ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك، ده‌ستیانكرد به كۆكردنه‌وه‌ی شمه‌كه‌كانیان و كۆتاییان به ئه‌ركه‌كانیان هێنا، ئه‌وه‌ش دوای تێپه‌ڕینی نزیكه‌ی 15 ساڵ به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنیاندا.
ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عیراق، به كه‌ركوكیشه‌وه، له دانیشتنێكی په‌رله‌ماندا و به زۆرینه‌ی ده‌نگ هه‌ڵوه‌شێنرانه‌وه، وه‌ك به‌ده‌مه‌وه‌چونی داواكارییه‌كی خۆپیشانده‌رانی ناڕازی، كه مانگێكه له به‌غدا و چه‌ند شارێكی دیكه به‌رده‌وامی هه‌یه و به‌هۆی بارگرژییهكانیشهوه، زیاتر له 250 كه‌س كوژراون و هه‌زارانی كه‌سی تر برینداربون.
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 29ی تشرینی یه‌كه‌م، یه‌ك رۆژ دوای بڕیاره‌كه‌ی په‌رله‌مانی عیراق، ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك دوارۆژی ده‌وامیان به‌ڕێكرد.
خەلیل حەدیدی، ئەندامی ئەنجومەنی هه‌ڵوه‌شاوه‌ی پارێزگای كەركوك لە كوتلەی عەرەبی له‌كاتی به‌جێهشتنی باڵه‌خانه‌ی ئه‌نجومه‌ن به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئه‌مڕۆ هه‌موو ئه‌ندامان ده‌ستمانكرد به كۆكردنه‌وه‌ی پێداویستی و نوسراو و بەڵگەنامەكان، ئەوەی پەیوەستە بە خۆمانە ده‌یبه‌ین و ئەوەی پەیوەستە بە پارێزگاوە ڕادەستی ئیدارەی كەركوكی ده‌كه‌ین".
دوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق لە ساڵی 2013دا بەرێوەچوو، جگە لە كەركوك كە نزیكه‌ی 15 ساڵە لەو پرۆسەدا بەشدارنییە، ئه‌وه‌ش بەهۆی ناكۆكی پێكهاتەكانهوه.
"بڕیاره‌كه‌ی په‌رله‌مان ده‌ستوری نیه، بڕیارێكی سته‌مكارانه‌یه دژی ئه‌نجومه‌ن، ئێمه تانه‌ی لێده‌ده‌ین" حه‌دیدی وای وت.
بڕیارێكی سته‌مكارانه‌یه دژی ئه‌نجومه‌ن، ئێمه تانه‌ی لێده‌ده‌ین
به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی په‌رله‌مانی عیراق كه ئه‌مڕۆ بڵاوكرایه‌وه، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان پاڵپشته به یاسای پارێزگا نه‌به‌ستراوه‌كان به هه‌رێمه‌وه و ئه‌وی پێی رازی نیه، ده‌توانێت له دادگا تانه‌ی لێبدات.
به‌پێی مادده‌ی 20ی ئه‌و یاسایه، په‌رله‌مان ده‌سه‌ڵاتی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی هه‌یه، ئه‌گه‌ر پێشێلكاری ده‌ستور و یاساكانیان كرد، یان بونه هۆی كهمپهككهوتنی ئه‌ركه‌كانیان یاخود سێیه‌كی ئه‌نجومه‌ن مافی ئه‌ندامێتییان له ده‌ستدا.
ئازاد جەباری، ئەندامی ئەنجومەنی هه‌ڵوه‌شاوه‌ی پارێزگا له لیستی برایه‌تی به (كه‌ركوك ناو)ی وت "لەمڕۆ بەدواوە نایەین بۆ ئەنجومەن، كاری ئێمه تەواو بوو، ئیتر ده‌ست به كۆكردنەوەی پێداویستی و نوسراوەكانی خۆمان ده‌كه‌ین و ده‌یبه‌ینه‌وه بۆ ماڵه‌وه".
ئه‌و ده‌ڵێت كولته‌ی عه‌ره‌بی ده‌یه‌وێت تانه له بڕیاره‌كه‌ی په‌رله‌مان بدات، "ئێمه بۆ تانه ئاماده‌ین به‌ڵام برایانی توركمان ئامادەنین تانە لە بڕیارەكە بدەن".
به‌پێی بڕیاره‌كه‌ی په‌رله‌مانی عیراق، تا هه‌ڵبژاردنی داهاتووی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان كه بڕیاره 1ی نیسانی 2020 ئه‌نجامبدرێت، په‌رله‌مانتارانی كه‌ركوك سه‌رپه‌رشتی و چاودێری كاره‌كانی پارێزگاری كه‌ركوك ده‌كه‌ن.
نەجات حوسێن، ئەندامی ئەنجومەنی هه‌ڵوه‌شاوه‌ی پارێزگای كەركوك لە كوتله‌ی توركمانی كه هاوشێوه‌ی ئه‌ندامانی تر ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد ده‌ستیانكردوه به كۆكردنه‌وه‌ی شمه‌كی تایبه‌تی خۆیان له باڵه‌خانه‌ی ئه‌نجومه‌ن، به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئەوە لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە، بڕیارێكەو دراوە، ئیتر ئێمە پێمانباش بێت یان خراپ".
ده‌ست به كۆكردنەوەی پێداویستی و نوسراوەكانی خۆمان ده‌كه‌ین و ده‌یانبه‌ینه‌وه بۆ ماڵه‌وه
ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە بەهۆی ناكۆكییە سیاسیی و ئەمنییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و ناكۆكی پێكهاتەكان، پەكخراوە و لەو ماوەیەدا تەنیا لە یەك كۆبونەوەدا نیسابی یاسایی ئەندامان تەواو بووە، ئەویش بڕیاری تیادا نەدراوە.
به‌وته‌ی حوسێن، داواكاری خۆپیشانده‌ران بۆ حكومه‌ت و په‌رله‌مان بووه، دواتر ئاڕاسته‌ی گۆڕاوه بۆ ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان؛ پێشیوایه ئه‌و هه‌نگاوه نابێته هۆی چاره‌سه‌ری كێشه‌كان.
ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە 41 ئەندام پێکدێت، 26 ئەندامی لە لیستی برایەتییە (کورد)، تورکمان بە هەردوو مەزهەبی شیعە و سوننە نۆ ئەندام و پێکهاتەی عەرەبیش شەش ئەندامیان هەیە.
نزیكەی 13 ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، دوو ساڵە بەشداریی هیچ چالاكی و كۆبونەوەیەكی ئەنجومەنی پارێزگایان نەكردووە، تەنانەت نەگەڕاونەتەوە بۆ پارێزگاكە و دەوامیش ناكەن، به‌پێی به‌دواداچونێكی پێشتری (كه‌ركوك ناو).
لەو ژمارەیە 11 ئەندامیان بە بڕیاری پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەرێمی كوردستان یان دەرەوە نیشتەجێن؛ ئەوە جگە لە ئامادەنەبونی رێبوار تاڵەبانی، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا و ئەندامێكی تری ئەنجومەن لە پێكهاتەی كلدۆئاشوری كە ئەمەیان لە دەرەوەی وڵات دەژیت.
ئەوەش لەكاتێكدایە هەر ئەندامێكی ئەنجومەن مانگانە نزیكەی دوو ملیۆن و 300 هەزار دیناری وه‌رده‌گرت، لەگەڵ نزیكەی 600 هەزار بۆ كرێی بەنزین و هاتوچۆ؛ لەوەش زیاتر، 50 هەزار بۆ ئینتەرنێت و مانگی هەریەك سێ بۆ چوار كارتی 10 هەزار دیناریان بۆ مۆبایلەكانیان پێدەدرێت.