دوای 35 مانگ؛ نەوتی كەركوك گەمارۆی شكاند
داهاتی نەوتی عیراق رۆژانە 180 ملیۆن دۆلار بەهۆی جەنگەوە كەمیكردووە

كه‌ركوك/ 2014/ كۆمپانیای نه‌وتی باكور كه‌ سه‌رپه‌رشتی كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی كه‌ركوك ده‌كات فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

لە کاتێکدا ئاگر و ئاڵۆزییەکانی جەنگ، رۆژانە زیاتر لە 180 ملیۆن دۆلار زیانی هەبووە بۆ داهاتی نەوتی عیراق، هەر ئەو بارودۆخە، بۆتە هۆی شكاندنی 35 مانگ لە گەمارۆی سەر هەناردەی نەوتی كەركوك بەرەو بەندەری جەیهان.

لە مانگی ئاداری 2026ـدا، لە كێڵگە نەوتییەكانی پارێزگای كەركوكەوە، بڕی دوو ملیۆن و 772 هەزار و 217 بەرمیل هەناردەی بەندەری جەیهان لە توركیا كراوە، ئەوەش دوای 35 مانگ لە راگرتنی هەناردەی نەوت.

هەناردەی نەوتی خاوی كەركوك، لە كۆتایی ئاداری 2023ـەوە لەڕێی بۆری نەوتبەری هەرێمی كوردستان بەرەو توركیا راگیرا، ئەوەش لەلایەن ئەنقەرەەوە دوابەدوای بڕیارێكی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس دژی توركیا، لەسەر سكاڵای حكومەتی عیراق بەرانبەر بە هەناردەكردنی نەوتی هەرێم.

سكاڵاكەی عیراق ئەوكات بەهۆی ناكۆكییەكانی نێوان بەغدا و هەولێرەوە بوو لەسەر دۆسیەی بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی نەوتی خاو كە چەندین ساڵە رێككەوتنی كۆتایی لەسەر نەكراوە.

بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی نەوتی عیراق، كە ئەمڕۆ دووشەممە 13ـی نیسان بڵاویكردەوە كۆی هەناردەی نەوتی وڵات لە مانگی ئاداری 2026ـدا گەیشتۆتە 18 ملیۆن و 604 هەزار و 951 بەرمیل، ئەوەش بە داهاتی ملیارێك و 957 ملیۆن و 121 هەزار دۆلار.

لەكاتێكدا مانگی شوبات نزیكەی 100 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە كراوە بە داهاتی نزیكەی حەوت ملیار دۆلار.

هەناردە و داهاتی نەوتی عیراق، بەهۆی شەڕی (ئەمریكا/ ئیسرائیل لەگەڵ ئێران) كەمیكردووە، كە لە 28ـی شوباتی ئەمساڵەوە دەستیپێكرد و دوای نزیكەی 40 رۆژ بە ئاگربەستێكی كاتی وەستا.

لە مانگی ئادار-ـدا بەراورد بە شوبات، هەناردەی نەوت نزیكەی 81 ملیۆن بەرمیل بەرێژەی لە سەدا 81 و داهاتی نەوتیش نزیكەی پێنج ملیار دۆلار بەرێژەی سەدا 71 كەمبۆتەوە. ئامارەکان دەریدەخەن کە عیراق بەهۆی جەنگەوە، رۆژانە زیاتر لە 180 ملیۆن دۆلار لە داهاتی نەوت زیانی كردووە.

عیراق، هاوكات پشت بە هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستانیش دەبەستێت، كە بەپێی رێككەوتنێكی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و بەغدا لە تشرینی یەكەمی 2025ـەوە دەستیپێكردووە و لە مانگی رابردوودا زیاتر لە ملیۆنێك و 271 هەزار بەرمیل بووە.

هەروەها بەپێی راگەیەندراوەكانی پێشتری وەزارەتی نەوت، لە توانایاندا هەیە هەناردەی نەوت بگەیەنن بە 500 هەزار لە رۆژێكدا، كە مانگانە نزیكەی 15 ملیۆن بەرمیل دەكات. نەوتی پارێزگاكە لە نزیكەی سێ ساڵی رابردوو زۆرینەی لە ناوخۆدا ساغدەكرایەوە و دەدرایە پاڵاوگە عیراقییەكان، هەروەها مانگانە دەوروبەری 300 بەرمیلی بە تانكەر رەوانەی ئوردن دەكرا كە دوو مانگە راگیراوە.

ئەوەش لەكاتێكدایە هەردوو حكومەتی عیراق و كۆمپانیای بریتش پترۆڵیۆم (BP)ـی به‌ریتانی، لە سەرەتای ساڵی رابردووەوە گرێبەستێكیان واژۆكرد بۆ نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدانی چوار کێڵگەی کۆمپانیای نەوتی باکور لە پارێزگای كەركوك، بە ئامانجی زیادكردنی بەرهەمهێنان و گەیشتن بە بەرزترین رێژەی بەرهەمهێنانی نەوت و غاز.

لە سنوری پارێزگای كەركوك پێنج كێڵگه‌ی سه‌ره‌كی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی خاو هه‌یه‌؛ ئاڤانا، بای حەسەن، قوبەی بابا، جمبور ‌و خەبازە كه‌ لەژێر دەسەڵاتی كۆمپانیای نه‌وت باكور سه‌ر به‌ حكومەتی عیراقیدان.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT