پشكی عەرەبی كەركوك لە حكومەتی داهاتوی عیراقدا؛ جێگری سەرۆك وەزیرانە و كاندیدی بەهێزیش بۆ ئەو پۆستە محەمەد تەمیم، پەرلەمانتار و كەسایەتی حەویجەیە، جگە لە پۆستێكی دیكەی وزاری بۆ كاندیدێكی دەرنەچووی عەرەب لە دوایین هەڵبژارندا.
(كەركوك ناو)، ئەو زانیارییانە و وردەكاری دیكەی "دزەپێكراو"ـی لەنێو دانوستانەكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق دەستكەوتووە، ئەوەش لەڕێی سەرچاوەیەكی باڵای دانوستانكار كە ئێستا خۆی لە بەغدایە.
ئەو سەرچاوە نزیكە لە سەركردایەتی هاوپەیمانی "سیادە" بە (كەركوك ناو)ـی وت "پەرلەمانتارانی پارێزگای كەركوك هەوڵدەدەن پۆستی سیادی بەدەستبهێنن تا لە حكومەتی داهاتودا نوێنەرایەتییان هەبێت، محەمەد تەمیم پەرلەمانتاری سنوری قەزای حەویجەش كاندیدی بەهێز و چانسی هەیە ئەو پۆستە وەربگرێت كە جێگری سەرۆك وەزیرانە".
"لەنێو ئەو چارەسەرانەی وەك جێگرەوە پێشكەشكراون، وەزارەتی پەروەردە دانراوە تا محەمەد تەمیم وەریبگرێت، ئەگەر لەسەر پێدانی پۆستی یەكەم (جێگری سەرۆك وەزیران) رێكككەوتن نەكرا"، سەرچاوەكە كە داوایكرد ناوی بڵاونەكرێتەوە جەختیشیكردەوە "كەسایەتییەكی دیكەی عەرەبی كەركوك كە كاندیدێكی دەرنەچووی بازنەی دوی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراقە پۆستی وزاری لە كابینەی داهاتوی حكومەتدا وەردەگرێت".
محەمەد تەمیم (48 ساڵ)، لە ساڵی 2010ـدا وەزیری پەروەردە بووە، لە یەكەم خولی پەرلەمانی عیراق، سێیەم و چوارەم و ئێستاش كە خولی پێنجەمە پەرلەمانتارە و زۆرترین دەنگ (24391 دەنگ)ی بازنەی سێیەمی كەركوكی بەدەستهێناوە لەسەر لیستی هاوپەیمانی تەقەدوم.
كەركوك لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی ساڵی 2021ـی عیراق كرا بە سێ بازنە و بازنەی سێیەم ناوچەكانی قەزای حەویجەی گرتەوە؛ كە هەر سێ كورسییەكە بۆ عەرەب بوو، ئەوانیش محەمەد تەمیم، كەسایەتی هۆزی جبور و راكان جبوری، پارێزگاری ئێستای كەركوك بەوەكالەت و مونا سەبیل جبوری، كورسی كۆتای ژنانی وەرگرت، لە بازنەی یەكیش موهەیمەن حەمدانی وەك كاندیدی سەربەخۆی عەرەب كورسییەكی بەدەستهێنا.
بەڵام راكان سەعید جبوری لەچوارچێوەی دانوستان و رێككەوتنەكانی ناو هاوپەیمانی "سیادە" لە پۆستی پارێزگاردا دەمێنێتەوە و لەجێی ئەو وەسفی عاسی، كەسایەتی هۆزی عوبێد و كاندیدی دەرنەچوی خاوەن زۆرترین دەنگی بازنەی سێ دەبێتە پەرلەمانتار.
حاتەم تائی، وتەبێژی هاوپەیمانی عەرەبی لە كەركوك –لە ژمارەیەك لایەنی عەرەبی و كەسایەتی پێكهاتون لەنێویاندا راكان جبوری- بە (كەركوك ناو)ـی وت "پەرلەمانتارانی كەركوك لە پێكهاتەی عەرەب هەر پۆستێك وەربگرن دەبێتە هۆی بەهێزكردنی پێگەی نیشتمانی پارێزگاكە بۆ پاڵپشتی دۆسیەی پرۆژەكان و تەرخانكردنی بودجە، ئێمە پاڵپشتێكی بەهێز دەبین تا كەسایەتی لە هەموو پێكهاتەكان پۆستی سیادی لە حكومەتی نوێدا وەربگرن، كە ئەوەش دواتر لە پاڵپشتیكردنی كەركوكدا رەنگدەداتەوە".
هاوپەیمانی "سیادە" كە لە هەردوو هاوپەیمانی تەقەدوم، بە سەرۆكایەتی محەمەد حەلبوسی (سەرۆكی پەرلەمان) و هاوپەیمانی عەزم، بە سەرۆكایەتی خەمیس خەنجەر و ژمارەیەك لایەن و پەرلەمانتاری سەربەخۆ پێكهاتون و خاوەنی 67 كورسین لە پەرلەمانی عیراق، لە سەرەتای شوباتی ئەمساڵ بڕیاریاندا بە مانەوەی راكان سەعید جبوری، وەك پارێزگاری كەركوك لە بری پەرلەمانتاری.
بەپێی زیاد لە سەرچاوەیەك ئەو رێككەوتنە لەسەر پۆستی پارێزگاری كەركوك "بەشێكە لە رێككەوتنی سێقۆڵی نێوان سەدر، حەلبوسی و بارزانی" كە پێكەوە زیاتر لە 171 پەرلەمانتاریان هەیە.
