كۆتای پێكهاته‌كان لەنێو بەرداشی پەرتەوازەیی و چاوتێبڕینی زلهێزەکاندا‌

ئەم وێنەیە لە ماڵپەری unsplash وەرگیراوە لە 4ی ئایاری 2020

عه‌مار عه‌زیز*

پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئاینییه‌كانی عیراق له‌ هه‌موو هه‌ڵبژاردنێكدا ده‌كه‌ونه‌ به‌رده‌م هه‌ژمون و ململانێی حزبه‌ سیاسییه‌ گه‌وره‌كان، تا لانیكه‌م پارێزگاری له‌ نوێنه‌رایه‌تی راسته‌قینه‌یان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بكه‌ن، كه‌ ته‌نیا سه‌دا 3ی كۆی كورسییه‌كانی په‌رله‌مان پێكده‌هێنێت و به‌ سیسته‌می كۆتا رێکخراوە.

لە‌ كۆی 329 كورسی، ته‌نیا 9 كورسی كۆتا بۆ پێكهاته‌كان له‌ پشكی چه‌ند پارێزگایه‌ك ته‌رخانكراوه‌؛ له‌و ژماره‌یه‌ پێنج كورسی بۆ كریستیانه‌كان و هه‌ریه‌ك له‌ كوردی فه‌یلی، ئێزیدی، سابئه‌ی مه‌ندائی و شه‌به‌ك یه‌كی یه‌ك كورسییان هه‌یه‌، ئەوەش به‌پێی یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق.

له‌ دوایین هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌ماندا لە ئایاری 2018، زیاتر لە 20 هاوپەیمانێتی و لیستى تاکەکەسى بە نزیکەى 100 کاندیدەوە کێبڕکێی به‌ده‌ستهێنانی کورسییه‌كانی کۆتایان دەكرد.

به‌شێك له‌ حزب‌ و كوتله‌ گه‌وره‌كان كاندید له‌ پێكهاته‌كانی دیكه‌ش لە نێو لیستەکانیاندا داده‌نێن، به‌ ئامانجی كۆكردنه‌وه‌ی ده‌نگی كه‌مایه‌تییه‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئاینییه‌كان؛ یاخود له‌ ده‌ره‌وه‌ی لیسته‌كانیاندا كاندیدی لایه‌نگر و ئه‌ندامی خۆیان ده‌خه‌نه‌ نێو كێبڕكێی كورسییه‌كانی كۆتا.

 

كریستیان؛ زۆرینه‌ی كۆتا

له‌ په‌رله‌مانی عیراقدا، كورسی كۆتایان بۆ به‌غدا، نه‌ینه‌وا، كه‌ركوك، هه‌ولێر و دهۆك هەیە، كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردندا زیاتر له‌ حه‌وت حزبی سیاسیی و ده‌یان كاندیدی سه‌ربه‌خۆ کێبڕکێی به‌ده‌ستهێنانیان ده‌كه‌ن. له‌ په‌رله‌مانی هەرێمی كوردستانیشدا پێنج كورسی كۆتایان هه‌یه‌، جگه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان.

kristian (1)
دهۆك، 2019، بۆنه‌یه‌كی ئایینی تایبه‌ت به‌ كریستیانه‌كان فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

حزبه‌ کریستانیه‌کان كه‌ به‌شێكیان گروپی چه‌كدار و به‌رژه‌وه‌ندییان له‌گه‌ڵ كوتله‌ گه‌وره‌كاندا هه‌یه‌، له‌ هه‌ڵبژاردنی رابردودا، به‌ په‌رته‌وازه‌یی‌ و نزیكه‌ی 70 كاندیده‌وه‌ چونه‌ كێبڕكێی به‌ده‌ستهێنانی پێنج كورسی كۆتاوه.

"به‌هیچ شێوه‌یه‌ك مافی كه‌مایه‌تییه‌كان له‌ په‌رله‌ماندا له‌به‌رچاوناگیرێت، زۆرینه‌ له‌باتی ئێمه‌ بڕیار ده‌دات؛ بریار و یاساكانیان به‌سه‌ر ئێمه‌ و پێكهاته‌كانی دیكه‌دا ده‌سه‌پێنن، بۆیه‌ ده‌بێت كۆتا زیاتر بكرێت تا ئه‌و پێشێلكارییانە‌ نه‌مێنێت" سه‌رۆكی حزبی ئیتیحاد به‌یت نه‌هیره‌ین وه‌ته‌نی بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.

یوسف یه‌عقوب مه‌تا پێشیوایه‌ چه‌ند هۆكارێك له‌ پشت كه‌مبونه‌وه‌ی ده‌نگی كریستیانه‌كانه‌وه‌یه‌ بەشێوەیەک نه‌توانن نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ی خۆیان دیاریبكه‌ن و به‌و هۆیه‌وه‌ بكه‌ونە‌ ژێر هه‌ژمونی لایه‌نه‌ گه‌وره‌كانه‌وه‌، لەوانە كۆچی كریستیانه‌كان‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات.

داعش له‌ ناوه‌ڕاستی 2014دا، كاتێك موسڵی كۆنتڕۆڵكرد؛ سێ‌ بژارده‌ی خستە بەردەم کریستیانەکان ئەوانیش ئیسلامبون، پێدانی جزیە یان بەجێهێشتنی ماڵ و حاڵیان، بۆیە زۆرینه‌ به‌ ناچاری ئاواره‌بون.

"پێویسته‌ حكومه‌ت رێگه‌چاره‌یه‌ك بۆ كێشه‌كانی كریستیانه‌كان بدۆزێته‌وه‌ تا بتوانن نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ی خۆیان هه‌ڵبژێرن و كورسی زیاتر له‌ ژماره‌ی كۆتا به‌ده‌ستبهێنن".

زۆرینه‌ له‌باتی ئێمه‌ بڕیارده‌دات و یاساكانیان به‌سه‌رماندا ده‌سه‌پێنن

یه‌عقوب مه‌تا ده‌ڵێت ته‌نانه‌ت به‌شێك له‌و یاسا و بڕیارانه‌ش کە له‌ په‌رله‌مان و كۆمسیۆنه‌وه‌ ده‌رده‌چن، له‌ قازانجی ئه‌واندا نه‌بوون‌، له‌وانه‌ كاركردن به‌ كارتی بایۆمه‌تری ده‌نگدان كه‌ زۆرینه‌ی كریستیانه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات نه‌یانبوو، یان ته‌رخاننه‌كردنی بنكەی‌ زۆر و نزیك له‌ شوێنی نیشته‌جێبونیانه‌وه‌ له‌ وڵاتانی ئه‌وروپا.

له‌ نه‌وه‌كانی سه‌ده‌ی رابردودا، ژماره‌ی كریستیانه‌كانی عیراق له‌ ملیۆنێك و 500 هه‌زار كه‌س زیاتر بون، واتە نزیكه‌ی له ‌سه‌دا سێیی دانیشتوان بون؛ تا شه‌ڕی هاوپه‌یمانان و كۆتایی حوكمڕانی به‌عس له‌ 2003دا، هێشتا ده‌وروبه‌ری 800 هه‌زار هاوڵاتی ئه‌و پێكهاته‌یه‌ له‌ وڵاتدا مابون.

له‌ ئێستادا ژماره‌ی کریستیانه‌کان بۆ خوار 500 هه‌زار که‌س که‌میکردووه، ئه‌وه‌ش به‌پێی ئامارێك كه‌ کاردیناڵ لویس ساکۆ، پاتریاکی کلدانه‌کان له‌ عیراق و جیهان ساڵی 2019 به‌ (كه‌ركوك ناو)ی داوه‌.

 

فه‌یلییه‌كان؛ ئه‌زمونێكی نوێ له‌ كۆتا

كوردی فه‌یلی بۆ یه‌كه‌مجار كورسییه‌كی كۆتایان له‌ په‌رله‌مان بۆ دیاریكرا، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر پشكی واست؛ له‌ هه‌ڵبژاردنی رابردوودا، ژماره‌یه‌ك هاوپه‌یمانی و قه‌واره‌ی سیاسیی به‌ 12 كاندید كێبڕكێی به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و كورسییه‌یان كرد.

parlaman-1
به‌غداد، 2019، له‌ كۆی 329 كورسی ته‌نیا 9 كورسی كۆتا بۆ پێكهاته‌كان دانراوه‌ فۆتۆ: راگه‌یاندنی ئه‌نجومه‌ن

له‌ هه‌ردوو ئه‌نجومه‌نی پارێزگای به‌غدا و واست كورسی كۆتایان هه‌بوو تا ئەو کاتەی ئەو ئەنجومەن هەڵوەشێنرانەوە، به‌ڵام له‌ په‌رله‌مان و پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان هیچ كورسییه‌كیان بۆ ته‌رخاننه‌كراوه.

"زۆرینه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ پێكهاته‌كانه‌وه‌ ده‌گه‌نه‌ په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان، نوێنه‌رایه‌تی راسته‌قینه‌ی پێكهاته‌كه‌ی خۆیان ناكه‌ن، بۆ نمونه‌ كوردانی فه‌یلی، به‌ڵكو ئه‌وان نوێنه‌ری ئه‌و حزبانه‌ن كه‌ پشتگیرییان ده‌كه‌ن" جه‌واد مه‌له‌كشاهی وای وت.

به‌بڕوای ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ی فه‌یلی له‌ به‌غدا، گه‌وره‌ترین كێشه‌ی به‌رده‌میان، هه‌ژمونی حزبه‌ گه‌وره‌كانە له‌كاتی هه‌ڵبژاردندا

"ئه‌وانه‌ی ده‌توانن كورسی كۆتای فه‌یلی به‌ده‌ستبهێنن، ئه‌وانه‌ن له‌لایه‌ن حزبه‌ شیعییه‌ گه‌وره‌كانه‌وه‌ پشتگیری ده‌كرێن و له‌ژێر فه‌رمانی ئه‌واندا كارده‌كه‌ن، كه‌ هیچ گرنگییه‌ك به‌ مافی كوردانی فه‌یلی ناده‌ن".

ژماره‌ی فه‌یلییه‌كان له‌ عیراق به‌ زیاتر له‌ 800 هه‌زار كه‌س هه‌ژمارده‌كرێت، زۆرینه‌یان له‌ ناوچه‌كانی دیاله‌، به‌غدا و واست نیشته‌جێن.

ته‌نیا ئه‌وانه‌ ده‌بنه‌ خاوه‌نی كورسی كۆتا كه‌ حزبه‌ گه‌وره‌كانیان پشتگیرییان ده‌كه‌ن

مه‌له‌كشاهی ده‌ڵێت نه‌بونی هاوپه‌یمانییه‌كی یه‌كگرتوو، وایكردووه‌ ده‌نگی فه‌یلییه‌كان په‌رته‌وازه‌ بێت و نه‌توانن نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ی خۆیان بنێرنه‌ په‌رله‌مان.

"پێموایه‌ ته‌رخانكردنی یه‌ك كورسی كۆتا له‌ واست، سڕینه‌وه‌ و غه‌درێكی رونه‌ به‌رانبه‌ر كوردی فه‌یلی له‌ به‌غدا، كه‌ زۆرینه‌ن له‌و پارێزگایه‌؛ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌و كورسییه‌ی واستیش هه‌ر بۆ پارته‌ ئیسلامییه‌ شیعییه‌كان ده‌ڕوات و هیچ رۆڵێكی له‌ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانماندا نابێت" به‌وته‌ی مه‌له‌كشاهی.

كوردانی فه‌یلی له‌ سه‌رده‌می رژێمی به‌عسدا له‌ عیراق، روبه‌ڕوی راگواستن، وه‌رگرتنه‌وه‌ی ناسنامه‌ بونه‌وه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌یەک کاتدا هەم کورد بوون و هەم شیعه‌، ئه‌و تاوانه‌ش له‌لایه‌ن دادگای باڵای تاوانه‌كانه‌وه‌ له‌ 2010 وه‌كو جینۆساید ناسێنرا.

 

كاكه‌یی؛ پێكهاته‌یه‌كی زوڵملێکراو

پێكهاته‌ی كاكه‌ییه‌كان، له‌ ته‌واوی عیراقدا كورسی كۆتایان نییه‌، جگه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ كه‌ هێشتا پێكنه‌هێنراوه‌.

له‌ خوله‌كانی رابردوی په‌رله‌ماندا، كاكه‌ییه‌كان هیچ نوێنه‌رێكیان نه‌بووە، هه‌رچه‌نده‌ به‌رده‌وام له‌ نێو لیست و قه‌واره‌كاندا كاندید كرابون، به‌ڵام ده‌نگی پێویستیان به‌ده‌ستنه‌هێناوه‌.

kakaiy-1
كه‌ركوك، 2019، ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی كاكه‌یی له‌ قه‌زای داقوق فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

سه‌ردار ئه‌رجومان، یه‌كێك له‌ سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌كانی كاكه‌یی، روی گله‌یی له‌ حزبه‌ عه‌ره‌بی و كوردییه‌كانه‌، كه‌ له‌كاتی نوسینه‌وه‌ی ده‌ستوردا پشتگیرییان نه‌كردون تا به‌ ره‌سمی بناسرێن و له‌ په‌رله‌ماندا كورسی كۆتایان بۆ دابنرێت، ئه‌وه‌ش به‌ غه‌درێكی ئاشكرا له‌ پێكهاته‌كه‌ی ده‌زانێت.

"ئێمه‌ دووجار بوینه‌ قوربانی، له‌به‌ر كوردبون و كاكه‌یی بون، چونكه‌ خاوه‌نی كه‌لتور و مه‌زهه‌بی خۆمانین، له‌كاتێكدا به‌رده‌وام قوربانیمان داوه‌ و ئامانجی گروپه‌ چه‌كدارییه‌كان بوین" ئه‌رجومان وای وت.

كاکەییەکان لە چەندین ناوچه‌ی عیراقدا دەژین، جگه‌ له‌ نه‌ینه‌وا، بە زۆرى لە کەرکوک، هەڵەبجە، هه‌ولێر، خانەقین و چه‌ند شوێنێكی تری دیاله‌ نیشتەجێن، بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان ژمارەیان بە 100 هەزار کەس مه‌زنده‌ده‌كرێت.

كاكه‌یی‌ چه‌ندین مه‌زار‌ی ئایینییان له‌ كه‌ركوك، نه‌ینه‌وا و هه‌ڵه‌بجه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام هێشتا ئایینه‌كه‌یان لە دەستورى عیراقدا بەفەرمى نەناسراوه.

حزبه‌كان ته‌نیا بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان دۆسیه‌ی كاكه‌ییه‌كان به‌كارده‌هێنن

"حزبه‌كان، یه‌كێتی و پارتی، هه‌ر لایه‌نێك ته‌نیا بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ كاكه‌یی كردووه‌، له‌ ركابه‌ری یه‌كتریدا به‌كاریانهێناون به‌ تایبه‌ت له‌ كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا"، سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌كه‌ی كاكه‌یی وتی "سه‌رباری ئه‌وه‌ی نكۆڵی ناكرێت له‌ پارێزگاری ئه‌و حزبانه‌ بۆ كاكه‌یی به‌ڵام به‌رده‌وام له‌ دۆسیه‌ی كاكه‌ییه‌كاندا بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان له‌به‌رچاویانگرتووه‌".

كاكه‌ییه‌كان زیاد له‌ جارێك هه‌وڵیانداوه‌ كورسی كۆتایان بۆ ته‌رخانبكرێت، دوایینیان له‌ كۆتاییه‌كانی 2019دا بوو، به‌ڵام جارێكیتر بێئومێد بون.

ئه‌ڵماس فازڵ، ئه‌ندامی لیژنه‌ی یاسایی له‌ په‌رله‌مانی عیراق ئه‌وكات به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "به‌داخه‌وه‌ كۆتای كاكه‌یی ده‌نگی پێویستی له‌ لیژنه‌ی یاساییدا بەدەستنه‌هێنا چونکە له‌ كۆی 15 كه‌س چوار كه‌س ده‌نگیان پێدا، بۆیه‌ نه‌خرایه‌ به‌رنامه‌ی كاری په‌رله‌مانه‌وه‌ تا له‌ چوارچێوه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردندا ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت".

 

شه‌به‌ك؛ ده‌نگێكی په‌رته‌وازه‌

شه‌به‌ك له‌ په‌رله‌مانی عیراقدا یه‌ك كورسی كۆتای له‌ پشكی نه‌ینه‌وا بۆ ته‌رخانكراوه‌، كه‌ له‌ هه‌ر هه‌ڵبژاردنێكدا چه‌ندین كاندید له‌ حزبه و هاوپه‌یمانێتییه‌كانه‌وه‌ چاویان له‌سه‌ریه‌تی.

له‌ دوایین هه‌ڵبژاردندا، جگه‌ له‌ كۆتا، توانییان كورسییه‌كی دیكه‌ش له‌سه‌ر لیستی هاوپه‌یمانییه‌كی فه‌تح-ی شیعی به‌ده‌ستبهێنن.

shabak
دهۆك، 2016، كه‌مپی ئاواره‌كانی هاوڵاتیانی شه‌به‌ك له‌ قه‌زای به‌رده‌ڕه‌ش فۆتۆ: تایبه‌ت به‌كه‌ركوك ناو

غه‌زاون داودی، كه‌سایه‌تی شه‌به‌ك له‌ نه‌ینه‌وا، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "دوو رەوتی سه‌ره‌كی له‌نێو شه‌به‌كدا هه‌ن؛ سه‌دا 60یان له‌گه‌ڵ حزبه‌ عه‌ره‌بییەکان و سه‌دا 40ی له‌گه‌ڵ حزبە كوردییەکانن‌، به‌ تایبه‌ت پارتی، بۆیه‌ ده‌نگه‌كانیان دابه‌شبووه‌ و ناتوانن نوێنه‌ری زیاتر یان نوێنه‌رایه‌تییه‌كی راسته‌قینه‌ بنێرنه‌ په‌رله‌مان".

ئه‌و ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر هه‌موو شه‌به‌ك بۆ كاندیدی خۆیان ده‌نگبده‌ن، به‌پێی ژماره‌یان، ره‌نگه‌ سێ كورسی مسۆگه‌ربکەن، به‌ڵام به‌سه‌ر پێكهاته‌ و حزبه‌كانی دیكه‌دا دابه‌شبون.

ژمارەی شه‌به‌ك به‌ 300 بۆ 350 هه‌زار كه‌س له‌ عیراق هه‌ژمارده‌كرێت؛ سه‌دا 60یان له‌ مه‌زهه‌بی شیعه‌ و ئه‌وانیتر سونه‌مه‌زهه‌بن، به‌ زۆری ده‌كه‌ونه‌ ناوچه‌كانی باشیك، به‌رتڵه‌، حه‌مدانیه‌، تلكێف و چه‌ند گه‌ڕه‌كێكی موسڵ و گونده‌كانی ده‌شتی نه‌ینه‌وا.

"پێش هه‌ر هه‌ڵبژاردنێك هه‌وڵی یه‌كلیستی و كۆده‌نگی شه‌به‌ك ده‌درێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ نزیكبونه‌وه‌ له‌ پرۆسه‌كه‌، هه‌موو رێككه‌وتنه‌كان هه‌ڵده‌وه‌شێنه‌وه‌ و ده‌نگی خه‌ڵك په‌رته‌وازه‌ ده‌بێت" عه‌زوان له‌باره‌ی كاریگه‌ری هه‌ژمونی لایه‌نه‌كانی تره‌وه‌ وای وت.

 

ئێزیدی؛ فره‌حزبی و فرە كاندیدی

ئێزیدییەکان کە زۆرینەیان لە نەینەوا نیشتەجێن، ته‌نیا یه‌ك کورسییان له‌ په‌رله‌ماندا بۆ ته‌رخانكراوه‌، كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی رابردودا، به‌ حزبه‌ ئێزیدییه‌كان و لایه‌نه‌كانی تره‌وه‌، زیاتر له‌ 50 كاندیدیان هه‌بوو.

زۆری ژماره‌ی كاندید و نه‌بونی یه‌كلیستی ده‌نگه‌كانمانی په‌ره‌ته‌وازه‌ كردووه‌

"پێویسته‌ ئێزدییه‌كان له‌نێوخۆیاندا بگه‌نه‌ رێككه‌وتن تا به‌ یه‌ك لیست به‌شداربن؛ ژماره‌ی كاندیده‌كانیش زۆرنه‌بن، ... تا ده‌نگه‌كانیان په‌رته‌وازه‌ نه‌بێت،" به‌ بڕوای شه‌هاب ئه‌حمه‌د، رۆژنامه‌نوس و ئاواره‌ له‌ كه‌مپی قادیای شێخان، ئه‌و پێشیوایه‌ ناكۆكی ناوخۆیی و فره‌كاندیدی هۆكاری فه‌وتانی ده‌نگی زۆر بووه‌.

له‌ یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراقدا، ئێزیدییه‌كان له‌ ساڵی 2005دا بون به‌ خاوه‌نی كورسی كۆتا، سه‌رباری ئه‌وه‌ی دادگای فیدراڵی بڕیاریداوه‌ بۆ هه‌ر 100 هه‌زار كه‌سێكی پێكهاته‌كه‌ كورسییه‌كی كۆتا هه‌بێت، به‌وپێشه‌ ده‌بوو ژماره‌ی كورسییه‌كانیان زیاتر بێت، به‌ڵام ئه‌و بڕیاره‌ له‌ په‌رله‌مان پشتیوانی به‌ده‌ستنه‌هێنا.

ژمارەی ئێزیدیەکان لە عیراق 550 هەزار كەس بووە، 360 هەزار هاوڵاتی ئەو پێكهاتەیە ئاوارە بوون ‌و زیاتر لە 100 هەزار كەسیش كۆچیانكردووە، بەپێی ئامارێكی بەرێوەبەرایەتی گشتی كاروباری ئێزیدی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان.

ئه‌لیاس خه‌یری، ئاواره‌ی ئێزیدی له‌ دهۆك، ده‌ڵێت ئاواره‌یی و نه‌بونی ئاوه‌دانی له‌ ناوچه‌كانیاندا وایكردووه‌ كه‌مترین ژمارەی خه‌ڵك بیری لای هه‌ڵبژاردن و چۆنیه‌تی ره‌وانه‌كردنی نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ی خۆیان بن بۆ په‌رله‌مان.

"هه‌ر كاندیدێك دەربچێت بۆ ئێمه‌ گرنگ نییه‌، خه‌ڵك توڕه‌ و بێزارن، چونكه‌ ده‌زانین ئه‌وه‌ی ده‌چێته‌ په‌رله‌مان هیچ بۆ ئێمه‌ ناكات" ئه‌لیاس وای وت.

