جوتیارانی تەلەعفەر كۆڵ دەدەن

نەینەوا/ حوزەیرانی 2022/ وەرگرتنی بەرهەمی گەنمیی جوتیاران لە سایلۆی تەلەعفەر فۆتۆ: راگەیاندنی سایلۆ

كەركوك ناو - نەینەوا

"بیر لەوەدەكەمەوە بەرەو شار كۆچ بكەم و واز لە كشتوكاڵ بهێنم، چونكە چیتر ناتوانین وەك سەرچاوەیەكی داهات بۆ دابینكردنی بژێوی خێزانەكانمان پشتی پێببەستین" سالم قاسم بە دڵتەنگیی و حەسرەتەوە وادەڵێت، لەكاتێكدا بەهۆی نەبونی پاڵپشتیی حكومییەوە خەریكە پشت لە خاكی بەپیتی ناوچەكەیان دەكەن.

ناڕەزایی و نیگەرانییەكانی ئەو جوتیارەی قەزای تەلەعفەر هاوكاتە لەگەڵ مەترسییەكانی كەمبونەوەی بەرهەمی كشتوكاڵی بە تایبەت گەنم و جۆ بەهۆی كەمبارانیی و وشكەساڵییەوە.

قاسم بە (كەركوك ناو)ـی وت "زۆرێك لە جوتیاران و دانیشتوانی گوندەكانی دەوروبەری تەلەعفەر بەرەو شارەكان كۆچیان كردووە، ئەگەر حكومەت لە پاڵپشتیی جوتیاراندا پەلە نەكات و پێداویستییەكانی بەرەنگاربونەوەی وشكەساڵیی دبیننەكات، ئەوا گوندەكان دەبنە بیابان و ژیانیان تێدا نامێنێت".

تەلەعفەر (69كم دەكەوێتە باكوری خۆرئاوای موسڵ) لە حوزەیرانی 2014ـدا کەوتە دەستی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام – داعش" و بەهۆیەوە دەوروبەری 225 هەزار کەس ئاوارەبون، لە دوای كۆنترۆڵكردنەوەی قەزاكە لە ئابی 2017ەوە تا ئێستادا نزیکەی سەدا 60ـی ئاوارەكان گەڕاونەتەوە.

جوتیاران روودەكەنە كاری دیكە بەهۆی زیانەكانی شەڕی داعش و خۆڵبارین و ئاگركەوتنەوە و بێ پلانی حكومەتەوە

وەعد عابد، جوتیارێكیی دیكەی قەزاكەیە و دەڵێت ئەوان پێویستیان بە پەیین و بنیاتنانی بەنداو و پاڵپشتیی بەردەوام هەیە، كە بەبڕوای ئەو ئەو پاڵپشتییە نەكراوە و سەرباری ئەوەش جوتیاران پارەی گەنمە بەرهەمهێنراوەكان كە بە حكومەت دەفرۆشرێت لەكاتی خۆیدا پێیاننادرێت، "بۆیە زۆرێك لە جوتیاران واز لە زەویی و كێڵگە كشتوكاڵییەكانیان دەهێنن".

هەروەها بۆ (كەركوك ناو) رونیكردەوە جوتیاران روو لە كاری دیكە دەكەن، بەهۆی ئەو زیانانەی بەهۆی شەڕی داعش و پاشماوەی جەنگیی لە كێڵگە كشتوكاڵییەكان و خۆڵبارین و ئاگركەوتنەوە و وشكەساڵییەوە روبەڕیان بۆتەوە، بێ ئەوەی حكومەت پلانیی بۆ چارەسەری ئەو كێشانە و بوژاندنەوەی كەرتی كشتوكاڵیی هەبێت، "ئەوەش كاریگەری نەرێنیی لەسەر كشتوكاڵ و سامانی ئاژەڵ و ئابوریی وڵات بە گشتی دادەنێت" عابد وای وت.

لە مانگەكانی رابردووەوە تائێستا چەندین شەپۆلیی خۆڵبارین پارێزگاكانی عیراقیی گرتۆتەوە و بەهۆیەوە جوتیاران ترسیان هەیە تەواو یان بەشێكی زۆری بەروبومە كشتوكاڵییەكانیان لەناوببات.

عەلی محەمەد ساڵح، ئەندازیاریی كشتوكاڵی بە (كەركوك ناو)ـی وت "وشكەساڵیی و كەمیی باران و نەبونی سستەمی پێشكەوتوی ئاودێری بەرهەمە كشتوكاڵییەكان بە تایبەت گەنم و جۆ، كاریگەری گەورەی لەسەر دابەزینی بەرهەمی كشتوكاڵیی لە ناوچەكانی تەلەعفەر هەبووە، پێویستە كار بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بكرێت تا پارێزگاری لەو سامانە ئابورییە گەورەیە بكرێت كە گرنگییەكەی لە نەوت كەمتر نییە".

 (1)-7
نەینەوا/ حوزەیرانی 2022/ بەرهەمی گەنمی ئاودێری لە قەزای تەلەعفەر فۆتۆ: راگەیاندنی سایلۆی تەلەعفەر

لە نەینەوا كە گەورەترین پارێزگای عیراقە لە بەرهەمهێنانی گەنم، حەوت سایلۆی تایبەت بە وەرگرتنی دانەوێڵە كراوەتەوە و لە كۆتایی ئایاری ئەمساڵەوە پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانیان دەستپێكرد كە هەر تەنێك بە 850 هەزار دینار وەردەگرن، ئەوەش لەسەر بڕیاری وەزارەتی بارزگانی عیراق.

سەرچاوەیەك بەرپرس لە سایلۆی تەلەعفەر كە داوایكرد ناوی بڵاونەكرێتەوە بە (كەركوك ناو)ـی وت "بێگومان ئاستیی بەرهەمهێنانی كشتوكاڵیی لە تەلەعفەر و گوندەكانیی بە شێوەیەكی زۆر دابەزیووە"، ئەوەش بە تایبەت لە بەرهەمیی گەنم و جۆدا لە دوو وەرزی كۆتایی بەرهەمهێناندا دەركەوتوون.

بەوتەی ئەو سەرچاوەیە ئەو زەوییانەی پشت بە ئاوی باران دەبەستن هیچ دروێنەیەكی تێدا نەكراوە و تەنیا دروێنە لەو زەوییانەدایە كە پشت بە ئاودێریی دەبەستن، "كەمیی باران و كەمتەرخەمی لە دابینكردنیی سیستەمی پێشكەوتوی ئاودێری دوو هۆكاری سەرەكی پاشەكشێی بەرهەمهێنانن".

سەرچاوەكە دەڵێت رێژەی بەرهەمهێنانی ئەمساڵ بەراورد ناكرێت بە ساڵانی رابردوو، هۆشداریشیدا لە درەنگكەوتنی تەواوكردنی پرۆژەی ئاودێری جەزیرە، كە ئاو بۆ پرۆژە گەورەكانی كشتوكاڵیی دابیندەكات.

بەجێهێشتنیی كێڵگەیەك كە شەش دەیە لە ژیانت تیایدا بەڕێكردووە، كارێكی ئاسان نییە

لە چەندین ناوچەی دیكەی عیراق بەرهەمهێنانی گەنم و جۆ بەراورد بە ساڵانی رابردوو كەمیكردووە.

پێشتر رەبیع یوسف ئەلیاس، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی نەینەوا، لە مانگی شوباتی ئەمساڵ، بە (كەركوك ناو)ی وت كە وەزارەتی كشتوكاڵ گرنگی تایبەت بە نەینەوا دەدات، بەوپێیەی سەدا 60ـی بەرهەمی گەنم و جۆی عیراق لە پارێزگاكە بەرهەمدەهێنرێت.

بەرهەمهێنانی گەنم لە وەرزی كشتوكاڵی 2021ـدا چوار ملیۆن و 234 تۆن بووە، ئەوەش بەرێژەی سەدا 32 دابەزیووە بەراورد بە بەرهەمهێنانی ساڵی 2020 كە شەش ملیۆن و 238 تۆن بووە، بەپێی ئامارەكانی دەزگای ئامار سەر بە وەزارەتی پلاندانانی عیراق.

"بەجێهێشتنیی كێڵگەیەك كە شەش دەیە لە ژیانت تیایدا بەڕێكردووە، كارێكی ئاسان نییە، خاك و زەویی هاوشێوەی دایكە و جیابونەوە لێی وەك مردن وایە، بەڵام لە هەمانكاتدا مانەوەش لە باوەشیدا و لەژێر باری ئەو نەهامەتییانەدا، هاوشێوەی زۆرانبازییە لەگەڵ مەرگدا" سالم قاسم، جوتیارەكەی تەلەعفەر وای وت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT