بڕیارە مانگی داهاتوو پەناگەیەك بۆ ژنانی هەڕەشەلێكراو لە كەركوك بكرێتەوە، بە ئامانجی پاراستنی ژیانی ئەو كەسانەی بەهۆی دۆسیەی جیاوازەوە ناتوانن بگەڕێنەوە ناو خێزانەكانیان، ئەوەش دوای چەندین ساڵ دێت لە داواكاری رێكخراوەكانی داكۆكیكار.
تەواوی پێداویستییەكانی كردنەوەی پەناگە (شەڵتەر)ـی كەركوك ئامادەكراون و لە مەراسیمێكدا مانگی تشرینی دوەمی 2022 بە فەرمی دەكرێتەوە، بەوتەی ئینتیسار كەریم، لێپرسراوی بەشی پەرەپێدانی ئافرەتان لە ئیدارەی پارێزگای كەركوك.
ئینتیسار كەریم بە (كەركوك ناو)ـی وت "هەموو پێداویستییە لۆجیستیەكانی شەڵتەرەكە دابینكراوە، پۆلیس ئامادەیی دەربڕیووە لە مانگی داهاتوودا پاسەوانی تایبەتی بۆ دابینبكات و لە هەنگاوەكانی كۆتاییداین بۆ دانانی ئەو كادیرانەی پێویستە هەبن و سەرجەمیان لە ئافرەت پێكدێن".
بڕیاربوو پەناگەكە لە سەرەتای ئەمساڵدا بكرێتەوە بەڵام پرۆسەكە بەهۆی چەند گرفتێكەوە لەنێویاندا تەواونەبونی نۆژەنكردنەوەی بیناكە و چەند پێداویستییەكی تر، دواخرا.
"ئێستا بیناكە نۆژەنكردنەوەی تەواو بووە و پێداویستییەكانی بۆ دابینكراوە... تەنیا ئەوەی ماوە كردنەوەی پەناگەكەیە بە فەرمی".
لێپرسراوی بەشی پەرەپێدانی ئافرەتان لە ئیدارەی پارێزگای كەركوك رونیكردەوە كە بەڕێوبەری پەناگەكەش دەستنیشانكراوە، دادگا و تەندروستی و پۆلیس و ئیدارەی پارێزگا پشتگیریی پەناگەكە دەكەن و لە سەرەتای مانگی داهاتوودا ،بۆ یەكەمجار كەركوك دەبێتە خاوەنی پەناگە".
ڤیدیۆ: ئینتیسار كەریم، لێپرسراوی بەشی پەرەپێدانی ئافرەتان لە ئیدارەی پارێزگای كەركوك باسی كردنەوەی پەناگەكە دەكات
لە پارێزگای كەركوك شەڵتەر و هیچ شوێنێكی دیكە نییە بۆ داڵدەدانی ئەو ژن و كچانەی هەڕەشە لەسەر ژیانیان هەیە یاخود بە هۆكاری جیاواز بە تایبەتی خێزانی، روبەڕوی توندوتیژی دەبنەوە، كە بەردەوام رێكخراوەكانی داكۆكیكار لە ژنان داوایانكردووە لە كەركوكیش پەناگە هەبێت، بەوپێیەی بەشێك لە ژنانی هەڕەشەلێكراو لە پێناو پاراستنی ژیانیان رەوانەی پەناگەكانی بەغدا یان سلێمانی دەكرێن.
ئینتیسار كەریم دەڵێت ئەو دۆسیەیانەی رەوانەی پەناگەكە دەكرێن، دادگا بڕیاری لەسەر دەدات، هەر دادگاش سەرپەرشتی ماوەی مانەوەی دۆسیەكە و دواتر دەركردنیان لە پەناگە دەكات.
لە دوو مانگی یەكەمی ئەمساڵدا 149 حاڵەتی توندوتیژی خێزانی لە كەركوك تۆماركراون، كە 122 حاڵەتیان دژ بە ژنان بووە، لەكاتێكدا بە درێژایی ساڵی 2021ـیش 500 حاڵەت هەبون، لە نێویاندا شەڕی نێوان هاوسەران و خیانەتی هاوسەرگیری.
"لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی كاروباری هۆزەكان و وەقفەكانیشدا قسەمان كردووە، ئەوان پاڵپشتی كردنەوەی پەناگەكە دەكەن و بە گرنگی دەزانن" بەوتەی ئینتیسار كەریم.
كردنەوەی پەناگە لە كەركوك هاوكاتە لهگهڵ ههوڵهكانی دهرچواندنی یاسای بهرهنگاربونهوهی توندوتیژی خێزانی، كە تیایدا هەندێك رێگەچارە بۆ رێگری لە توندوتیژی دانراون لە نێویاندا كردنەوەی شەڵتەر لە پارێزگاكاندا، بەڵام یاساكە هێشتا لە پهرلهمانە و پەسەندنەكراوە.