ته‌نیا له دوو رۆژدا 24 چه‌كدار به تۆمه‌تی تیرۆر كوژراون و دوو كه‌سیش ده‌ستگیركراون، ئه‌وه‌ش له پارێزگاكانی نه‌ینه‌وا، سه‌ڵاحه‌دین و كه‌ركوك له چوارچێوه‌ی ئۆپه‌راسیۆنی هێزه عیراقییه‌كاندا، به‌پاڵپشتی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی.
سه‌رباری نزیكه‌ی دوو ساڵ له كۆتایی داعش، به‌ڵام هێشتا جموجۆڵی چه‌كداری و مه‌ترسی هێرش له چه‌ندین شار به تایبه‌ت ناوچه‌كانی جێناكۆك به‌رده‌وامی هه‌یه، به جۆرێك هه‌فتانه ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی له مه‌ده‌نی و سه‌ربازی ده‌بنه قوربانی.
به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌كی شانه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌منی كه ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 29ی ئایار بڵاویكرده‌وه، "14 تیرۆریست له نێویاندا خۆكوژ و سه‌ركرده‌كانیان له‌كاتی روبه‌روبونه‌وه و هه‌ڵكوتانه سه‌ر مۆڵگه‌یه‌كی داعش له قه‌زای حه‌زر له باشوری خۆرئاوای نه‌ینه‌وا كوژراون".
ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ی هێزه عیراقییه‌كان، یه‌كه‌یه‌كی تایبه‌ت ده‌زگای دژه‌تیرۆر ئه‌نجامیداوه به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ فڕۆكه سه‌ربازییه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش، ئه‌وه‌ش پاڵپشت به زانیاری هه‌واڵگری.
ئه‌و هه‌ڵمه‌ته سه‌ربازییانه دوای ئه‌وه‌دێت چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر، له ته‌قینه‌وه‌ی ئۆتۆمبێلێكی بۆمڕێژكراودا له نزیك بازاڕی گوندی عه‌وینات له ناحیه‌ی ره‌بیعه‌ی نه‌ینه‌وا، پێنج كه‌س كوژراون و هه‌شت هاوڵاتی تر برینداربون.
شاری موسڵ، دوای چه‌ند ساڵێك له حوكمڕانی داعش، له ته‌مموزی 2017دا كۆنتڕۆڵكرایه‌وه و به‌هۆی شه‌ڕه‌وه زیانی زۆری به‌ركه‌وت، تائێستاش هه‌زاران خێزانی سنوره‌كه له ئاواره‌ییدا ده‌ژین و له‌به‌ر نه‌بونی خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌تاییه‌كان نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه.
لیواروكن حه‌مه‌د نامس، فه‌رمانده‌ی پۆلیسی نه‌ینه‌وا له به‌یاننامه‌یه‌كدا شه‌وی رابردوو ئاشكرایكرد هێزه‌كانیان به پێی زانیاری هه‌واڵگری توانیویانه داواكراوێك به تۆمه‌تی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ داعش ده‌ستگیربكه‌ن، له گه‌ڕه‌كی سوكه‌ر له به‌ری چه‌پی موسڵ.
له پارێزگای كه‌ركوك، هاوشێوه‌ی ناوچه‌كانی تری جێناكۆك چه‌ندین روداوی جیاواز تۆماركراون، له نێویاندا بۆمبی چێنراو كه هه‌فته‌ی رابردوو چه‌ند هاوڵاتییه‌كی كرده قوربانی.
شانه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌منی له به‌یاننامه‌یه‌كدا چوارشه‌ممه 28ی ئایار ئاشكرایكرد، هێزێكی ئاژانسی هه‌واڵگری وه‌زاره‌تی ناوخۆ توانیویانه داواكراوێكی تیرۆر له ناحیه‌ی پردێ له كه‌ركوك ده‌ستگیربكه‌ن.
ئه‌و ده‌ستگیركردنه هاوكات بوو له‌گه‌ڵ ئۆپه‌راسیۆنێكی به‌رفراوانی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كانی كه‌ركوك، به تایبه‌ت به ناوچه‌كانی خۆرئاوا‌و و باشوری خۆرئاوای پارێزگاكه.
به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌كی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی كه‌ركوك، له‌و هه‌ڵمه‌ته‌دا به پاڵپشتی هێزی ئاسمانی عیراقی، چه‌ندین ناوچه له مه‌ترسی چه‌كداران پاككراونه‌ته‌وه، له‌گه‌ڵ هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی 12 مینی چێنراو و خاپوركردنی چوار مۆڵگه‌ی داعش، به‌وه‌ش به‌شێكی زۆر له مه‌ترسییه‌كان به تایبه‌ت له ده‌وروبه‌ری كێڵگه نه‌وتیه‌كانی قه‌زای دوبز نه‌ما.
چه‌كدارانی داعش، له حوزه‌یرانی 2014دا ده‌ستیانگرت به‌سه‌ر قه‌زای حه‌ویجه (55كم باشوری خۆرئاوای كه‌ركوك) و چوار ناحیهیدا، له مانگه‌كانی كۆتایی 2017دا ئه‌و ناوچانه له‌لایه‌ن هێزه عیراقییه‌كانه‌وه كۆنتڕۆڵكرانه‌وه.
له پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین، به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌كی شانه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌منی، چه‌ندین هه‌ڵمه‌تی سه‌ربازی و گه‌ڕان بۆ نه‌ھێشتنی مه‌ترسییه ئه‌منییه‌كان ئه‌نجامدراوه.
شانه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌منی چوارشه‌ممه 28ی ئایار بڵاویكرده‌وه له سه‌ڵاحه‌دین، 10 چه‌كداری داعش كوژراون و دوو ئۆتۆمبێلیشیان كه یه‌كێكیان بۆمبڕێژكراو بوه تێكشكێندراون، ئه‌وه‌ش له ئۆپه‌راسیۆنێكدا به هاوبه‌شی و هه‌ماهه‌نگی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی ئه‌و پارێزگایه و هێزی ئاسمانی عیراق.