ئەو سێ لایەنە دوای پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە، هاوپەیمانییان راگەیاند بۆ پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی و لە 9ـی كانونی دوەمی 2022ـدا توانیان پۆستەكانی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عیراق لەنێوان خۆیاندا یەكلاییبكەنەوە.
ئەرشەد ساڵحی، پەرلەمانتاری عیراق و سەرۆكی پێشوی بەرەی توركمانی بە (كەركوك ناو)ـی وت "توركمان مافی وەرگرتنی پۆستی سیادی و وەزارەتیان هەیە چونكە نوێنەرایەتی سێیەم پێكهاتە دەكەن، یەكێك لە پۆستەكانی جێگری سەرۆك كۆمار یان جێگری سەرۆك وەزیران یاخود وەزارەتی گرنگ مافی نیشتمانی و شایستەی هەڵبژاردنی توركمان لە حكومەتی نوێدا".
ئەوەش لە كاتێكدایە هێشتا لایەنە سەرەكییەكانی شیعە؛ كە وەك پێكهاتەی زۆرینە لە هەموو خولێكدا پۆستی سەرۆك وەزیران پڕدەكەنەوە، لەناوخۆیاندا دەربارەی پێكهێنانی حكومەتی نوێ ناكۆكن.
سیستمی سیاسی و ئیداری لە ساڵی 2003ـەوە شكستیهێناوە
"پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی و هەبونی ئۆپۆزسیۆنیش بۆ هەڵسەنگاندنی ئەدای كاركردنی وەزیرەكان هەنگاونانن بە ئاڕاستەیەكی دروست، ئەگەر لەسەر سیستمی پشكپشكێنە بمێنینەوە ئەوا حزبەكان پشتگیری ئەو وەزیر و لێپرسراوانە دەكەن كە سەر بە خۆیانن، بەڵام ئێستا لە قۆناغێكی گرنگی كاری سیاسیدان كە ئەولەویەت بۆ خەم و نیگەرانی هاوڵاتیان و خزمەتگوزارییەكانە".
توركمانی كەركوك تەنیا دوو كورسییان بەدەستهێنا لە كۆی 12 كورسی پارێزگای كەركوك، ئەوانیش لە بازنەی دوو بون كە ناوەندی شارەكە و قەزای داقوقی گرتەوە، هەریەك لە ئەرشەد ساڵحی، كاندیدی هاوپەیمانی بەرەی توركمانی عیراقی یەكگرتوو و غەریب عەسكەر، كاندیدی هاوپەیمانی فەتح و سەركردەی حەشدی شەعبی براوە بوون.
ساڵحی داوا لە هەموو كوتلە سیاسییەكان دەكات رێككەوتنێكی نوێ بكەن، "سیستمی سیاسی و ئیداری لە ساڵی 2003ـەوە شكستیهێناوە، چونكە نەیتوانیووە گۆڕانكاریی نەوعی و سەقامگیری كۆمەڵایەتی دروستبكات بۆ خزمەتكردنی هاوڵاتیان، كارەبا وێرانە و دۆسیەی وەبەرهێنانیش لە بەدیهێنانی پرۆژەی پیشەسازی و گەشەپێدان و كەرتەكانی دیكەدا شكستیهێناوە".
توركمان لە كانونی دوەمی ساڵی 2020ـدا توانييان پۆستێكی وزاری بەدەستبهێنن؛ دوای ئەوەی پەرلەمانی عیراق متمانەی دا بە هەیام نیعمەت حەیدەری، ژنە كاندیدی ئەو پێكهاتەیە وەك وەزیری دەوڵەت لە كابینەكەی مستەفا كازمی، ئەو ژنە پێشتریش چەندین پۆستی باڵای بەڕێوەبردووە لە نێویاندا بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی پلاندانان و بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی دارایی ئەنجومەنی وەزیران.
لە كابینەكانی حكومەت بە سەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی (2014 - 2018) و عادل عەبدولمەهدی (2018 - 2019) توركمان بە گشتی و عەرەبی كەركوك هیچ پۆستێكی وزارییان لانەبوو.
سەرچاوەكەی (كەركوك ناو) لە دانوستانەكانی پێكهێنانی حكومەت وتی "ئەگەر رێككەوتنی تەواو بكرێت (لەسەر پۆستەكەی تەمیم)، ئەوا خاوەنی زۆرترین دەنگ دوای وەسفی عاسی لە بازنەی سێیی كەركوك، ساهيرە عەبدوڵا جبوری (هاوپەیمانی تەقەدوم) وەك كاندیدی عەرەب دەبێت بە پەرلەمانتار (لەجێی محەمەد تەمیم)"، بەوەش ژمارەی ژنانی پەرلەمانتاری پشكی كەركوك بۆ چوار كەس زیاددەكات.
لایەنی كوردیش كە شەش كورسییان لە كەركوك هەیە، هێشتا دیارنییە هیچ كاندیدێكیان لەو پارێزگایە پۆست لە حكومەتی داهاتوودا وەردەگرێت یان نا؛ بەوپێیەی هەریەك لە پارتی و یەكێتی بەسەر دوو بەرەی ناكۆكی شیعەكاندا دابەشبون و لەسەر پڕكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆماریش رێكنەكەوتون.