سێ لیوای نوێی حەشدی شەعبی لە قەزای شنگال جێگیركران، ئەوەش بەوتەی خۆیان لەسەر داوای فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق بووە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێكی لەناكاوی توركیا بۆ ناوچەكە.
ئەو سێ لیوایە كە لە نێوان نۆ بۆ 10 هەزار چەكدار دەبن، پێنجشەممە 11ی شوبات گەیشتنە سنوری قەزای شنگال و بڵاویانپێكرا.
خال عه‌لی، فه‌رمانده‌ی حه‌شدی شه‌عبی له شنگال به (که‌رکوک ناو)ی وت "چە‌ند رۆژێک لەمەوبەر لە بەغداوە ئاگاداركراینەوە لەوەی ئامادەبین بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێكی توركیا بۆ سەر شنگال، لەو چوارچێوەیەشدا هێزی زیاتری حەشدی شەعبی رەوانەی شنگال كرا كە نزیكەی 10 هەزار چەكدار دەبێت".
"بەپێی زانیارییەكانی ئێمە توركیا دەیەوێت هێرشبكاتە سەر شنگال و لەگەڵ خۆیدا هێزەكانی پێشمەرگە جێگیربكات، ئەمە بۆ ئێمە جێی قبوڵ نییە و ئامادەین بۆ شەڕی توركیا"، خال عەلی وایوت.
بەپێی زانیارییەكانی ئێمە توركیا دەیەوێت هێرشبكاتە سەر شنگال و لەگەڵ خۆیدا هێزەكانی پێشمەرگە جێگیربكات
لەگەڵ گەیشتنیان بۆ شنگال، بەشێك لە هێزەكانی حەشدی شەعبی، جۆرێك لە نمایشی سەربازییان لە ناوچەكە ئەنجامدا.
بەر لە گەیشتنی ئەو ژمارە چەكدارەی حەشد، بەپێی وتەی خال عەلی، 12 هەزار چەكداری تری حەشدی شەعبی لە سنوری شنگال هەبون.
هاتنی ئەو هێزە بۆ شنگال، هاوكاتە لەگەڵ هێرشی توركیا بۆ سەر چیای گارە لە باكوری عیراق، كە هێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) چەندین ساڵە لێی جێگیرن، لەو هێرشەدا كە بەرەبەیانی چوارشەممە 10ی شوبات ئەنجامدرا، لە هەردولا كوژراو هەیە.
هەروەها هاوكاتە لەگەڵ هەڕەشەكانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا كە لە 22ی كانونی دووەم لەبارەی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لە عیراق، وتی "من هەمیشە وتەیەکم هەیە کە دەڵێم 'شەوێک لەناکاو دێین' هەموو بابەتەکەش هەر ئەمەیە"، ئەمەش بەپێی ئاژانسی ئەنادۆڵی توركی كە لە مانشێتی هەواڵەكەیدا نوسیویەتی "ئەردۆغان لەبارەی شنگال: رەنگە لە شەوێكدا بێین".
خال عه‌لی، فه‌رمانده‌ی هێزەكانی حه‌شدی شه‌عبی له شنگال وتی "لە سەروی خۆمانەوە ئاگاداركراوینەتەوە كە بەهیچ شێوەیەك شنگال بۆ توركیا و پێشمەرگە چۆڵناكەین... هێزه‌کانمان له ناوچه‌کانی ره‌بیعه و سه‌ر سنوری نێوان عیراق و سوریا بڵاوه‌یان پێکراوه، رێگاناده‌ین خه‌ونی ئه‌ردۆغان بێتەدی".
ده‌خیل موراد، به‌ڕێوە‌به‌ری ئه‌نجومه‌نی خۆسه‌ری دیموکرات له ناوچه‌ی خانه‌سور لە شنگال به (که‌رکوک ناو)ی وت "هەفتەیەكە زانیاریمان پێگه‌یشتووه که تورکیا به‌نیازه هێرشبکاته سه‌ر شنگال، هێزه‌کانمان له‌گەڵ حه‌شدی شه‌عبیی و سوپای عیراق له هه‌موو شار و گوند و کۆمه‌ڵگایه‌کی سه‌ر به قه‌زای شنگال بڵاوه‌یانپێکراوه و جێگیربون، هەموو ئاماده‌کارییەكمان كردووە بۆ هەر هێرشێك".
هەموو ئاماده‌کارییەكمان كردووە بۆ هەر هێرشێك
ئەنجومەنی خۆسەری دیموكرات، لەلایەن هێزەكانی نزیك لە پەكەكە و بەشێك لە خەڵكی شنگال دروستكراوە بۆ ئیدارەدانی قەزاكە و ناحییەكانی دەوروبەری. ئەو ئەنجومەنە هەرچەندە ئێستا ئیدارەی شنگال دەكات، بەڵام لەلایەن هەردوو حكومەتی فیدراڵ و هەرێمەوە دانیپێدانراو نییە.
دەخیل موراد وتی "بیستومانه پێشمه‌رگه به نیازه بگه‌ڕێته‌وه شنگال، به‌ڵام تائێستا هیچ شتێکی فه‌رمی بڵاونه‌کراوه‌ته‌وه و ته‌نیا ده‌نگۆیه... پێده‌چێت ئەوە تەنیا شه‌ڕێکی ده‌رونی بێت".
قاسم دربۆ، فه‌رمانده لە فەرماندەیی شنگالی هێزەكانی پێشمەرگە، بە (که‌رکوک ناو)ی وت "راسته له‌م چه‌ند رۆژه‌ی دواییدا سوپای تورکیا لە هەندێك ناوچەی سنوری پارێزگای دهۆك دەستی بە جموجۆڵ كردووە، به‌ڵام ئه‌وه مانای ئه‌وه ناده‌ت که هێرش ده‌کاته سه‌ر شنگال".
وتیشی "ده‌نگۆی گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه له‌مکاته‌دا بۆ شنگال راست نییه، هیچ فه‌رمان و بڕیارێكمان لەوبارەیەوە بۆ نەهاتووە".
خودێدا چۆکی، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی سنونێ – سەر بە ئەنجومەنی خۆسەری دیموكرات لە شنگال- به (که‌رکوک ناو)ی وت "ئێستا دۆخی شنگال لە روی ئه‌منییه‌وه جێگیرە، له هه‌ڕه‌شه‌کانی تورکیا ناترسین، باوەڕمان بە هێزەكانی خۆمان هەیە و جوڵەپێكردنی هێزەكانی حەشدی شەعبیش شتێكی ئاساییە".
ئەو ململانێیانە دوای ئەوە دێت كە رێككەوتنی حكومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال لە تشرینی یەكەمی 2020دا، نەچووە بواری جێبەجێكردنەوە.
به‌پێی ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنه‌كه‌ی به‌غدا و هه‌ولێر؛ قایمقامێكی نوێ بۆ شنگال دادەنێن و دۆسیه‌ی ئه‌منی قەزاكە بە هه‌ماهه‌نگی لە نێوان هێزەكانی سەر بە حكومەتی فیدراڵ و هێزه ئه‌منییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بەڕێوەدەبرێت.
هه‌روه‌ها لە رێككەوتنەكەدا جه‌ختیكراوه‌ته‌وه له دورخستنه‌وه‌ی هێزه‌كانی دیكه و پێنه‌دانی هیچ رۆڵێك به پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه)و ئه‌و هێزانه‌ی له په‌كه‌كه نزیكن.