هێشتا ململانێ هەیە
ئەنجومەنی دیالە لە یەكلاییكردنەوەی پۆستەكان نزیكدەبێتەوە

دیالە/ 26ـی تشرینی دوەمی 2024/ دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگا بە سەرۆكایەتی عومەر كروی فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو – دیالە

ئەنجومەنی پارێزگای دیالە، سەرقاڵی یەكلاییكردنەوەی دوایین پۆستەكانی سەرۆكی یەكە ئیدارییەكانی سنورەكەیەتی، كە چەند مانگێكە ناكۆكیی و ململانێی زەقی لە شەقامەوە تا سەر ئاستی باڵای حزبیی، لێكەوتۆتەوە.

لە كۆتا كۆبوونەوەی ئەنجومەن، كە 26ـی تشرینی دوەمی 2024 بە سەرۆكایەتی عومەر كروی و ئامادەبوونی 11 ئەندام لە كۆی 15 ئەندام بەڕێوەچوو، تیایدا پۆستی دوو قایمقامی دیالە دەنگی لەسەر دراو و بەڕێوەبەری دوو ناحیەش مایەوە، تا رێككەوتنیی كۆتایی لەسەر دەكرێت.

عومەر كروی، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە (كەركوك ناو) ئامادەی بوو، وتی "ئەنجومەن دۆسیەی سەرۆكی یەكە ئیدارییەكانی یەكلاییكردۆتەوە، ئەوەی ماوە، ناحیەی محەمەد سەكران كێشە دەربارەی رێنمایی و رێكارەكانی دانانی بەڕێوەبەری ناحیە هەیە كە لە دانیشتنی داهاتوودا چارەسەر دەكرێت، هەروەها لە رۆژانی داهاتوشدا دۆسیەی ناحیەی ئەبی سەیدا یەكلادەكرێتەوە".

چەند مانگێكە دۆسیەی هەڵبژاردنی سەرۆكی یەكە ئیدارییەكانی دیالە كراوەتەوە و دانەخراوە، لە 20ـی ئابی ئەمساڵەوە بۆ ماوەی دوو مانگ، بە دوو قۆناغ و بەهۆی ناكۆكییەكانەوە وەرگرتنی سیڤی كاندید بەردەوام بوو، تا درەنگانێكی شەوی 23ـی تشرینی یەكەم، ئەنجومەن دور لە چاوی كامێراكان و  چاودێرانی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی، پۆستی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەكانی هەڵبژارد، تەنیا قایمقامی میقدادییە و ناحیەی ئەبی سەیدای یەكلانەكردەوە.

ئەو هەڵبژاردنە هەرزوو ناڕەزایی و خۆپیشاندانی لە شەقام لێكەوتەوە، بە تایبەت لە ناحیەكانی قەرەتەپە، بەنی سەعید، عوزێم و محەمەد سەكران رێگا سەرەكییەكان لەلایەن ژمارەیەك هاوڵاتییەوە داخران، بە پاساوی ئەوەی كاندیدی پۆستەكان لەسەر بنەمای "حزبایەتی  و خزمایەتی" دانراون، ئەوەش وایكرد بەشێك لەو پۆستانە جارێكیتر هەڵبژاردنیان بۆ بكرێت و كاندیدەكان بگۆڕدرێن.

3uzem2
دیالە/ 2024/ ناڕەزایی دژی هەڵبژاردنی سەرۆكی یەكە ئیدارییەكان لە عوزێم فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو

رەشیدە داینی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە بە (كەركوك ناو)ـی وت "یەكلاییكردنەوەی دۆسیەی سەرۆكی یەكە ئیدارییەكان، كۆتایی بە زۆرێك لە كێشەكان دەهێنێت و رۆڵی دەبێت لە گەشەپێدانی واقعی خزمەتگوزاری"، ئاماژەی بەوەشدا كە قەزای میقدادییە پرۆژەی گەورەی ئاوەڕۆ و وەبەرهێنانی جیاواز بەخۆوە دەبینێت، وەك ئاماژەیەك بۆ كاریگەری دانانی قایمقام لەسەر پرۆژەكان.

هەروەها وتی لە ماوەی داهاتوودا، هەموو ناوچەكانی دیالە پرۆژەی خزمەتگوزاری جۆراجۆریان تیادا جێبەجێدەكرێت، بە تایبەت لە كەرتەكانی ئاو و ئاوەڕۆ و قیرتاوی شەقام.

لە 18ـی تشرینی دووەم، ئەنجومەنی پارێزگا بەڕێوەبەری شەش ناحیەی هەڵبژارد لە نێویاندا قەرەتەپە، جەلەولا، جەبارە و عوزێم و سەعدیە، لە دوایین كۆبوونەوەشدا، كە 26ـی تشرینی دوەم بوو، دەنگیدا بە كاندیدی نوێی پۆستی قایمقامی خانەقین، جەواد فەیزوڵا و هەروەها مانەوەی زەید ئیبراهیم-ـی لە پۆستی قایمقامی میقدادیە درێژكردەوە.

كورد پێشتر جێگری پارێزگار و ژمارەیەك پۆستی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەی بە تایبەت لە سنوری خانەقین بەدەستەوە بوو.

یەكلاییكردنەوەی سەرۆكی یەكە ئیدارییەكان كۆتایی بە زۆرێك لە كێشەكان دەهێنێت

فەیزوڵا، دوای هەڵبژاردنی بۆ پۆستی قایمقامی خانەقین بە (كەركوك ناو)ـی وت "كارنامەی حكومی فراوان و گەورەكان هەیە كە هەموو ناوچەكان و خەڵكی خانەقین بێ جیاوازی دەگرێتەوە"، ئەو دەڵێت كارنامەكەی زیاتر جەخت لە خزمەتگوزارییەكان، پاڵپشتی وەبەرهێنان، زەوی كشتوكاڵی و جوتیاران دەگرێتەوە، بە تایبەت كە خانەقین پێویستی بە كاری زۆر هەیە.

هەڵبژاردنی فەیزوڵا، لە جێگەی سۆران باجەڵان بوو، كە پێشتر ئەنجومەن هەر لە پشكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان/ كورد، وەكو قایمقامی خانەقین دیاریكرد و دواتر فەرمانی دەستبەكاربوونی بۆ دەرنەچوو. كاندیدە نوێیەكەش، جەواد فەیزوڵا لە پشكی هەمان حزبە، ئەندازیاری فڕۆکەوانییە و بەڕێوەبەری بەشی ئامێرەکانی سەرۆکایەتی شارەوانی خانەقین – سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان – بووە.

زەید ئیبراهیم، قایمقامی قەزای میقدادیە بە (كەركوك ناو)ـی وت "پلانی گرنگ هەیە بۆ گەشەپێدانی قەزاكە، لەروی جێبەجێكردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری وەكو ئاوەڕۆ لەگەڵ باشكردنی ژێرخانی قوتابخانە و دامەزراوە تەندروستییەكان و ئەوانیی تر"، باسی لەوەشكرد چەندین دەرفەتی وەبەرهێنان هەن، گرنگترینیان پرۆژەی گەشتیارییە.

پارێزگای دیالە، لە شەش قەزا و 15 ناحیە پێكهاتووە، كە چەند ناوچەیەكی جێناكۆك لە خۆدەگرێت لە چوارچێوەی ماددەی 140ـی دەستوری عیراق لە نێویاندا قەزای خانەقین، كاندیدی هەریەك لەو پۆستانەش دەبێت تەمەنی لە 30 ساڵ كەمتر نەبێت، هەڵگری لانیكەم بڕوانامەی بەكالۆریۆس بێت، خەڵكی پارێزگاكە و دانیشتوی ناوچەكە بێت و لە هێزە سەربازیی و ئەمنییەكان نەبێت لە كاتی كاندیدبونیدا، لانیكەم خزمەتی 10 ساڵی هەبێت.

مجلس ديالى 1
دیالە/ 26ـی تشرینی دوەمی 2024/ كۆبونەوەی ئەنجومەن بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستەكان فۆتۆ: كەركوك ناو

بەپێی سەرچاوەیەكی سیاسی بۆ (كەركوك ناو)، ناكۆكی لەسەر پۆستی ناحیەی ئەبی سەیدا هەیە، بەوپێیەی "پۆستەكە لە پشكی فەرقەد روبەیعی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا و جیابۆوە لە كوتلەی بەدرە كە تازە چۆتە پاڵ دەوڵەتی یاسا، بەڵام كوتلەكان ئەوەیان كردووە بە مەرج كەسێك لە دەرەوەی خێزانەكەی كاندید بكات تا كێشە لە ناو ناحیەكاندا رونەدات، چونكە براكەی كە حارس روبەیعی بوو، ساڵانێك لەمەوبەر كاتێك بەڕێوەبەری ناحیە بوو تیرۆر كرا".

جگە لە سەرۆكی یەكە ئیدارییەكان، ئەنجومەنی دیالە ناكۆكی دیكەشی ماوە و رادەستی دادگای كردووە یەكلاییبكاتەوە، عومەر كروی، 29ـی تشرینی یەكەم لە پۆستی سەرۆكی ئەنجومەن دورخرایەوە و لە 31ـی هەمان نزار لهێبی بۆ پۆستەكە هەڵبژێردرا، دواتر دادگای ئیداری بڕیاریدا بە گەڕانەوەی كروی تا سكاڵاكە وردبینی بۆ دەكرێت و بڕیاری یەكلاییكەرەوەی لەسەر دەدرێت.

كروی و لهێبی هەردوكیان لە پێكهاتەی عەرەبی سونەن، یەكەمیان لە لیستی سیادە بە سەرۆكایەتی خەمیس خەنجەر و ئەویتر لە لیستی تەقەدوم، بە سەرۆكایەتی محەمەد حەلبوسی، ئەو دوو سەركردەیەی سونە كەوتنە ناكۆكی توندەوە بە تایبەت لەسەر پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، كە دواتر سەرۆكی پەرلەمان و بەشێك لە پۆستی حكومەتی خۆجێبب چەند پارێزگایەكیش لە بەرژەوەندی كوتلەكەی حەلبوسی یەكلابوونەوە.

عومەر كروی لەسەر دوایین دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگا، وتی گفتوگۆ لەسەر دۆسیەی زەوییە دەستبەسەرداگیراوەكان كراوە، كە هەزار و 983 پارچە زەوییە، لیژنەیەك پێكهێنراوە تا یەكلاییبكاتەوە و كۆتایی بە نەهامەتی خاوەنەكانیان بهێنێت، هەر لەو كۆبوونەوەیدا وەكو سەرۆكی ئەنجومەن باسیكرد، باسی كورتهێنانی دارایی لە بودجەی ژمارەیەك فەرمانگەی حكومی كراوە و بڕیاردراوە لەوبارەیەوە گفتوگۆ لەگەڵ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بكەن.

یەكەم دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە دوای هەڵبژاردن لە 5ـی شوباتی ئەمساڵ بەڕێوەچوو، بەهۆی ناكۆكی و ململانێی نێوان كوتلە جیاوازەكانەوە، بەكراوەیی مایەوە تا 1ـی ئاب لە هۆتێل رەشید-ـی بەغدای پایتەخت، پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ پۆستەكانی سەرۆكی ئەنجومەن و جێگرەكەی، پارێزگار و دوو جێگرەكەی بەڕێوەچوو، ئەوەش قۆناغێكی دیكە لە بایكۆتی بەدوای خۆیدا هێنا و لە مانگی ئەیلول، ناڕازییەكانیش بۆ ئەنجومەن گەڕانەوە، بەڵام دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆكی یەكە ئیدارییەكان و دوایینیشیان بۆ لابردنی سەرۆكی ئەنجومەن، ناكۆكییەكانی ئەو دامەزراوەیەی زیندوكردەوە.

 

*ئەم بابەتە لە چوارچێوەی پڕۆژەی "بودجە مافتە" بەرهەمهێنراوە كە لە لایەن پەیمانگەی دیموكراسی نیشتیمانی (NDI) كۆمەكی دارایی دەكرێت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT