داواكارییەكەی پارێزگاری كەركوك بۆ گواستنەوەی راژەی 5000 مامۆستا
پێشتر پەرلەمانی عیراق بە دەنگدان رەتیكردۆتەوە

كه‌ركوك/ ئایاری 2020/ مامۆستایانی خوێندنی كوردی داوای پێدانی موچە و گواستنەوەی راژەكانیان بۆ سەر حكومەتی عیراق دەكەن فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

رێبوار تەها، پارێزگاری كەركوك داواكاریی گواستنەوەی راژەی 5000 مامۆستا و فەرمانبەری خوێندنی كوردی سەر بە وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ سەر وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی عیراق دەكات، لەكاتێكدا پەرلەمان لە ساڵی 2023دا بە دەنگدان ئەوەی رەتكردۆتەوە و دادگای فیدراڵیش بڕیاری خۆی لەسەر داوە.

نوسراوەكە لە 27ی شوبات، لەلایەن پارێزگاری كەركوكەوە واژۆكراوە و ئاراستەی وەزیری پەروەردەی عیراق كراوە، تیایدا جەختدەكاتەوە لە هاوپێچی واژۆی 5000 مامۆستا و فەرمانبەری خوێندنی كوردی لە كەركوك بۆ گواستنەوەی راژەكانیان بۆ سەر حكومەتی عیراق و تەوتینكردنی موچەكانیان لە یەكێك لە لقەكانی بانكەكانی رەشید یان رافیدەین لە كەركوك.

ئەو داواكارییەی پارێزگاری كەركوك لەكاتێكدایە، پەرلەمانی عیراق لە 12ی حوزەیرانی 2023دا رەتیكردۆتەوە موچەی مامۆستایانی خوێندنی كوردی لە ناوچەكانی جێناكۆك بچێتە سەر بەغدا، ئەوەش لە چوارچێوەی پەسەندكردنی یاسای بودجەی گشتی عیراقی بۆ ساڵەكانی (2023، 2024 و 2025).

نەجوە كاكەیی، ئەندامی پەرلەمانى عیراق و نوێنەرێكی كەركوك، ئەوكات بە (كەركوك ناو)ی وت "بە زۆرینەی دەنگ گواستنەوەی میلاكی مامۆستایان و فەرمانبەرانی خوێندنی كوردی لە ناوچەكانی جێناكۆك بۆ سەر حكومەتی عیراق رەتكرایەوە كە یەكێك بوو لە بڕگەكانی نێو پڕۆژە یاساكە"، زیاتر وتی "رەتكردنەوەی ئەو بڕگەیە بە مانای ئەوە دێت تاوەكو 2026 و خولێكی تری پەرلەمانی ئەو پرسە ناكرێت، چونكە ئەم بودجەیەی پەسەند كراوە بۆ سێ ساڵە".

وتیشی "كوتلە كوردییەكان پشتیوانی ئەو هەنگاوە بون، چەند مانگێكە ئەو پرسە لەسەر هەردوو ئاستی وەزارەتی پەروەردەی عیراق و هەرێم گفتوگۆی لەسەر دەكرێت، بەڵام بەداخەوە پەرلەمان رەتیكردەوە، لەوەشدا كوتلە عەرەبییەكان دژی بون".

لە ساڵی 2024دا مامۆستایانی كەركوك پرسەكەیان بردە دادگای فیدراڵی عیراق و لە دژی نەگواستنەوەی راژەكانیان بۆ سەر حكومەتی عیراق، سكاڵایان لە دژی هەردوو سەرۆك وەزیرانی عیراق و هەرێم و سەرۆكی پەرلەمانی عیراق كرد، بەڵام دادگا لە 15ی تشرینی یەكەم، بریاریدا بە رەتكردنەوەی دۆسییەكە و جەختیكردەوە "ئەوە لە تایبەتمەندی و پسپۆڕی ئێمەدا نییە".

بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی پەروەردەی هەرێم 14 هەزار مامۆستا و فەرمانبەر میلاكیان لەسەر وەزارەتی پەروەردەی هەرێمە، بەڵام لە پارێزگاكانی كەركوك، نەینەوا، دیالە و سەڵاحەدین وانە دەڵێنەوە و دەوامدەكەن، لەوانە6500 مامۆستا و 1500 فەرمانبەری پەروەردەیی لە پارێزگای كەركوكن.

لە كارنامەی حكومەتی ئێستای عیراق بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی، بڕگەیەك (بڕگەی 21 - لاپەڕە 25) تەرخانكراوە بۆ بەستنەوە و گواستنەوەی هەموو قوتابخانەكانی دەرەوەی سنوری هەرێمی كوردستان و راژە (میلاكات)ـیان بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی خوێندنی كوردییەوە لە وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی فیدراڵ.

شێرزاد رەشید، بەڕێوەبەرى خوێندنى کوردى لە پارێزگاى کەرکوک، پێشتر بە (کەرکوک ناو)ی وت "ئەوە بەشێك بوو لە كارنامەی حكومەتی محەمەد شیاع سودانی و لە چوارچێوەی داواكارییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پێكهێنانی حكومەتدا بوو، بەڵام دواتر پرسەكە بەسترایەوە بە پەسەندكردنی بودجە، بۆ ئەوەش پێویست بوو لە یاسای بودجەدا دەنگی بۆ بدرێت، بەڵام دەنگی پێویستی نەهێنا".

حكومەتی هەرێمی كوردستان نەیتوانیوە لەكاتی خۆیدا موچە بە فەرمانبەرانی بدات، بەهۆیەوە لانیكەم نزیكەی 15 موچەی لە 10 ساڵی رابردودا دابەشنەكردووە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT