فەرید و وێنەگرەكەی بە تەنیشت یەكترییەوە دادەنێن، هەر لە ژورێكی ناو بازگەكەدا بە مۆبایلی تایبەتی مولازمێك وێنەیان دەگرن و دواتر بە "هەڕەشەوە" بەڕێدەكرێن، بەبێ ئەوەی مایك و كامێرا و میمیۆرییەكەیان پێبدەنەوە.
روداوەكە نیوەڕۆی 6ـی حوزەیرانی 2023 بوو، لە بازگەی ئوم شەبابیت لە سنوری قەزای شنگال (خۆرئاوای نەینەوا)، ئەوكاتەی ژمارەیەك خێزانی ئاوارەی ئێزیدی لە گەڕانەوەدابون بۆ ماڵەوە.
"كاتژمێر 1ـی نیوەڕۆ گەیشتینە بازگەكە، وەك تیمی دەزگای رۆژنامەوانی (ئێزیدی24)، داوای مۆڵەتی روماڵی گەڕانەوەی ئاوارەكانمان كرد، سەرەتا ئەفسەرێكی بازگەكە وتی نابێت روماڵ بكەن، دواتر هەر لە بازگەكە قسەمان لەگەڵ دوو ئەفسەری دیكە كرد و قایل بون روماڵ بكەین" فەرید نەواف، پەیامنێری (ئێزیدی24) وای وت.
فەرید كە یەكەمجارە روبەڕوی رێگریی و روداوی هاوشێوە ببێتەوە، هیچ سكاڵایەكی دژی مامەڵەی سوپا لەو بازگەیەدا تۆمارنەكردووە، بۆ (كەركوك ناو)ـی رونكردەوە "وتمان ئێمە تەنیا روماڵی گەڕانەوەی ئاوارەكان دەكەین و بابەتەكە تێكەڵ بە هیچ ململانێ و بابەتێكی سیاسی ناكەین، بۆیە ئەو دوو ئەفسەرە، كە موقەدەم و نەقیبێك بون، رێگەیاندا كاری خۆمان بكەین".
6ـى حوزەیران لە كەمپی شاریای دهۆكەوە، 307 ئاوارەی ئێزیدی، دوای نزیكەی نۆ ساڵ لە ژیانی ژێر خێوەت، گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان، ئەوەش بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق. لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 664 هەزار ئاوارە هەن و سەدا 30ـیان ئێزیدین.
"تەنیا دوو ئینسێرت و دیمەنی تێپەڕینی ئاوارەكانمان تۆماركرد، كە لێپرسراوێكی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق لە بازگەكەدا داوای كرد رێگریی روماڵمان لێبكرێت، هەرچەندە نوێنەرانی نەتەوە یەكگرتوەكان لەوێ بون و وتیان ئاساییە روماڵ بكەن، بەڵام ئەو سور بوو رێگری بكرێت و بە ناچاری ویستمان بگەڕێینەوە بۆ ناوەندی شنگال".
فەرید دەڵێت لەو كاتەدا مولازمێكی بازگەكە بانگی كردون و پرسیاری ئەوەی لێكردون بۆ روماڵیان كردوە، "داوای كامێرا و مایك و میمۆرییەكانی كرد، هەموو شتێكی لێسەندین، وتمان رەزامەندی دوو ئەفسەری بازگەكەمان وەرگرتووە، بەڵام سودی نەبوو".
بەپێی هەردوو یاسای مافەكانی رۆژنامەنوسان لە عیراق و یاسای رۆژنامەگەری لە كوردستان، رۆژنامەنوسان ئازادن لە كاركردن، مافی ئامادەبونیان هەیە لە هەموو كۆنگرە و كۆبونەوەیەكی گشتیدا بۆ كاری پیشەیی.
"من و وێنەگرەكەیان خستە ژورێكی ناو بازگەكەوە، لەوێ مولازمەكە بە مۆبایلی تایبەتی خۆی وێنەی گرتین، وەك تاوانبارێك وێنە و ڤیدیۆی گرتین و دواتر ڤیدیۆكەی بۆ كەسێكی تر نارد و وتی هەموو شتێكمان لێوەرگرتون، تەنانەت ڤیدیۆكانیشمان سڕیوەتەوە" بەوتەی رۆژنامەنوسەكەی (ئێزیدی24).
(كەركوك ناو) چەند رۆژێك لە هەوڵدابوو لێدوانی لێپرسراوانی ئەمنی لە شنگال وەربگرێت بەڵام ئامادەنەبون لێدوان بدەن.
فەرید نەواف دەڵێت مولازمەكە داوایكردووە بازگەكە بەجێبهێڵن، دوای ئەوەی ڤیدیۆی گرتون، كاتێكیش داوای مایك و كامێراكەیان كردۆتەوە "مولازمەكە توڕە بوو، وتی بڕۆن ئەگینا كامێراكە ئەشكێنم و دەستبەسەر هەموو كەلوپەلەكانی دیكەتاندا دەگرم، قسەی زۆری پێوتین"، پاش ئەو مشتومڕە فەرید نەواف، پەیامنێر و دیاب جەلال، وێنەگری (ئێزیدی24) بازگەكە بەجێدەهێڵن.
دوای چەند كاتژمێرێك لە روداوەكە، بەهۆی دەستتێوەردان و بەدواداچونی دەزگای میدیایی (ئێزیدی24)ـەوە، -دەزگایەكی میدیایی سەربەخۆیە وەك خۆیان دەڵێن- لە بازگەكەوە پەیوەندی بە فەرید نەواف-ـەوە دەكرێت تا كامێرا و مایك و میمۆرییەكەیان وەربگرنەوە، "وەرمانگرتەوە و هەموو شتێكیان سڕیبۆوە، تەنانەت راپۆرتێكمان كردبوو پێشتر لەسەر بابەتێكی تر، ئەوەش لە میمۆرییەكەدا نەمابوو" فەرید وای وت.
شنگال قەزایەكی جێناكۆكە، چەند ساڵێكە زیاتر لە دوو ئیدارەی جیاوازی هەیە و زیاتر له ههشت هێزی چهكداری تێدایە.