لە 84 كاندیدی براوە تەنیا 25ـیان بەبێ كۆتا سەركەوتن

ژنان 13 كورسی پەرلەمانی عیراق لەدەستدەدەن

كەركوك/ 11ـی تشرینی دوەمی 2025/ پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عیراق فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

نوێنەرایەتی ژنان لە پەرلەمانی عیراق، 13 كورسی لەدەستدا بەراورد بە خولی پێشووی پەرلەمان، تەنیا 25 كاندیدیشیان بەدەنگی خۆیان و بەبێ پشتبەستن بە كۆتا سەركەوتن.

بەپێی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عیراق، كە 11ـی تشرینی دووەمی 2025 بەڕێوەچوو، كاندیدانی ژن لە سەرتاسەری عیراق، بە كۆتای كەمینەكانیشەوە، توانیویانە 84 كورسی لە كۆی 329 كورسی پەرلەمان بەدەستبهێنن.

ژنان تەنیا یەك كورسی زیاتریان بەدەستهێناوە لەو ژمارەیەی پاڵپشت بە سیستەمی كۆتا بۆیان دیاریكراوە، بەوپێیەی بەپێی یاسای هەڵبژاردنەكانی عیراق، لە 329 كورسی پەرلەمان، سەدا 25ـی كە 83 كورسی دەكات وەك كۆتا بۆ ژنان دەڕوات. بەڵام لە هەڵبژاردنی رابردوو 14 كورسییان لە كۆتا زیاتر بوو.

لە كۆی ئەو 84 ژنەی دەبنە پەرلەمانتار، تەنیا 25 كەسیان توانیویانە بەدەنگی بەدەستهاتوی خۆیان و بەبێ پشتبەستن بە سیستەمی كۆتا كورسی مسۆگەر بكەن، لە كاتێكدا هەڵبژاردنی رابردوو، 57ـیان بەبێ كۆتا سەركەوتن.

لە هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمان، خولی پێنجەم لە تشرینی یەكەمی 2021، ژنان توانییان كۆتا تێپەڕینن و 97 كورسی مسۆگەر بكەن. بەڵام ئەو نوێنەرایەتییە لە دەسەڵاتی جێبەجێكردندا رەنگدانەوەی نەبوو، بەوپێیەی لە كابینەی حكومەتی عیراق بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی، تەنیا سێ ژن بوون بە وەزیر، ئەوەش دەكاتە رێژەی سەدا 13 لە كۆی 23 وەزیر.

له‌ساڵی 1925ـەوه‌ تا 1980، له‌ هیچ په‌رله‌مانێكی عیراقیدا ژنان مافی كاندیدبونیان نه‌بووه‌، له‌وكاته‌ به‌دواوه‌ مافیان پێدراوه‌ و به‌ ژماره‌ی جیاواز توانیویانه‌ بگه‌نه‌ كورسی په‌رله‌مان یان ئه‌نجومه‌نی گه‌ل و ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان.

له‌ دوای ساڵی 2003 و قۆناغی نوێی حوكمڕانی له‌ عیراقدا، به‌ ده‌ستور و دواتر یاسا كۆتا بۆ ژنان جێگیرکرا، به‌ مه‌رجێك له‌ سه‌دا 25ـی كۆی كورسییه‌كان كه‌متر نه‌بێت، هەر له‌ ده‌ستوردا، جگه‌ له‌ كۆتا، له‌ مادده‌ی 20ـدا هاوشانی پیاو هه‌موو مافێكی به‌ ژنان داوه‌ تا به‌شداری له‌ كاروباری گشتییدا بكه‌ن و به‌ مافه‌ سیاسییه‌كانیان بگه‌ن لەوانە ده‌نگدان، هه‌ڵبژاردن و خۆپاڵاوتن.

له‌ یه‌كه‌م خولی په‌رله‌مانی عیراقدا، ساڵی 2005، ژنان توانییان 70 كورسی له‌ كۆی 275 كورسی په‌رله‌مان به‌ده‌ستبهێنن، لە خولی دوه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان له‌ 2010ـدا، ژمارەی كورسییەكان بۆ 325 كورسی زیادیكرد و ژنان 83 كورسییان به‌ده‌ستهێنا.

له‌ هەڵبژاردنی ساڵی 2014ـدا، 83 ژن گه‌یشتنه‌ په‌رله‌مان كه‌ 22 کاندیدیان به‌ ده‌نگی خۆیان و بەبێ پشتبه‌ستن به‌ سیسته‌می كۆتا توانییان كورسی به‌ده‌ستبهێنن.

لە خولی چوارەمی په‌رله‌مانیش له ساڵی‌ 2018ـدا، ژنان توانییان ببنه‌ خاوه‌نی 84 كورسی له‌ كۆی 329 كورسی، كه‌ به‌شێكیان به‌ده‌نگی خۆیان ده‌رچون.

جگە لە نوێنەرایەتی نێو پەرلەمان، بەپێی دەرەنجامی دوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق (كانونی یەكەمی 2023)، 76 ژن بوون بە ئەندامی ئەنجومەن و 17ـیان بە دەنگی بەدەستهاتووی خۆیان و بەبێ سیستمی كۆتا سەركەوتن، لە نێویاندا سێ كەس بەرزترین دەنگی لیستەكانیان هەبوو.

نزیكەی 23 ملیۆن هاوڵاتی عیراقی لە رەگەزی مێ پێكهاتوون، بەرێژەی سەدا 49.8، بەپێی سەرژمێری گشتی دانیشتوان لە ساڵی 2024ـدا.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT