنی ئەو ژنانەی لەلایەن خێزان یان كۆمەڵگەوە روبەڕوی هەڕەشە و توندوتیژی دەبنەوە.
لێپرسراوانی ئیدارەی كەركوك دەڵێن نەكردنەوەی پەناگەكە بەهۆی نەبونی یاسای تایبەت بە بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەت و خێزانە كە چەند ساڵێكە پڕۆژەكەی لە پەرلەمانی عیراقە و دەنگی لەسەر نەدراوە، بەڵام دەستبەكاربونی ئەنجومەنی پارێزگا جارێكی تر ئومێدی كردنەوەی پەناگەكەی زیندوكردۆتەوە.
سرود ئەحمەد، بەڕێوەبهری رێكخراوی ئهمەلی عیراقی تایبەت بە مافەكانی مرۆڤ بە (كەركوك ناو)ی وت "بەشێكی بەڕێوەبەرایەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتیی، باوەڕی بە كردنەوەی شەڵتەر نییە، بۆیە نایانەوێت بكرێتەوە و بودجه و كارمهندی بۆ دابنێن، ئەوەش وایكردووە هەرچی كەیسی ژنانی هەڕەشەلێكراو هەیە رەوانەی گرتوخانەكان بكرێت، یان دەبردرێنە پەناگەكانی سلێمانی..."، جەختیكردەوە "كهركوك پێویستییهكی زۆری به شەڵتەر هەیە، بۆ ئەوەی كەیسەكان لە خۆبگرێت و توانای چارەسەركردنی كێشەكان بە گفتوگۆ لەناو یەك پارێزگا ئاسانترە".
ئیدارەی كەركوك لە ساڵی 2022ەوە بانگەشەی كردنەوەی شیڵتەرێكی كردووە بۆ خانمانی هەڕەشەلێكراو، هەرچەندە كردنەوەی پەناگەكە راگەیەنرا و پێداویستییەكانی بۆ دابینكرا، بەڵام هێشتا نەكراوەتەوە.
ئینتیسار كەریم، لێپرسراوی بەشی پەرەپێدانی ئافرەتان لە ئیدارەی پارێزگای كەركوك، بە (كەركوك ناو)ی وت "كردنەوەی پەناگەكە پەیوەندی بە پەسەندكردنی پڕۆژە یاسای بهرهنگاربونهوهی توندوتیژی خێزانییەوە هەیە كە چەند ساڵێكە لە پەرلەمانی عیراقە و دەنگی لەسەر نەدراوە".
پرۆژەیاسای بهرهنگاربونهوهی توندوتیژی خێزانی، تیایدا هەندێك رێگەچارە بۆ رێگری لە توندوتیژی دانراون لە نێویاندا كردنەوەی شەڵتەر لە پارێزگاكاندا، چەند ساڵێكە لە پهرلهمانی عیراقە و پەسەندنەكراوە.
"ئەگەر پڕۆژە یاساكە پەسەند بكرێت، ئەوا ئێمەش لە كردنەوەی شەڵتەرەكەدا پشتی پێدەبەستین و كێشەمان نابێت، ئەوكات هەر كەیسێكی توندوتیژیی و هەڕەشەكردن لای دادگاوە بۆ ئێمە بێت دەتوانین وەریبگرین".
بۆیە ژنانی هەڕەشەلێكراو لە شارەكە زۆركات رادەستی پۆلیسی كۆمەڵگەیی دەكرێن و ئەوانیش رەوانەی گرتوخانەكان یان پارێزگاكانی دەرەوەی كەركوكیان دەكەن، لەوانەش سلێمانی كە پەناگەی تایبەت بەخۆی هەیە.
لەبارەی ئەوەی بۆچی لە هەردوو پارێزگای ئەنبار و دیوانیە بەبێ بونی یاسا شەڵتەریان كردۆتەوە، ئینتیسار وتی "ئەوان ئەنجومەنی پارێزگایان هەبوو و چالاك بون، ئەنجومەنی پارێزگا دەتوانێت ئەو بڕیارە بدات، بەڵام ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كێشەی هەبوو".
ئەنجومەنی پێشوی پارێزگای كەركوك هەڵبژێردراوی ساڵی 2005 بوو، لە ساڵی 2017ەوە بەهۆی ناكۆكی نێوان پێكهاتەكان و بایكۆتی سێیەكی ئەندامانییەوە، ئەنجومەنەكە پەكیكەوت، تاوەكو لە كۆتایی ساڵی 2019 بە بڕیاری پەرلەمانی عیراق هەڵپەسێردرا.
"ئەگەر ئەنجومەن لە ساڵی 2022 كارا بوایە، دەیتوانی بڕیاری كردنەوەی شەڵتەرەكە بدات، چونكە ئەنجومەن ئەو دەسەڵاتەی هەیە".
ئەنجومەنی نوێی پارێزگای كەركوك لە 11ی تەمموزی ئەمساڵ دەستبەكاربوو، بەڵام هێشتا لیژنەكان هەڵنەبژێردراون و پەیڕەو و پڕۆگرامی نوێی ئەنجومەن دەنگی لەسەر نەدراوە.
ئەو پرسە لەكاتێكدایە تەنیا لە نۆ مانگی یەكەمی ساڵی 2023دا رێكخراوی ئەمەل 18 حاڵەتی هەڵهاتنی ژنان لە ماڵ و لەژێر هەڕەشەدا وەرگرتووە.