دیالە پشتگیری راسپاردەكانی راپۆرتی پرۆژەی "بودجە مافتە" دەكات

دیالە/ كانونی یەكەمی 2024/ گفتوگۆ لەسەر راپۆرتی پرۆژەی "بودجە مافتە" دەربارەی كاری ئەنجومەنی پارێزگا و پرۆسەی بودجە فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو – ديالە

"دۆزینەوە و راسپاردەكانی پوختەی راپۆرتەكە رەنگدانەوەی واقیعەكەیە و پێویستە لایەنی حكومیی بە هەند وەریبگرێت و كاری لەسەر بكات" بەوتەی فورات تەمیمی، یەكێك لە بەشداربووانی گفتوگۆیەكی كراوە دەربارەی دوایین راپۆرتی پرۆژەی "بودجە مافتە".

گفتوگۆكە دەربارەی پوختەی راپۆرتی سیاسی پرۆژەی "بودجە مافتە" بوو، بە ئامادەبونی 25 كەس لە مامۆستایانی زانكۆ، چالاكوانان، پارێزەران، رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و هاوڵاتیان، 25ـی كانونی یەكەمی 2024 لە ناوەندی بەعقوبە لە پارێزگای دیالە بەڕێوەچوو.

هەرچەندە بانگهێشتنامە بۆ زیاتر لە 10 ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە نێردرابوو، بەڵام هەموویان بە پاساوی جیاواز ئامادەنەبوون.

عەلی عەنبەگی، نوێنەری پرۆژەی "بودجە مافتە" لە دیالە سەرپەرشتی دانیشتنەكەی كرد و كورتەیەكی لەسەر راپۆرتەكە خوێندەوە دەربارەی چاودێری و بەدواداچون لەسەر دۆسیەی بودجە لە هەر چوار پارێزگای دیالە، كەركوك، نەینەوا و سەڵاحەدین. (بۆ خوێندنەوەی راپۆرتەكە كلیك لـــێــــرە بكە)

فورات تەمیمی، ئەمینداری گشتی تەیاری حیكمەی وەتەنی كە پەرلەمانتاری پێشووی عیراق بوو، دوای گفتوگۆكە وتی ئەو دۆسیەیەی لە چوارچێوەی پرۆژەی "بودجە مافتە" وروژێنراوە، زۆر گرنگە و گفتوگۆی لەسەر چەندین دۆسیەی جێی گرنگیپێدان كردووە، بە تایبەت پرسی دابەشكردنی پرۆژەكان و بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ بودجە لە نێوان خەڵكی پارێزگاكەدا.

"دۆزینەوە و راسپاردەكانی پوختەی راپۆرتە سیاسییەكە دەكرێت حكومەت پشتی پێببەستێت بۆ چارەسەركردنی ئەو كەموكوڕییانە ئەندامی راپرسییەكە لە چوارچێوەی ئەم پرۆژەیەدا دەریخستووە" تەمیمی وای وت. ئاماژەی بەوەدا ئەنجومەنی پارێزگاكان بۆ خزمەتكردن پێكهێنراون دوور لە خزمخزمێنە و نزیكایەتی و پشكپشكێنە، نیگەرانە لەوەی لە رابردووشدا دەربارەی دابەشكردنی پۆستەكان لەسەر بنەمای "خزمخزمێنە" رویداوە.

پوختەی راپۆرتی "بودجتە مافتە" جگە لە پێشەكییەك سەبارەت بە وردەكاری پرۆسەی چاودێری و بەدواداچوونەكانی كاری ئەنجومەن، لەڕێی 10 دۆزینەوە، كێشە و ئاڵنگارییەكانی بەردەم ئەنجومەنی پارێزگا و پرۆسەی بودجەی رونكردۆتەوە و لە بەرانبەردا، ژمارەیەك راسپاردەی وەكو چارەسەر خستۆتەڕوو.

diyala bodga mafta 2024 (2)
دیالە/ 2024/ بەشداربوانی گفتوگۆی راپۆرتی پرۆژەی "بودجە مافتە" فۆتۆ: كەركوك ناو

لە نێو دۆزینەوەكاندا باس لە لێكەوتەكانی ململانێی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی و دابەشكردنی پۆستەكان كراوە لەسەر ئەركەكانی ئەنجومەن، لەگەڵ مەترسی نەبونی دادپەروەری لە دابەشكردنی بودجە و پرۆژەكاندا، بەهەند وەرنەگرتنی بیروبۆچونی هاوڵاتیان، پەراوێزخستنی هەندێك ناوچە و رۆڵی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، نەبوونی شەفافیەت و دەستڕاگەیشتن بە زانیاری و چەندین خاڵی دیكە.

راسپاردەكانیش جەختكردنەوەیە لەسەر ئاوڕدانەوەی زیاتری ئەنجومەنی پارێزگا بۆ پێداویستیی هەنوكەیی هاوڵاتیان، دابەشكردنی بودجە بەپێی پرەنسیپی دادپەروەری، بەهێزكردنی شەفافیەت، دورخستنەوەی ململانێی حزبایەتی، بەشداریپێكردنی هاوڵاتیان و دەستڕاگەیشتن بە زانیاری دەربارەی گفتوگۆكانی پەیوەست بە پرۆژە خزمەتگوزارییەكان و نەهێشتنی ئەو ئاڵنگارییانەی لە بەردەم كاری ئەنجومەن و پرۆسەی خزمەتكردندا هەن.

موهەنەد زوبێدی، چالاكوانی مافەكانی مرۆڤ و بەشداربوو لە گفتوگۆكەی دیالە وتی، گفتوگۆ و دانیشتنی هاوشێوە بەلای ئەوەوە گرنگە بۆ چاودێری كارەكانی ئەنجومەنی پارێزگا و بەهێزكردنی توانای كاركردن، "چەندین مانگ بەسەر پێكهێنانی ئەنجومەن و حكومەنی دیالەدا تێپەڕیووە و تائێستا هیچ گۆڕانكارییەكمان لە پارێزگاكەدا نەبینیووە، هیچ بڕیارێك نییە گرنگی راستەوخۆی بۆ هاوڵاتیان هەبێت و هێشتا ململانێی سیاسی لە نێوان كوتلەكاندا ماوە".

پوختەی راپۆرتەكەی "بودجە مافتە"، پاڵپشت بە بەدواداچونی مەیدانی كاری ئەنجومەن، راپرسیی لە هەر چوار پارێزگاكە، هەڵسەنگاندنی چوارچێوەی یاسایی، هەشت فۆكەس گروپ و زیاتر لە 15 چاوپێكەوتن نوسراوە، لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەن و بڕیاربەدەستانی دەسەڵاتی خۆجێیی و چین و توێژە جیاوازەكانی كۆمەڵگە.

رەشنوسی پوختەی راپۆرتەكە، پێش چاپی كۆتایی، لەگەڵ ژمارەیەك لە پەرلەمانتار، سەرۆكایەتییەكانی ئەنجومەنی پارێزگا، ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا، ئەكادیمیی، چالاكوانانی مەدەنی و رۆژنامەنووساندا هاوبەشیی پێكراوە بۆ وەرگرتنی تێبینی و پێداچوونەوە.

"بودجە مافتە"؛ پڕۆژەیەكی گرنگ و وابەستەیە بە ژیانی هاوڵاتیانەوە و دەزگای میدیایی (كەركوك ناو) و رێكخراوی (وادی ئەڵمانی)، بە پاڵپشتی و کۆمەکی پەیمانگای دیموکراسی نیشتمانی - NDI -  عيراق، تایبەت بە چاودێریكردنی رۆڵی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە پرۆسەی دانانی بودجەی حكومەتە خۆجییەكان لە هەر چوار پارێزگای كەركوك، نەینەوا، دیالە و سەڵاحەدین جێبەجێیدەكەن.

ئامانجی پڕۆژەكە بەگشتی بۆ زیاتر هاندانی شەفافیەتە لە پرسی بودجە، لەگەڵ خوڵقاندنی گفتوگۆ و لێكتێگەیشتنە لە نێوان هاوڵاتیان، لێپرسراوان، کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیا.

 

*ئەم بابەتە لە چوارچێوەی پڕۆژەی "بودجە مافتە" بەرهەمهێنراوە كە لە لایەن پەیمانگەی دیموكراسی نیشتیمانی (NDI) كۆمەكی دارایی دەكرێت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT