دوو بەدواداچوونی (كەركوك ناو)
خەڵاتەكانی دووەم و سێیەمی پێشبڕكێیەكی رۆژنامەوانی وەردەگرن

كەلار/ 12ـی كانونی یەكەمی 2024/ فەرمان سادق و عەمار عەزیز، رۆژنامەنوسانی (كەركوك ناو) دوای وەرگرتنی خەڵاتەكانی پێشبڕكێی رۆژنامەوانی تایبەت بە مافەكانی مرۆڤ فۆتۆ: لەیلا ئەحمەد

لەیلا ئەحمەد

دوو بەدواداچونێكی رۆژنامەوانیی ماڵپەڕی (كەركوك ناو)، براوەی خەڵاتەكانی دووەم و سێیەم بوون لە نێو چەندین بابەتی دیكەی رۆژنامەوانیدا، ئەوەش لە پێشبڕكێی ساڵانەی رادیۆی دەنگ بۆ باشترین راپۆرتی پەیوەست بە مافەكانی مرۆڤ.

نۆیەمین وەرزی پێشبڕكێی تایبەت بە باشترین راپۆرتە رۆژنامەوانییەكانی پەیوەست بە مافەكانی مرۆڤ لە ساڵی 2024ـدا، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ـی كانونی یه‌كه‌م لە مەراسیمێكدا لە قەزای كەلار ئەنجامەكەی ئاشكراكرا و هەریەك لە براوەكانی یەكەم، دووەم ‌و سێیەم خەڵاتكران.

عەمار عەزیز، پەیامنێری (كەركوك ناو)، بوو بە براوەی دووەمی ئەو پێشبڕكێیە لەڕێی بەدواداچونێكەوە بەناونیشانی (دوو بژاردە لەبەردەم ژنێكی كریستیاندا: یان كارتی نیشتیمانیی یان ئایینەكەت)، كە تەمموزی ئەمساڵ بڵاوكراوەتەوە.

بەدواداچونەكە دەربارەی ژنێكی كریستیانە، كە مافی بەدەستهێنانی كارتی نیشتمانی لێ زەوتكراوە و دۆسیەكەی گەیشتۆتە بنبەستێکی یاسایی، بەوپێیەی خراوەتە بەردەم دوو بژاردەەوە؛ دەبێت لە نێوان ئایینی كریستیان و بەدەستهێنانی كارتی نیشتیمانی عیراقیدا یەكێكیان هەڵبژێرێت.

خەڵاتی سێیەمی پێشبڕكێیەكە بۆ رۆژنامەنووس فەرمان سادق بوو، لەڕێی بەدواداچوونی (باجی رەخنە لە هەرێم بەرزە)، كە كانونی دووەمی ئەمساڵ لە ماڵپەڕی (كەركوك ناو) بڵاوبۆتەوە، دەربارەی دەستگیركردنی هاوڵاتییەك بەناوی ئیدریسی نانەوا لە هەولێر، بەبێ بڕیاری دادوەر و بەبێ ئەوەی "هیچ پەڕاوێك"ـی بۆ بكرێتەوە، تەنیا بەهۆی رەخنەگرتن و ناڕەزایی لە گردبوونەوەیەكدا دژی خراپی بارودۆخی بازاڕ و گوزەرانی خەڵك.

هەروەها خەڵاتی یەكەمی پێشبڕكێ بۆ رۆژنامەنووس زانیار بەهائەدین بوو لە ماڵپەڕی سبەی.

5393446014662338491
كەلار/ كانونی یەكەمی 2024/ رۆژنامەنوس فەرمان سادق لە مەراسیمی پێشبڕكێی رۆژنامەوانی مافەكانی مرۆڤ وتەیەك پێشكەش دەكات فۆتۆ: لەیلا ئەحمەد

ئازاد عوسمان، بەڕێوەبەری رادیۆی دەنگ كە سەرپەرشتی پێشبڕكێیەكە دەكەن، بە (كەركوك ناو)ـی وت "ئامانجی سەرەكی پێشبڕكێیەكە ئەوەیە برەو بەڕاپۆرتێك بدرێت پیشەیی بێت و لەسەر یەكێك لەو پێشێلكارییانە بێت كە پەیوەندیدارن بە مافەكانی مرۆڤەوە".

رادیۆی دەنگ پێشتر راپرسییەكی كردووە و دەرەنجامەكەی لە قازانجی بەردەوامی پێشبڕكێیەكەدا بووە، بەو پێیەی رۆڵی هەیە لە خوڵقاندنی كێبڕكێی ئەرێنی لە نێوان رۆژنامەنوساندا بە ئاڕاستەی برەودان بە مافەكانی مرۆڤ و نوسینی راپۆرتی پیشەیی.

پێشبڕكێی رۆژنامەوانی مافەكانی مرۆڤ‌ نۆ ساڵە بەردەوامە و له‌مساڵدا 26 رۆژنامەنوس چونەتە پێشبڕكێیەكەوە، لە نێویاندا چوار خانمە رۆژنامەنوس هەبون و لە كۆی راپۆرتەكانیشدا 16ـیان لە سۆشیال میدیادا بڵاوكراونەتەوە و 10ـی لە كەناڵی تەلەفزیۆنی، كە لیژنەیەكی شارەزا و پسپۆڕی رۆژنامەوانی سێ كەسیی هەڵسەنگاندنیان بۆ راپۆرتەكان كردووە و سێ براوەیان هەڵبژاردووە.

پرۆفسیۆر د. هێرش رەسوڵ، ئەندامی لیژنەی هەڵسەنگاندنی راپۆرتەكانی پێشبڕكێی ڕۆژنامەوانی مافەكانی مرۆڤ دەڵێت لە هەڵسەنگاندنەكاندا دوو پێوەری سەرەكیی هەن؛ ئەوانیش گشتیی و پیشەیی، بە (كەركوك ناو)ـی وت "پێوەرە گشتییەكان پەیوەندیدارە بەوەی راپۆرتەكان تا چەند پەیوەستن بە بواری مافەكانی مرۆڤ و پێشێلكارییەكان  و پاراستنی مافەكانی مرۆڤ..  پێوەرە پیشەییەكانیش ئەوەیە لەڕووی رۆژنامەوانییەوە تا چەند راپۆرتەكە خزمەتی بە پرسەكانی مافەكانی مرۆڤ و كردووە و توانیویەتی چارسەری گرنگ بخاتەڕوو".

هەروەها خوێندنەوەیان بۆ بابەتەكان كردووە تا رەهەند و گۆشە جیاوازەكانی خستۆتەڕوو، یان توانیویەتی پیشەییانە و بابەتییانە كار لەسەر دۆسیەیەك بكات، لەگەڵ هەڵسەنگاندنی لایەنی داڕشتن، سازاندن، بەكارهێنانی وێنە، ڤیدیۆ و گرافیك.

"رەنگە كاری تریش هەبێت و بەشداری پێشبڕكێیەكەی نەكردبێت كە زۆر لەمانە باشتر بێت، بەگشتی ئەو سێ ڕاپۆرتە باشبوون بۆیە هەڵبژێردراون و خاڵیان بەدەستهێناوە" بەوتەی هێرش رەسوڵ.

5393446014662338478
كەلار/ كانونی یەكەمی 2024/ رۆژنامەنوس عەمار عەزیز لەكاتی وەرگرتنی خەڵاتەكەیدا فۆتۆ: لەیلا ئەحمەد

پیشبڕكێیەكە لەلایەن رادیۆی دەنگ -رادیۆیەكی سەربەخۆیە لە شاری كەلار- بە پاڵپشتی سندوقی نیشتیمانی بۆ پاڵپشتی دیموكراسیی NED رێكخرابوو -كە دامەزراوەیەكی قازانج نەویستە و ساڵی  1983 دامەزراوە، ئامانجی سەرەكی گەشەپێدانی دیموكراسییە لە سەرتاسەری جیهاندا-.

پێشتریش راپۆرت و بەدواداچونەكانی پەیامنێرانی (كەركوك ناو) بۆ ساڵانی 2017، 2019، 2020، 2021، 2022 و 2023 توانیویانە ببنە براوەی خەڵاتەكانی یەكەم تا سێیەم، له‌ هه‌مان پێشبڕكێی باشترین راپۆرتەكانی پەیوەست بە مافەكانی مرۆڤ.

ماڵپەڕی (كەركوك ناو)، لە ساڵی 2020ـیشدا توانی خەڵاتی باشترین راگەیاندنی گەشەکردوو بەدەستبهێنێت، لە پێشبڕكێیەكی رێكخراوی ئینتەرنیوز-ـی نێودەوڵەتی بۆ ئەو دەزگا راگەیاندنانەی عیراق، كە بایەخیان بە روماڵی پرسەکانی ژن و پرسە جێندەرییەکانی کۆمەڵگە داوە.

(كەركوك ناو) ماڵپەڕێكی ئەلكترۆنیی هەواڵییە، بایەخ بە بڵاوكردنەوەی ئەو رووداو و بابەتانە دەدات كە لە سنووری جوگرافیی "ناوچەی جێناكۆك"ـدا ڕوودەدەن، یان پەیوەندییان بەو سنورە جوگرافییەوە هەیە، ئەمەش بە ئاڕاستەی پێكەوەژیانی ئاشتییانە لەم سنورەدا و ئاسانی دەستڕاگەیشتن بە زانیاریی.

لە ساڵی 2011ـدا ماڵپەڕی (كەركوك ناو) دامەزراوە و بابەتەكانی بە چوار زمانی عەرەبی، كوردی، توركمانی‌ و ئینگلیزی بڵاودەكاتەوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT