"من كێشەم لەگەڵ عەقڵیەتی پارێزگاردایە، نەك یەكێتی"، كامیل ساڵەیی، قایمقامی دورخراوەی كەركوك، دوای دانیشتنێكی دادگا لە كۆتایی 2014 بەمشێوەیە رەخنەی لە نەجمەدین كەریم، پارێزگاری ئەوكاتی كەركوك گرت و وتی "خۆی هەشت ئۆتۆمبێلی گولـلەنەبڕی هەیە، كەچی تاكە ئۆتۆمبێلێكی گولـلەنەبڕی قایمقامیەتی لێ وەرگرتینەوە".
ئەو دانیشتنەی دادگا لەسەر سكاڵای نەجمەدین كەریم، پارێزگاری كەركوك (2011 - 2017) بوو، دژی كامیل ساڵەیی، قایمقامی ئەوكاتی پارێزگاكە.
دوای شەش ساڵ تێپەڕبون بەسەر ئەو سكاڵایەدا، ساڵەیی جارێكی تر گیرۆدەی دەستی پارێزگارێكی تر بوو، كاتێك لە ناوەڕاستی ئەم مانگە، بە بڕیاری راكان سەعید، بە یەكجاری لە پۆستەكەی دورخرایەوە.
ئەو لێپرسراوەی كورد، لانیكەم لە 10 ساڵەی كاركردنیدا لە كەركوك، لەپاڵ گیرۆدەی دەستی دوو پارێزگار، هاوكات قوربانی نمرە یەكی حزبەكەی بووە (پارتی دیموكراتی كوردستان)، چونكە رێگەیان نەدا بۆ خزمەت بگەڕێتەوە كەركوك، لەڕێی گەڕانەوە و نەگەڕانەوەیدا پۆستەكەی لەدەستدا.
بێ دەسەڵاتی
لە سەردەمی نەجمەدین كەریم-دا
ساڵەیی، كە لەسەر پشكی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەو پۆستەی وەرگرتووە، یەكێكە لەو لێپرسراوانەی كە زۆرترین دژایەتی كراوە لەلایەن نەجمەدین كەریمەوە.
کامیل ساڵەیی، لە چاوپێكەوتنێكیدا لە یەكی تشرینی یەكەمی 2014، رووە و نەجمەدین كەریم وتی "لەهیچ کۆبونەوەیەکی ئیداریی و ئەمنی بەشداریمان پێناکات، بۆیە ئێمە گرفتی ئیداریمان لەگەڵ عەقڵی پارێزگاری کەرکوکدا هەیە، نەوەکو کێشەمان لەگەڵ یەکێتیدا هەبێت".
ئەو جەختیكردەوە لەوەی نەجمەدین كەریم دەسەڵاتە كارگێڕیی و ئیدارییەكانی كەمكردۆتەوە. بەتایبەت لەسەر پرسی ئاوارەكان، پێدانی كارتی زانیاریی و مۆڵەتی مانەوە، هەروەها هەندێك دەسەڵاتی ئیداریی لە بەدواداچون بۆ كاری فەرمانگەكان. تا وای لێهات كاری قایمقام تەنیا دیاریكردنی نرخی ئەمپێری مانگانەی مۆلیدە ئەهلییەكان و چاودێری نرخی بازاڕ بوو.
ئەو ناكۆكییانە پەرەیسەند، تا وای لێهات، ساڵەیی لەلایەن نەجمەدین كەریمەوە لەسەر چەند پرسێك روبەڕوی دادگا كرایەوە، لەنێویاندا پرسی ئۆتۆمبێلێكی گولـلەنەبڕ.
چەند رۆژێك دوای دانیشتنی دادگا، ساڵەیی وتی "دادوەرەکان نیگەران بون لەوەی ئێمەیان بۆ ئۆتۆمبێلێکی مۆدێل 2003 بانگهێشتی دادگا کردووە، لەکاتێکدا نەجمەدین کەریم پارێزگاری کەرکوک هەشت ئۆتۆمبێلی گوللەنەبڕی هەیە".
پارێزگار بەبێ گەڕانەوە بۆ قایمقامیەت مۆرێکی دروستکردوە بۆ بەشی کاروباری هاوڵاتیان، لەکاتێکدا ئەوە ئیشی ئەوان نییە
هەر ئەوكات رەخنەی زیاتری گرت و وتی "مۆری قایمقامیەت تەزویرکراوە و بۆ رێپێدان بەهاتنە ناوەوەی ئاوارە بەکارهێنراوە... پارێزگار بەبێ گەڕانەوە بۆ قایمقامیەت مۆرێکی دروستکردوە بۆ بەشی کاروباری هاوڵاتیان لەنێو بینای پارێزگا، لەکاتێکدا ئەوە ئیشی ئەوان نییە".
كێ ساڵەیی بە دەركردن-دا
راكان یان پارتی؟
بە گۆڕینی نەجمەدین كەریم لە (16ی ئۆكتۆبەری 2017) و دانانی راكان سەعید بەوەكالەت لە پۆستی پارێزگار، هیچ شتێك لە دەسەڵات و ژیانی ساڵەیی نەگۆڕا.
هەفتەی رابردوو، بەشێوەی یەكجاریی، ساڵەیی بە بڕیاری راكان سەعید، لە پۆستەكەی دورخرایەوە، ئەوەش دوای نزیكەی سێ ساڵ پابەندنەبون هات بە دەوام وەكو قایمقام.
كامیل ساڵەیی، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (كەركوك ناو)، وتی "راكان سەعید، لەڕێی راوێژكارێكییەوە، نوسراوێكی لەگەڵ هەندێك بنەما و بەڵگەی یاسایی بۆ ناردوین، تیایدا بە بیانوی ئەوەی دەوامناكەین، دوریخستوینەتەوە".جگە لە كامیل ساڵەیی، هەریەكە لە عەبدوڵا نوری، قایمقامی قەزای دوبز و لوقمان سەلیم، بەڕێوەبەری ناحیەی سەرگەڕان دورخراونەتەوە.
ئەو سێ لێپرسراوە لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە، كاتێك هێزە عیراقییەكان بۆ كەركوك و ناوچەكانی تری جێناكۆك گەڕانەوە لەگەڵ تەواوی لێپرسراوانی تری پارتی، كەركوكیان بۆ هەولێر جێهێشت، ئەوەش بە بڕیاڕێكی مەكتەبی سیاسی حزبەكەیی و بە پاساوی دروستبونی مەترسی لەسەر ژیانیان. بەڵام لەگەڵئەوەشدا ساڵانە یان چەند مانگ جارێك بە رەزامەندی راكان سەعید، مۆڵەتەكانیان درێژدەكرایەوە.
کامیل ساڵهیی، ساڵێك دوای 16ی ئۆكتۆبەر، بۆ یەكەمجار گەڕایەوە كەركوك و دوو رۆژ لەو شارە مایەوە، ئەوەش بۆ نوێكردنەوەی مۆڵەتەكەی. ئەوكات بە (كەركوك ناو)ی وت "بۆ نوێکردنهوهی مۆڵهتهکهم گهڕاومهتهوه کهرکوک، جا نازانم ئهمجاره مۆڵهتهکهم پێدهدهنهوه یان نا".
بەڵام ئەمساڵ بەرلەوەی مۆڵەتەكەی تەواو بێت – كۆتایی مانگی ئەیلول كۆتایی دێت-، راكان سەعید ناوبراوی دورخستەوە.
كامیل ساڵەیی، لە نوسینێكیدا لە ئەكاونتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك لە 29ی شوباتی ئەمساڵ، لەبارەی پرسی گەڕانەوەی بۆ كەركوك، دەنوسێت "بابەتەکە سیاسییە و ئێمەش چاوەڕوانی بڕیار و هەل و کەشێکی گونجاوین".
بابەتەکە سیاسییە و ئێمەش چاوەڕوانی بڕیار و هەل و کەشێکی گونجاوین
بەڵام كاوێز مەلا پەروێز، كە ساڵانێكی دور و درێژ لە راگەیاندنی پارتی دیموكرات لە كەركوك كاری كردووە، لەبارەی دورخستنەوەی ساڵەیی و لێپرسراوانی تری پارتی لە كەركوك، لە نوسینێكیدا لە ئەكاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك، پێیوایە هۆكاری ئەو بڕیارانەی راكان سەعیدە.
ئەو دەنوسێت "راکان زۆر خاتری گرتون، وا بۆ سێ ساڵە دەوامناکەن، ئەی بەتەمای چین، باشە گریمان بڕیارەکە چەوتە و هەڵدەوشێتەوە، ئایا دەچنەوە سەر کارەکانتان؟".
هەروەها زیاتر دەڵێت "گلەیی لە راکان نییە، گلەییەک بکرێت لە ئێوە دەکرێت، کە دەبوو لە کەرکوک بۆ ئەوە قایمقام و بەڕێوەبەربن بە گژ راکان-ەکاندا بچنەوە، ئاخر ناکرێت تۆ شارت بەجێهێشتبێت و پۆستێکت بە بەتاڵی هێشتبێتەوە و ئامادە نەبیت بچیتەوە و گلەییش بکەی کە چۆن دەبێت شوێنەکەم پڕبکرێتەوە!".
لە كۆتاییدا دەنوسێت "ئەگەرچی دەزانم هەڵەکە لە تێگەیشتنی حزبیدایە، وەلێ کەسەکانیش دەتوانن بۆ خزمەتی گشتی ئەو رۆڵە بگێڕن کە پێویستە".
ئەگەرچی دەزانم هەڵەکە لە تێگەیشتنی حزبیدایە، وەلێ کەسەکانیش دەتوانن بۆ خزمەتی گشتی ئەو رۆڵە بگێڕن کە پێویستە
بهپێی ئامارێکی ئهنجومهنی سهرکردایهتی کهرکوک – گهرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان که دراوه به (کهرکوک ناو)، 30 لێپرسراوی حکومی ئهو حزبه که پۆستی بهڕێوهبهری گشتی، قایمقام، بهڕێوهبهری ناحیه و پۆستی ئهمنی باڵایان ههیه، له دوای روداوهکانی 16ی ئۆکتۆبهرهوه نهگهڕاونهتهوه سهر کارهکانیان و مانگانه مۆڵهتهکانیان نوێدهکهنهوه. هەر بەهۆی پابەندنەبونیان بە دەوام، مەهدی كاكەیی، بەڕێوەبەری پێشوی كشتوكاڵی كەركوك لە پشكی ئەو حزبە فەسڵكراوە.
ساڵەیی، لە دواین لێدوانیدا بۆ (كەركوك ناو)، لەبارەی دروخستنەوەی، دەڵێت "قبوڵی ناكەین و لە دادگا تانە لە بڕیارەكە دەدەین، چونكە كە دەستمان بە دەوام نەكردۆتەوە لەبەر ئەوە بووە كە كەركوك دۆخێكی تایبەتی هەیە و ناتوانین بگەڕێینەوە".
بەڵام بڕیارەكان هەرچۆنێك و لە هەر زەمەنێكدا بن، ساڵەیی قوربانی سەرەكییە تیایدا، ئەو لەهەموو سەردەمێكی لێپرسراوێتییەكەیدا گیرۆدەی دەستی ململانێ بووە، لەژێر دەستی دوو پارێزگار و حزبەكەیدا نەك هەر سەری سوڕما، بەڵكو پۆستەكەشی لەدەستدا و زێدی خۆیشی بۆ هەولێر بەجێهێشت.