دادگایەكی بەغدا، سێ تۆمەتباری سوتاندنی بازاڕەكانی كەركوك و هەولێر ئازاددەكات بەهۆی نەبونی بەڵگەی پێویستەوە، ئەوەش ناڕەزایی توركمانی لێكەوتۆتەوە.
بەپێی نوسراوێكی دادگای تێھەڵچوونەوەی بەغدا/ رەسافە لە 5ـی تشرینی دوەمی 2024، دادگای تاوانەكان بڕیاریداوە بە ئازادكردنی سێ تۆمەتبار، دوای رەتكردنەوەی ئەو تۆمەتانەی روبەڕویان كرابووەوە، لەبەر نەبوونی بەڵگەی تەواو.
هەر لەو نوسراوەدا دادگا بڕیاریداوە بە گەڕانەوەی ئۆتۆمبێل و ئەو پێویستییانەی پێشتر لە تۆمەتبارەكان وەرگیرابوو.
هەردوو وەزارەتی ناوخۆی عیراق و هەرێم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا كە یەكی تەمموزی ئەمساڵ لە بەغدا رێكیانخست، پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)ـیان بە "پلاندانەر و جێبەجێكاری"ـی ژمارەیەك روداوی سوتاندنی بازاڕ و شوێنی گشتی لە شارەكانی كەركوك، هەولێر و دهۆك ناوبرد، ئەوەش دوای دەستگیركردنی سێ تۆمەتبار كە دوانیان كادیری هێزە ئەمنییەكانی سەر بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوون.
میقداد میری، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عیراق ئەوكات لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا وتی، ئەو گروپەی دەستگیركراون و لە سێ كەس پێكدێن، دەستیان لە سوتاندنی چەندین بازاڕ و شوێنی دیكەدا هەبووە لە كەركوك، لە نێویاندا كەوتنەوەی ئاگرێك كە بەهۆیەوە 27 دوكان و 14 كۆگا سوتان، بێجگە لە سوتاندنی بازاڕ لە هەولێر و دهۆك، پلانیان هەبووە لە داهاتووشدا، لەو شارانە و لە بەغدای پایتەختیش كردەوە ئەنجامبدەن.
یەكێك لەو روداوانە سوتاندنی بازاڕی (خان قیدار) بوو لە كەركوك.
ئەرشەد ساڵحی، پەرلەمانتاری توركمان (پشكی كەركوك) لە عیراق، لە رونكردنەوەیەكی ڤیدیۆییدا نیگەرانی دەربارەی بڕیاری ئازادكردنی ئەو سێ تۆمەتبارە رادەگەیەنێت، دەڵێت تووشی سەرسوڕمان بوون لەكاتێكدا پێشتر وەزارەتی ناوخۆی عیراق وەكو تۆمەتبار و جێبەجێكاری روداوی سوتاندنی بازاڕەكان ناویهێنان، دوای لێكۆڵینەوە.
ساڵحی داوای رونكردنەوە و هەڵوێست لە سەرۆكوەزیران و سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری و وەزیری ناوخۆ دەكات.
پێشتر پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)، تۆمەتباركردنی لەلایەن هەردوو وەزارەتی ناوخۆی عیراق و هەرێم بە سوتانی بازاڕەكانی كەركوك، هەولێر و سلێمانی و دهۆك رەتكردەوە و بە "بێ بنەما" وەسفی كرد. هەر ئەوكات یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانیش خۆی لەو كارمەندانەی هێزە ئەمنییەكانی بێبەری كرد كە لەسەر لەسەر هەمان كەیس دەستگیركرابوون.