ئێزیدییه‌كان له‌ هه‌ڵبژاردنی رابردودا، جگه‌ له‌ كورسی كۆتا، توانییان له‌ چوارچێوه‌ی لیستی لایه‌نه‌ كوردی و عه‌ره‌بییەکاندا له‌ پشكی نه‌ینه‌وا دوو كورسی تری په‌رله‌مان مسۆگه‌ر بكه‌ن.

ezedy1
لالش، كچێكی ئێزیدی له‌ مه‌راسیمه‌كانی جه‌ژنی سور له‌ په‌رستگای پیرۆزی ئاینه‌كه‌یاندا فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

جوندى ئيسماعيل، سكرتێرى بزوتنه‌وه‌ی ئێزیدی له‌ پێناو چاكسازی و دیموكراتی به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "حزبه‌ ئێزیدییەکان كێبڕكێ لەسه‌ر بردنه‌وه‌ی كورسی كۆتا ده‌كه‌ن، لایه‌نه‌كانی تریش وه‌ك شیعه‌ و سونه‌ و حزبه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌نگی ئێزدییه‌كان بۆ خۆیان ده‌به‌ن".

"پێویسته‌ ئێزدییه‌كان جگه‌ له‌ كورسی كۆتا، هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی چه‌ند كورسیه‌كی تر بده‌ن، به‌ رێككه‌وتن و یه‌كلیستی"، جوندی باسی له‌وه‌شكرد ساڵی رابردوو هاوپه‌یمانییه‌كی حزبه‌كانیان پێكهێناوه‌ به‌ڵام دواتر شكستیهێناوە و هه‌ڵوه‌شاوەتە‌وه‌.

ئه‌و پێشیوایه‌ "غه‌درێكی یه‌كجار زۆر له‌ ئێزدییه‌كان ده‌كرێت"، نمونه‌ی ئه‌وه‌ی هێنایه‌وه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی رابردوی په‌رله‌ماندا لە ٢٠١٨دا، ده‌نگی هه‌موو ئاواره‌كانی دهۆك كه‌ زۆرینه‌ ئێزیدی بون به‌ گومانی ساخته‌كاری هه‌ژمارنه‌كران.

ئێزیدییه‌كان، هه‌وڵی ئه‌وه‌شیاندا له‌ په‌رله‌مانی كوردستان كورسی كۆتایان بۆ ته‌رخانبكرێت، به‌ڵام گوێ له‌ داواكارییه‌كه‌یان نه‌گیرا.

 

سابئەى مەندائی؛ كێبڕكێی تاكه‌كه‌سی

سابئەى مەندائی، بەپێی سیستمى کۆتای یاساى هەڵبژاردنەکانى عیراق کورسییەکیان لە پارێزگاى بەغدا بۆ تەرخانکراوە، كه‌ له‌ دوایین هه‌ڵبژاردندا، شه‌ش كاندید، له‌ چوارچێوه‌ی قه‌واره‌ی تاكه‌كه‌سیدا، كێبڕكێی به‌ده‌ستهێنانیان كرد.

كورسی كۆتا له‌ په‌رله‌مانی عیراق ناگاته‌ سه‌دا 3

مەندائی بە کۆنترین ئاین دادەنرێت، کە لەسەر خاکى دۆڵى رافیدەین و بە دیاریکراوى لە شارى ئورى باشورى عیراق و ناوچەکانى دەوروبەرى هۆر و روبارەکان گەشەیکردوە، پەیڕەوکارانى خاوەنى چەندین رێوڕەسم و تایبەتمەندىی تایبەت بە خۆیانن.

ژماره‌یان له‌ عیراق به‌ نزیكه‌ی 200 هه‌زار كه‌س هه‌ژمارده‌كرێن، لە به‌غدای پایتەخت و شاره‌كانی تری وەک به‌سره‌، ناسریه‌، كوت، دیاله‌ و دیوانیه‌ ده‌ژین، به‌ تایبه‌ت له‌ كه‌ناری روباره‌كاندا.

سابئەى مەندائی، له‌ 2010دا بونه‌ خاوه‌نی كورسی كۆتای په‌رله‌مان، له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای به‌غداش یه‌ك كورسییان هه‌بوو، داوای كورسییه‌كیش له‌ ئه‌نجومه‌نی داهاتوی پارێزگای به‌سره‌ ده‌كه‌ن.

 

*محه‌مه‌د ئه‌ڵماس و ئه‌میر خانه‌قینی به‌شدارییان له‌ ئاماده‌كردنی به‌دواداچونه‌دا كردووه‌

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT